ئێمە

دوای دامەزرانی ماڵپەڕی (pdkimedia.com) تایبەت بە کار و چالاکییەکانی ڕێکخستنی حیزبی دێموکرات و بەشەکانی دیكه‌ی یەکەی کارگێڕی لە دەرەوەی وڵات، بەشێوەیەکی فەرمی دەست بەکار بوو و لەوبارەوەش یەکەی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەو شێوەیەی خوارەوەیە:

ماڵپەڕی (pdkimedia.com) ماڵپەڕێکی سەرەکی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێرانە کە کۆکراوە و جێگرەوەی ماڵپەڕی کۆمیتەکانی حیزبی دێموکڕات لە دەرەوەی وڵاتە و مەبەست لێی ئاراستەکردن و بڵاوکردنەوەی سیاسەت و بڵاوکراوەکانی حیزبە لە یەک سەرچاوەوە و کۆکردنەوەی سەرجەم ئۆرگانەکانی دەرەوەی وڵاتە لەژێر چەتری مێدیایەکی حیزبیدا و درووستکردنی پلاتفۆرمێکی هاوبەشە بۆ بەیەکگەیشتنی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکڕات و کوردستانیانی تاراوگەنشین.

ماڵپەڕ بەگشتی پشت بە سەرچاوە و ئامار و زانیارییەکانی ماڵپەڕی کوردستان مێدیا و ناوەندی هەواڵدەری تیشک دەبەستێ و تەوەری بابەت و هەواڵەکانی لە چوارچێوەی کاری ڕێکخستنی حیزب لە دەرەوەی وڵات کە لە سێ هه‌رێمی سەرەکی پێک دێت، دیاری دەکات:

هه‌رێمی سکاندیناڤی: کۆمیتەی وڵاتانی سوید، دانمارک، نۆروێژ و فینلاند.

هه‌رێمی ئورووپا: کۆمیتەی وڵاتانی ئاڵمان، ئۆتریش، ئیتالیا، بریتانیا، بلژیک، سویس، فەڕانسە و هۆڵەند.

هه‌رێمی ئامریکا: کۆمیتەی ئامریکا، ڕۆژهەڵاتی کانادا، ڕۆژئاوای کانادا، ئۆسترالیا و نیوزیلەند.

هاوکات هەواڵ و چالاکی دەزگاکانی دیکە كه‌ لە یەکەی کارگێڕیی دەرەوەی وڵات بەشدارن بڵاو دەکاتەوە کە بریتین لە:

دەزگای پێوەندیەکان، دەزگاکانی دارایی و دەزگای ڕاگەیاندن.

ماڵپەڕی (pdkimedia) بە بایەخەوە هەواڵەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و پرسی مافی مرۆڤ لە ئێراندا و گرنگترین ڕووداوەکانی پەیوەندیدار بە کوردستان و ئێران لە ئاستی ناوچە و جیهاندا دەگەیەنێتە بەر دیدەی خوێنەر.

بە گشتی لە ڕێگەی ئەم ماڵپەڕەوە دەتوانن هەواڵ و زانیاری پێوەندیدار بە کۆمیتەکانی حیزب لەدەرەوی وڵات، هاوکات هەواڵ و چالاکی به‌شه‌كانی دیکەی یه‌كه‌ی كارگێڕی (به‌پێی پێڕه‌وی نێوخۆی حیزبی دێموکرات، ده‌سته‌یه‌كی به‌ڕێوبه‌رییه‌ بۆ ڕاپه‌ڕاندنی كاروباری حیزبی) بخوێننەوە و هەروەها لەگەڵ هەرکام لەم بەشانە پێوەندی بگرن.

هەر لەم ماڵپەڕە دەتوانن دوایین زانیاریه‌كان تایبه‌ت به‌ کوردستانی ڕۆژهەڵات، حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران و گرنگترین ڕووداوەکانی ڕۆژ ببینن و بخوێننه‌وه‌.

داوا لە خوێنەران و بینەرانی ماڵپەڕ دەکەین کە لە سەرنج و پێشنیارەکانیان بێ‌بەشمان نەکەن. هەروەها خوێنەران و بینەرانی ماڵپەڕ ئاگادار دەکەینەوە کە دەتوانن بۆ بڵاوکردنەوەی وتار و بابەتەکانیان پەیوەندیمان پێوە بگرن.

لەگەڵ ڕێز و سوپاسدا

یەکەی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات