ڕۆژی یەكشەممە رێكەوتی ١٨ی بانەمەڕی ٢٧٢٢ی کوردی، بە بەشداری ھەژمارێكی زۆر لە ئەندامانی حیزب لە كۆمیتە ناوچەی شێلەند و ھەروەھا بەرپرس و ئەندامانی كۆمیتەی گشتیی حیزب لە وڵاتی دانمارک و نۆێنەری دەزگای ھەڵبژاردن، لە شاری كۆپێنھاگی پایتەختی دانمارک، کۆنفڕانسی كۆمیتە ناوچەی ئەو ھەرێمە بەڕێوە چوو.
سەرەتای كۆنفڕانسەكە بە سروودی نەتەوەیی “ئەی ڕەقیب” و خولەكێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەھیدانی كورد و كوردستان دەستی پێ كرد.
پاشان داوا لە “فەرھاد عەبدوڵازادە” كرا كە وەک یەكێک لە دێرینترین ئەندامانی حیزب لە وڵاتی دانمارک كۆنفڕانسەكە بكاتەوە. عەبدوڵازادە وێڕای سپاسی كۆمیتەی حیزب لە دانمارک چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و داوای یەكڕێزی كوردانی كرد و ھیوای سەركەوتنی بۆ كۆمیتەی حیزب خواست.
دواتر “فاخر مەولوودی” بەرپرسی ڕێکخستنی كۆمیتەی وڵات، باسێكی لەسەر كۆنفڕانس و ئەركی ئەندامانی حیزب لە دەرەوەی وڵات پێشكەش كرد.
پاشان ڕاپۆرتی كار و چالاكی كۆمیتەی پێشووی كۆپێنھاگ لە لایەن حاتەم جەھانگیری پێشكەش كرا.
دواتر ئەندامانی حیزب بە سەرنج و تێبینییەکانیان لەسەر كار و چالاكی كۆمیتە ڕای خۆیان دەربڕی. پاشان لەلایەن “جەمشید خوسرەوی” بەرپرسی گشتیی كۆمیتەی دانمارک وەڵامی پرسیار و سەرنجەکانی بەشداربووان درایەوە.
لە بڕگەی كۆتایی كاری كۆنفڕانسدا و لە كەشێكی دێموكراتیک و ئازاددا ئەندامانی كۆمیتەی تازەی بەڕێوەبەری كۆپێنھاگ لەژێر چاوەدێری نوێنەری دەزگای ھەڵبژاردن “مەحموود دەشتی” ھەڵبژێردران كە لە دەوری یەكەمدا ھەر یەک لە: ئەیووب عەبباسی، عەبدوڵا وەیسی، حاتەم جەھانگیری، ڕەحمان كەڵەشی، كەژوان یووسفی و ئەحمەد خانی وەک ئەندامانی بەڕێوەبەری كۆمیتە لە لایەن بەشدارانەوە ھەڵبژێردران. پاشان ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری هەڵبژێردراو بۆ كۆمیتەی كۆپێنھاگ، “حاتەم جەھانگیری”یان وەك بەرپرسی كۆمیتە دیاری کرد.