“کوردیکا” لە بەرامبەر داگیرکەردا

بێهزاد قادری

کۆلۆنیاڵیزم لەهەمبەر شوناسی کوردیدا:

ڕێژیمی ئێران وەکوو کۆلۆنیاڵیزمێک، بۆ بەردەوامیی دەسەڵاتەکەی لە هەموو شێوازە سەرکوت و بێدەنگکردنێک کەڵک وەردەگرێت و بۆ تەمەنی دەسەڵاتەکەی، خەڵکی هۆشیار بە مەترسییەکی هەرەگەورە دەزانێت و هەموو هەوڵیان لەو ئاراستەدایە کە ڕێگە لە هۆشیاربوونەوەی خەڵک بگرن و گەر کەسێک هەوڵی پێچەوانەی ئەوان بدات، بە شێوازێک لەسەر ڕێگای خۆیان هەڵیدەگرن. ئەم جۆرە هەڵسوکەوتانە دەیان ساڵە لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا دەبینرێت و کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردستان بە ئێسک و پێستی خۆیانەوە ئەو هەڵسوکەوتانەیان نەتەنیا هەست پێکردووە، بەڵکوو ئەزموونیشیان کردووە.

ڕێژیمی ئێران، بە درێژەدانی سیاسەتی یەک وڵات و یەک نەتەوە، کە بە میرات لە پەهلەوییەوە بۆیان ماوەتەوە، دژی نەتەوەکانی تری نێو چوارچێوەی ئێران دەجووڵێتەوە و گەر بڵێیت من کوردم و من بەلووچم و فەرهەنگ و زمانی من جیاوازە، ئەو دەکەوێتە لەرزە و دەیەوێت ئەو دەنگە کپ بکات و نەهێڵێت بەرزتر ببێتەوە. وێڕای هەموو ئەم سەرکوتانە، لە کوردستان هەوڵەکانی نەزۆک ماوەتەوە و ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر کوردەکان لەسەر مافی ڕەوای خۆیان جەخت دەکەنەوە و زۆرتر لەسەر شوناسیان پێداگری دەکەن.

زەمانێک کوردەکان بۆ پارێزگاری لە شوناسیان، دروشمیان دەدا کە “زمانی دایکی بپارێزین”، بەڵام کورد لەم دروشمانە تێپەڕیوە و زمانی کوردی ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر گەشە دەکات و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان زۆرتر گرینگی بە زمانی دایکیی خۆیان دەدەن. زەمانێک هەوڵەکان لە “خوێندن و نووسینی زمانی دایکی” خەریکبوو بەرتەسک دەکرایەوە، بەڵام ئێستا، “خوێندن و نووسین بە زمانی دایکی” داواکاریی بێ ئەملاوئەولای کوردەکانە. زەمانێک کوردەکان “هەنبانە بۆرینە”یان هەبوو، بەڵام ئێستا لە تەنیشت هەنبانە بۆرینە، “کوردیکا”یان هەیە. لە هەنووکەدا، کەسێک بە ناوی “ئاکۆ جەلیلیان”، “کوردیکا” کۆ دەکاتەوە و زیاتر لە جاران گرینگی بە زمانی کوردی و زاراوەکانی و لق و پۆکانی دەدرێت و ئەمە ئەو هەلەی دەڕەخسێنێت کە زمانی کوردی زیاتر لە هەمیشە خۆی پەیدا بکات و خۆی دەربخات.

ئێنسکۆپیدیای “کوردیکا”:

ئێنسکۆپیدیای “کوردیکا”، فەرهەنگێکی بەربڵاوە، لە نووسینی “عەباس جەلیلیان” (ئاکۆ). “کوردیکا” بە پێداچوونەوەی ورد و نوێ بە سێ زمانی کوردی، ئینگلیزی و فارسی ئامادە کراوە و لە زاراوە کوردییەکانی “کەلهوڕی، کورمانجی، سۆرانی، هەورامی، لەکی، لوڕی و شەبەک”، پێک هاتووە و لەلایەن وەشانگەی “دیباچە”وە چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

ئەم فەرهەنگە ماوەی ساڵانێکی زۆرە بە شێوەی جیددی و بە شێوازەکانی سەرچاوەی کتێبخانەیی و توێژینەوەی مەیدانی لەلایەن “ئاکۆ جەلیلیانـ”ـەوە کاری لەسەر دەکرێت و بەڕای شارەزایانی فەرهەنگ و ئێنسکلۆپیدیا، یەکێک لە کتێبە بەنرخەکان و بە گەورەترین وشەنامەی کوردی دێتە ئەژمار کە لە بواری توێژینەوەی فەرهەنگی کوردیدا چاپ کراوە و گرنگیی خۆی هەیە و زۆربەری شێوەزارەکانی زمانی کوردیی لەخۆ گرتووە و هاوکات بە زمانەکانی فارسی و ئینگلیزیشە.

تا ئێستا حەوت بەرگی (پیتەکانی ئەلف هەتا ج) وشەنامەی “کوردیکا” چاپ و بڵاو کراوەتەوە و کتێبخانەی کوردیی پێ ڕازاوەتر کراوە. بەشی یەکەمی کوردیکا تەرخان کراوە بۆ”وشەناسی” کە کۆی ئەم کارە گرینگە نزیکەی ٣٠ بەرگ دەبێت کە لە ٣٤٠هەزار وشە و لە ٦٧ هەزار لاپەڕە پێکهاتووە وە بەپێی ڕیزبەندیی ئەلفبێ، چاپ و بڵاو دەکرێنەوە.

بەپێی گەڵاڵە و میتۆدی ئەم زانستنامە پوخت و کامڵە، “کوردیکا)” پاش تەواوبوونی بەشی یەکەمی کە بریتییە لە وشەنامە، بەشەکانی دیکەی بۆ بابەتەکانی جوغرافیا و مێژووی کورد و کوردستان تەرخان کراوە. لەم بەشەدا توێژەر بە ڕوانگە و میتۆدێکی زانستیی زمانی کوردی و شێوەزارەکانی، وشە و دەستەواژە و پەیڤەکانی لە بواری ڕەچەڵەکناسی، پێناسە کردووە و لێکی داونەتەوە و هاوکات وشەی هەڤبەریانی لە زمانەکانی فارسی و ئینگلیزی داناوە و گرینگتر لە گشت و خاڵی بەرچاوی ئەم وشەنامەیە ئەوەیە کە جیاواز لە فەرهەنگەکانی دیکە پەرژاوەتە سەر بنەما، ماکە و چاوگی وشەکان و لە بواری ڕێزمانیدا لێکی داونەتەوە و گەلێک زانیاریی خستووەتە ڕوو.

شێوازی کارکردنی “کوردیکا”، بە زۆری پشتی بە پێوەر و ستانداردە باوە جیهانییەکانی بیاڤی زانستنامەنووسی و زانستی زماننناسیی هاوچەرخ بەستووە و لە پێشگوتاردا وێڕای ئاماژە بە زەروورەتی پەرژانە سەر گرنگیی زمانی کوردی، واتە  “شێوەزاری پێوەر”، هاوکات باسی پێگە و پێکهاتەی زمانی کوردی و شێوەزار و دیالیکتە جیاوازەکانی ئەم زمانە و جوغرافیای ئاخێوەرانی لە هەر چوار بەشی نیشتمان کراوە.

عەباس جەلیلیان (ئاکۆ):

“ئاکۆ جەلیلیان” لەدایکبووی ساڵی ١٩٧٢ی زایینی بەرابەر لەگەڵ ١٣٥٠ی هەتاویی شار شابادی سەر بە کرماشانە و فلکۆلۆرناس و زمانزان و یەکێک لە نووسەرە پێشەنگەکانی بوژانەوەی زمان و ئەدەبی کوردی لە پارێزگاکانی ئیلام و کرماشانە. ئەم نووسەرە کوردە بەتوانایە، چەندین جار لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە.

بەرهەمەکانی “ئاکۆ جەلیلیان”:

۱ـ فه‌رهه‌نگ باشوور: وشه‌نامه‌ی کوردیی خوارین.
۲ـ زەڕینه و سیمینه/ بەرگی یەکەم / پەند و ئیدیۆمی کوردی.
۳ـ زه‌ڕینه و سیمینه/ بەرگی دووەم/ مەتەڵی کوردی.
٤ـ زه‌ڕینه‌ و سیمینه/ بەرگی سێیه‌م/ هه‌ڵبەستی فۆلکلۆر.
۵ـ زه‌ڕینه و سیمینه/ بەرگی چوارەم/ بیر و باوه‌ڕ‌ و ئەفسانە کوردییەکان.
٦ـ زه‌ڕینه‌ و سیمینه/ بەرگی پێنجەم/ هه‌ڵبەستی شین و شەپۆڕ و ئازیه‌تی کوردی.
۷ـ ڕه‌نگامه/ کورتە چیرۆکی کوردی.
٨ـ ئاگر مه‌لووچ/ ڕۆمان کوردی (یەکەمین ڕۆمانی بە زاراوەی کەلهوڕی).
۹ـ گه‌نجینه‌ی شێوه‌زاره‌ ئێرانییەکان، شێوه‌زارناسی پارێزگای کرماشان/ بەرگی یەکەم.
۱۰ـ تاریکخانه: ناسنامەیەکی نوێ بۆ مێژوویەکی کۆن/ بەرهەمێک سەبارەت بە ناوی کوردیی ئاواییەکانی کرماشان.
۱۱ـ فەرهەنگی کوردیکا: گەورەترین وشەنامەی کوردی (ئینسکلۆپیدیا).

تێبێنی: لەم بابەتەدا بە وەرگرتنی ئیجازە، چەند پاراگرافێک لە وتاری نووسەرێک هەڵگیراوە.

سەرچاوە: کوردستان مێدیا

شێری بکە:

Pdkimedia Komitekan

بابەتی دواتر

شڵەژانی پاش تێکچوونی کۆشکی خەونەکان

هه‌ینی 2 21 , 2020
نەوید کەرەمی لە یەکەم ساتەکانی ڕۆژی هەینی، ڕێکەوتی ٣ی ژانویەی ٢٠٢٠ی زایینی، بەرانبەر بە ١٣ی بەفرانباری ٢٧١٩ی کوردی یەکێک لە مەترسیدارترین، بێڕەحمترین و خوێنڕێژترین مۆرەکانی کۆماری ئیسلامی لەلایەن ئامریکاوە کرایە ئامانج و پارچە پارچە کرا. تێرۆریست قاسم سلێمانی و هاوكاره‌کانی تەنیا چەند خولەک پاش دابه‌زینیان لە خاکی عێراق، لە نزیک […]

نوێترینەکان