(ئەیوب پاکنەهاد) خەڵکی شاری پیرانشار لە رۆژهەڵاتی کوردستان، نێزیک بە ٣ ساڵ دەبێ لە وڵاتی سوید داوای مافی پەنابەری کردووە و دوای تێپەراندی هەموو قۆناغەکانی لێپرسینەوە، بەداخەوە داواکاری پێدانی مافی مانەوەیان لە لایەن ئیدارەی پەنابەرانی سویدەوە رەتکراوەتەوە و ئێستا پۆلیسی سوید و ئیدارەی پەنابەرانی ئەو وڵاتە زۆر بەجددی کار دەکەن بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ ئێران، کە گەڕاندنەوەیان بۆ ئێران وەک کەمترین سزا لە سێدارەدانی ناوبراو یان زیندانی هەتاهەتایی دەبێ کە ئەمەش وێڕای ژیانلێستاندنی مرۆڤێک دەبێتە هۆی بێسەرپەرست مانەوەی بنەماڵەکەشی کە بریتین لە ژنەکەی و دوو منداڵەکەی.
ئەیوب پاکنەهاد نزیک بە ١٠ ساڵ وەک ڕێکخستنی نهێنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران لە شاری پیرانشار کاری کردووە و بنەماڵەیەکی نیشمانپەروەرن. ناوبراو بە هۆی پێوەندی تەشکیلاتی لەگەڵ رێکخستنەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، دەکەوێتە ژێر چاوەدێری تووندی دەزگا ئەمنی و سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و مەترسی گیران لە لایەن ئیتلاعاتی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران هەست پێدەکات و بە ناچار ٣ ساڵ لەمەوبەر خاکی نیشتمان بەجێ دێلێ و ڕوو دەکاتە وڵاتی سوید و داوا دەکات مافی پەنابەرێتی لەو وڵاتە پێبدرێت.
ئەیوب پاکنەهاد خێزاندارە و دوو منداڵی (پێشەوا -تەمەن ١٤ ساڵ و – دالیا تەمەن ٥ ساڵ) هەیە. لە ماوەی ئەو ٣ ساڵەشدا کە لە وڵاتی سویدە، بەردەوام لە کار و چالاکییە حیزبییەکاندا بەشداری کردووە و بە بەشداری چالاکانەی لە ڕێپێوان و خۆپیشاندانەکاندا سیاسەتی چەوتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانی ڕیسوا و شەرمەزار کردووە.
سەبارەت بەو بڕیارەی ئیدارەی پەنابەران و پۆلیسی وڵاتی سوید چەندین چالاکوانی سیاسی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک پشتگیری لەو بنەماڵەیە کەمپەینێکی ئیمزا کۆکردنەوەیان وەڕێخستووە تا پێشگیری بکەن لە بەزۆرناردنەوەی ئەیوب پاکنەهاد و بنەماڵەکەی. کەمپەینەکە داوا دەکات کە کوردانی دەرەوەی وڵات بەتایبەتی ئەوانەی لە وڵاتی سوید دەژین یارمەتی ئەو بنەماڵەیە بدەن تا بتوانن فشار بخەنە سەر ئیدارەی پەنابەرانی وڵاتی سوید تا بە بڕیارەکەیدا بچێتەوە و ئەو چالاکە سیاسییە کوردە و بنەماڵەکەی نەگەڕێنێتەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆری و سەرکووتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران.
دەقی کەمپەینەکە ئەوەی خوارەوەیە:
کەمپەینی “نا بۆ دیپۆرتکردنەوەی ئەیوب پاکنەهاد و ژن و منداڵەکانی”
کەمپەینی کۆکردنەوەی ئیمزا بە مەبەستی پێشگیری لە دیپۆرت کردنەوەی ئەیوب پاکنەهاد و بنەماڵەکەی لە لایەن پۆلیس و ئیدارەی پەنابەرانی وڵاتی سوئێد بۆ ئێران.
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ!
رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی!
میدیاکاران و راگەیاندنەکان، حیزب و لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، پارلەمانتارانی کورد لە پارلەمانی سوئێد، ئازادیخوازان و مرۆڤدۆستەکان، هاونیشتمانیانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دیاسپۆرا و بە تایبەت لە وڵاتی سوید!
وێرای سڵاوێکی گەرم…
بەرێزان کاک (ئەیوب پاکنەهاد) خەڵکی شاری پیرانشار لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بە هۆی پێوەندی تەشکیلاتی لەگەڵ رێکخستنەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، دەکەوێتە ژێر چاوەدێری و مەترسی گیران لە لایەن ئیتلاعاتی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران و بە ناچار ٣ ساڵ لەمەوبەر خاکی نیشتمان بەجێ دێلێ و لە وڵاتی سوید دەگیرسێتەوە.
ئەوا نێزیک بە ٣ ساڵ دەبێ لەو وڵاتە داوای مافی پەنابەری کردووە و دوای تێپەراندی هەموو قۆناغەکانی لێپرسینەوە، بەداخەوە داواکاری پێدانی مافی مانەوەیان لە لایەن ئیدارەی پەنابەرانی سویدەوە رەتکراوەتەوە و ئێستا پۆلیسی سوید و ئیدارەی پەنابەرانی ئەو وڵاتە زۆر بەجددی کار دەکەن بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ ئێران، کە گەڕاندنەوەیان بۆ ئێران وەک کەمترین سزا لە سێدارەدانی ناوبراو دەبێ کە ئەمەش وێڕای ژیانلێستاندنی مرۆڤێک دەبێتە هۆی بێسەرپەرست مانەوەی بنەماڵەکەشی کە ژنەکەی و دوو منداڵەکەیەتی.
هەر بۆیە داوا لە هەموو کەس و لایەنێک دەکەین کە لەو پێوەندییەدا هاوکار و یارمەتیدەری ئەو بنەماڵە بەڕێزە بن و بە کۆکردنەوەی ئیمزا، پێشگیری لە دیپۆرت کردنیان بۆ ئێران بکەین. هەروەها داوا دەکەین لە ئیدارەی پەنابەرانی وڵاتی سوید جارێکی دیکە بە دۆسییەی ئەو بنەماڵەیەدا بچێتەوە و مافی مانەوەیان لەو وڵاتە پێبدات. تکایە دوای خوێندنەوەی ئەو داواکارییە، ئەگەر پێت باش و گونجاو بێ ناو پاشناوی خۆت وەک هاوکاری بۆ ئەو بنەماڵەیە بنووسە.
لەگەڵ رێزدا/
چەند چالاکوانێکی سیاسیی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سوید و بنەماڵەی پاکنەهاد.
ئەوەش لینکی کەمپەینەکەیە بۆ کۆکردنەوەی ئیمزا بە مەبەستی ڕێگەگرتن لە بەزۆرناردنەوەی ئەیوب پاکنەهاد بۆ ئێران:
https://www.skrivunder.com/namninsamling_for_ayub_paknahads_deportering_till_iran