کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی نۆروێژ، لە ڕێورەسمێکی بەشکۆدا بە ئامادەبوونی بەشێکی بەرچاو لە ئەندام، لایەنگر، دۆستانی حیزب و ڕەوەندی کوردی لەو وڵاتە، هەروەها بە بەشداریی هونەرمەندان “نەجمەدین غوڵامی”، “شێرکۆ مەریوانی”، “دڵبەر جزیری”، “دارڤان بەرزنجی” و “دیار کەریم” ،یادی کۆماری کوردستانی بەرز نرخاند.
لەم ڕێوڕەسمەدا کە ڕۆژی شەممە، ٥ی ڕێبەندان، لە شاری ئۆسڵۆی پێتەختی نۆروێژ بەڕێوە چوو، نوێنەری زۆربەی حیزب و لایەنە کوردییەکان و بەشێک لە پارتە نۆروێژییەکان بەشدارییان کرد و بە پەیام، برووسکە و چەپکە گوڵی پیرۆزبایی هاودەنگی و هاوپێوەندیی خۆیان بۆ پەیامەکانی کۆمار و ڕەوایی مافویستیی گەلەکەمان دووپات کردەوە.
بەرنامەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب لەلایەن “شێرکۆ مەریوانی” بە هاوکاریی کۆڕی سروودی یەکیەتیی لاوان و ڕاگرتنی بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد.
لە بڕگەی دواتردا، پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەلایەن بەرپرسی کۆمیتە، “عەبباس نامیـ”ـیەوە پێشکەش کرا. ناوبراو لە پەیامەکەیدا وێڕای پێرۆزبایی و بەخێرهاتنی ئامادەبووان، تیشکی خستە سەر هەلومەرجی ناوچەیی و هەرێمیی سەردەمی دامەزرانی کۆماری کوردستان و هاوکات کاریگەرییەکانی کۆماری کوردستان لەسەر خەباتی گەلی کورد و هەروەها قۆناغی ئێستای خەباتی شی کردەوە.
دواتر پەیامی کۆمیتەی هاوکاریی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان لە وڵاتی نۆروێژ، لەلایەن بەرپرسی دەورەیی کۆمیتەی هاوکاری، “ئیسماعیل عەلیپوور”ەوە خوێندرایەوە، لەو پەیامەدا لەسەر کاریگەریی کۆمار و گرینگیی هاوپێوەندیی هێزە کوردستانییەکان جەخت کرایەوە.
پەیامی یەکیەتیی لاوان، یەکیەتیی ژنان و کۆمەڵە کولتوورییەکان، لەلایەن “موژدە چاوشینیـ”ـیەوە پێشکەشی ئامادەبووان کرا کە هەڵگری کۆمەڵێک چەمکی نیشتمانی و نەتەوەیی بوو؛ هاوکات ئاماژە بە ڕۆڵی کۆمار لە گرینگیدان بە کاریگەریی لاوان و ژنان لە بوارە جۆراوجۆرەکانی ژیان و خەباتدا کرا.
” هەڤال شوان” پەیامی یەکیەتیی نیشتیمانیی کوردستانی خوێندەوە، لەو پەیامەشدا یەکیەتیی نەتەوەیی و پەیامەکانی کۆمار بەرز نرخێندران.
پەیامی پارتی “ئێس ڤێـ”ـی نۆروێژ لەلایەن “لێنا هانسهوسـ”ـەوە پێشکەش کرا کە لە پەیامەکەدا وێڕای پیرۆزبایی ئەو یادە، ڕۆڵی کورد بەگشتی بە گرینگ و کاریگەر دانرا.
پەیامی پارتی “دی کریستینە” و ناوەندی هاوڕێیەتیی جیهانی لەگەڵ کورد، لەلایەن “تورە ویلهێلمسێن” پێشکەش کرا، لەو پەیامەشدا وێڕای پێرۆزبایی، لەسەر پێویستیی هاوکاریی کورد و جیهانی دەرەوە جەخت کرایەوە.
کۆمەڵێک برووسکە و چەپکە گوڵی پیرۆزبایی لەلایەن ئەو حیزب و ڕێکخراوانەوە پێشکەش کران کە بریتی بوون لە:
ــ پارتی دێموکراتی کوردستان
ــ یەکیەتیی نیشتیمانیی کوردستان
ــ پارتی ئازادی کوردستان، ڕۆژهەڵات
ــ ڕێکخراوی خەباتی شۆڕشگێڕانی کوردستان
ــ پارتی دێموکراتی کوردستان، باکوور
ــ پارتی ئازادی کوردستان، باکوور
ــ یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان
ــ سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
ــ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
ــ نوێنەرایەتیی کۆمەڵە لە دەرەوەی وڵات
ــ پارتی سەربەستیی کوردستان
ــ فێدراسیۆنی کۆمەڵە کولتوورییەکان لە وڵاتی نۆروێژ
ــ نوێنەرایەتیی ئورووپایی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی ئیسرائیل
بەشی کۆتایی ڕێوڕەسمەکە تایبەت کرابوو بە بەشی هونەری. لەو بەشەدا هەر کام لە هونەرمەندان بە سروودی شۆڕشگێڕی و گۆرانیی شاد ڕێوڕەسمەکەیان ڕازاندەوە.