ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی پووشپەڕ، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بریتانیا و کۆمیتەی ناوچەی ئیساکاتلەند بەبۆنەی یادی ٣٢ ساڵەی شەھیدکرانی دوکتور قاسملوی مەزن و هاوڕێیانی، خۆپیشاندانێکیان ڕێک خست.
سەرەتای خۆپیشاندانەکە کە لە بەر دەرکی باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لەندەن ڕێک خرابوو، بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەھیدان دەستی پێ کرد.
پاشان پەیامی خۆپیشاندەران لەلایەن ”فەرید دەیھیم” بەرپرسی گشتیی کۆمیتەی بریتانیاوە خۆێنداریەوە.
خۆپیشاندەران بە دروشمدان بە دژی دەسەڵاتدارانی ئێران و ئۆتریش بە زمانەکانی کوردی، فارسی و ئینگلیزی بەرەو باڵوێزخانەی ئۆتریش بەڕێ کەوتن.
لە بەر دەرکی باڵوێزخانەی ئۆتریش پەیامی خۆپیشاندەران بە زمانی ئینگلیزی لەلایەن ”ڕزگار ئالانی” نوێنەری حیزب لە بریتانیا خوێندرایەوە و داوای لە دەوڵەتی ئۆتریش کرد کە دۆسیەی تێرۆری دوکتور ”قاسملوو” وەگەڕ بخرێتەوە و بکەرانی ئەو جینایەتە دادگایی بکرێن.