لە وڵاتی فینلاند یادی ٧٧ سالەی دامەزراندنی کۆماری کوردستان بەرز راگیرا

رۆژی شەممە، رێکەوتی ١ی رێبەندان (٢١/١//٢٠٢٣ی زایینی) لە لایەن کومیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی فینلاند بۆ بەرز ڕاگرتنی یادو دەسکەوتە مێژوویی و نەتەوەییەکانی کۆماری کوردستان، سێمینارێک بەڕێوە چوو.

سێمینارەکە لە شاری هێلسینکی و بە بەشداریی بەڕێز کوێستان گادانی، ئەندامی رێبەریی حیزبی دێموکرات‌، ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزب، کوردستانیانی دانیشتووی فینلاندو نوێنەری ریکخراوە مەدەنییەکان و هێزو لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان، یادی ٧٧ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان پیرۆز کرا.

سەرەتای کۆڕیادەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی رەقیب و راگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن له هه‌موو شەهیدانی کوردو کوردستان دەستی پێ كرد.

دواتر هونەرمەندی دەنگخۆش و خاوەن هەڵوێست رەشید فەیزینژاد مارش و سروودێکی تایبەت بە یادی شەهیدانی کوردستان و شۆڕشی ژینا ئامادە و پێشکەش کرد کە سەرنجی ئامادەبووانی بۆ لای خۆی راکێشا.

دواتر د. کوێستان گادانی مامۆستای زانکۆ لە وڵاتی نۆروێژ و بەرپرسی گشتیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، لە باسێکی سەرنجڕاکێشدا ئاوڕیان لە دەسکەوتەکانی کۆمار دایەوەو بە قۆناغێکی گرینگ و پڕ بایەخ لە میژووی مافخوازانەی نەتەوەکەمان باسیان کرد.

د.کوێستان گادانی لە یادی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە هێلسینکی، وێڕای بەرزنرخاندنی دەسکەوتەکان، باسیان لەو رەمز و سیمبولانەی کۆمار کرد کە بۆ نەوەی ئەمڕۆ و داهاتووی بەجێ هێشتووە، وەک ناوی پێشمەرگە، سوپای میللی، ئالا و سروودی نیشتمانی. بەڕێزیان ئاماژەیان بەوە دا کە ڕاستە ئەم دەسکەوتە مێژووییانە سەرکەوتنی گەورەن بۆ حیزبی دامەزرێنەری کۆمار واتە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەڵام هاوکات شانازی و دەسکەوتێکی مێژوویی‌و نەتەوەییشن.

دوکتور کوێستان گادانی، ئەندامی ریبەڕیی حیزب، باسی لەوە کرد کە، ئێستاش پاش ئەوەی ٧٧ ساڵ بەسەر دامەزراندنی کۆماردا تێپەڕیوە، لە کوردستان و لە ماوەی نزیک بە ٤ مانگ شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، ئەو ئەرزش و بایەخە دێمۆکڕاتیک و پێشکەوتنخوازانەیە لە دروشم و داواکاریی خەڵکی ڕاپەڕیوی کورددا روون‌و بەرچاون‌. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە هەرچەند بە شێوەی سیستماتیک هەوڵی لەناوبردنی بیری مافخوازی و ئازادیخوازی لە ناو کوردو نەتەوەکانی دیکەی ئێراندا دراوە، بەڵام ئەو هەوڵانە لە کۆی ئێران بەگشتی و لە کوردستان بەتایبەتی شکستیان هێناوە.

بەڕێز کوێستان گادانی، بەرپرسی گشتیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، لە درێژەی باسەکەیاندا ئاماژەی بەوە کرد کە دوژمنانی کورد و بزووتنەوە مافخوازانەکەی، بەردەوام هەوڵیان داوە ئەم ڕاپەڕینە یەک لەدوای یەکانە بە وڵاتانی رۆژئاوایی ببەستنەوەو بەو بیانووە، دەستی هێزە نیزامییەکان بۆ سەرکوتی خەڵکی راپەڕیو ئاوەڵا بێ.

لە بڕگەیەکی دیکەی سێمیناری تایبەت بە ٧٧ ساڵەی دامەزراندنی کۆماری کوردستان، لە لایەن بەڕێوەبەری بەرنامەوە ناوی ئەو هێزو لایەن و ڕێکخراوانە خوێندرایەوە و پەیامی پیرۆزبایی و چەپکە گوڵیان پێشکێش بە یادەکە کردبوو.

ئەو هێزو لایەنانە بریتی بوون له:

١- کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

٢- کۆمەڵە، رێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

٣- پارتی دیموکراتی کوردستان

٤- یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان

٥- بزووتنەوەی گۆڕان

٦- فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان لە فینلاند

٧- ئەنجوومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

٨- یەکیەتییەکانی ژنان و لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران.

کۆتایی کۆڕیادی دامەزراندنی کۆماری کوردستان تایبەت بوو بە پرسیارو تێبینیی بەشداربووانی یادەکەو بەشداریی لە باسەکەی د. کوێستان گادانی بەرپرسی گشتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات. لەم برگەدا ژمارەیەک لە بەشداران، بە پرسیارو تێبینی‌یەکانیان سێمینارەکەیان دەوڵەمەندتر کردو لە لایەن دوکتور کوێستان گادانی‌یەوە وەڵامی پرسیارەکان درایەوە.

شێری بکە:

Pdkimedia Komitekan

بابەتی دواتر

داماویی رێژیم به‌رامبه‌ر ژنانی ئازادیخواز

2 شه‌م 12 25 , 2023
بێهنام گولستانی فه‌ر / یه‌كه‌م و گرینگترین ده‌ستكه‌وتی شۆڕشی ژینا بۆ ژن، ژیان و ئازادی ره‌نگه‌ ئه‌وه‌بی كه‌ رێژیمی كۆماری ئیسلامی هیوایه‌كی ئه‌وتۆی نه‌ما به‌ چه‌وساندنه‌وه‌ی ژن وه‌ك مرۆڤێك كه‌ جگه‌ له‌وه‌ی چاوی له‌ ئازادیی سیاسییه‌، بگره‌ هه‌وڵی ئازادیی خۆی وه‌ك تاكه‌كه‌سيش ده‌دا. ژن له‌ چاوی رێژیمێكی پاشكه‌وتووی وه‌ك كۆماری […]

نوێترینەکان