نوێنەرانی مەجلیس نوێنەرانی ڕێبەرن، نەک خەڵک

چاویار موكری

هەر لە سەرەتاوە لە رێژیمی کۆماری ئیسلامیدا مەجلیس زۆرتر وەک ویترینێک بووە کە بە هێندێ بووکەڵە رازێنراوەتەوە، رواڵەتێکی خەڵکخڵەتێنی هەیە، بەو مەبەستە کە رێژیم وا نیشان بدا گوایا حکوومەتەکەی کۆمارییە، ئەوە نییە وەکوو حکوومەتە کۆمارییەکان پارلمانێکی هەیە و هەر بە چەند ساڵ جارێک بە هەڵبژاردن نوێنەرانی هەڵبژێردراوی خەڵک!؟ دەچن لەوێ پاڵ دەدەنەوە و جاروباریش کە حەوسەلەیان بەسەر دەچێ، دەچنە پشتی تریبوون و هێندێک قسە دەکەن و کاتی وابووە لە یەکتریش تووڕه‌ دەبن و بە دەنگی بەرز هاوار دەکەن. تەنانەت هەڵدەکەوێ باسی خەڵکیش دێننە ئاراوە، وەک ئەوەی بەرگری لە مافی ئەوان بکەن! لە راگەیاندنەکانی حکوومەتیش ئەو شانۆیە بە خەڵک نیشان دەدەن بۆ ئەوەی پێیان رابگەیەنن کە خەڵکینە خەمتان نەبێ ئەوە نوێنەرانی نێو ویترینەکە پێداگری دەکەن لە مافەکانتان و بە بوونی ئەوان کەس ناتوانێ مافتان پێشێل بکا. واه ەڵکەوتووە ئەو دەمەتەقێیانە ئەوندە گەرم بووە کە ئەوانه‌ی  نێو ویترینەکە بۆ خۆشیان گومانیان لێ پەیدا دەبێ کە رەنگە ئەوان بەراستی نوێنەری خەڵک بن! وەک ئەو نەقلەی کە لە مەلای مه‌نشووری دەگێڕنەوە: “رۆژێک تووشی کۆمەڵێک ڕەشە و ڕووت و برسی دەبێ هەر لە خۆڕا بە دەنگی بەرز هاوار دەکا خەڵکینە بۆ لێرە کۆبوونەتەوە، ئاگاتان لێ نییە ماڵی حاکم ئاشی نەزری دابەش دەکەن؟ زوو فریاکەون نە وەک بەشتان نەمێنێ! خەڵکەکەیش ڕادەکەن بەرەو ماڵی حاکم و لەسەر رێگاش هەرکەس دەیانبینێ لەگەڵیان دەکەوێ، بەم شێوەیە حەشیمەتێکی گەورە ڕادەکەن بەرەو ماڵی حاکم بۆ وەرگرتنی بەشە ئاشی خۆیان، مەلا کە دەبینێ هەمووان بەرەو ماڵی حاکم رادەکەن ئەویش بەرەو ئەوێ رادەکا بۆ ئاش خواردن، بە خۆی دەڵێ، نەوەکا ئەو خەبەرە راست بێ با بۆ خۆیشم بێبەش نەبم”.

کە دێنییە سەر دیاریکردنی کاندیداکانی ئەو هەڵبژاردنە، دەبینێ کە بە سەدان کەس ناونووسی دەکا، بەڵکوو بازی بەخت لەسەر شانیان بنیشێتەوە و رێیان بکەوێتە مەجلیس تا وێڕای ئەوەی بۆ چوار ساڵان بۆ خۆیان لەوێ بحەسێنەوە، مانگانه‌یه‌کی باش بە ناوی نوێنەری خەڵک لە سندووقی دەوڵەتی ئیسلام وەربگرن؛ بە ناوی نوێنەری خەڵک کۆمەڵێک خزم و کەسوکاریان لە دامودەزگاکان دامەزرێنن؛ لە ئیدارە گەندەکاندا هێندێک کارراستایی بۆ ئەم و ئەو بکەن و بە ناوی “حق الزحمە)” بەرتیل پارەیەکی باشیان دەست بکەوێ، چوونکە نوێنەری خەڵک لە مەجلیسن! کاربەدەستە گەندەڵەکانی شوێنی نوێنەرایەتییان پێشنیاریان پێ دەکەن و چەند هەزار میترێک زەوی لە شوێنێکی باش بە قیمەتێکی زۆر هەرزانیان بۆ رێک دەخەن، بۆ ئەوەی ئەگەر رۆژێک لەسەر دزی و گەندەڵییەکانیان شکاتیان لێکرا، بەڕێزیان بە ناوی نوێنەری خەڵک وەدوای کارراستایی گرفتەکەیان بکەوێ و بە ناوی نوێنەری خەڵک! لە لای حاکم و دادگا گەندەڵەکان گرفتەکەیان بۆ چارەسەر بکەن، دوای ئەوە ئەوانیش بابەتی ئەو زەحمەتە کە جەنابی نوێنەر بۆی کێشاون پارەیەکی باشیشی بدەنێ ـ هەرچەند جەنابی نوێنەر پێی ناخۆشە ـ چوونکە خۆ بەڕێزیان بابەتی ئەو کارانە بەرتیل وەرناگرن، بەڵام ئەوانەی کارەکەیان بۆ رێکخراوە بەزۆری رازی دەکەن کە پووڵەکەیان لێ وەربگرێ! بەم شێوەیە جەنابی نوێنەر دوای چوار ساڵ حەسانەوە لە سایەی حکوومەتی ئیسلامی دەبێتە خاوەنی هەموو شتێک.

بەڕێز نوێنەری ماڵی میللەت! هێندێک ئەرکی سووکیشی لەسەر شانە کە لە ماوەی نوێنەرایەتیدا دەبێ بەڕێوەیان بەڕێ، وەک ئەوەی لە کاتی پێویستدا دەبێ لەگەڵ هاومەجلیسییەکانی خۆی هاودەنگ بێ لە گوتنەوەی دروشمی مردن بۆ ئامریکا و مردن بۆ دژبەرانی ویلایەتی فەقیە و  جلی پاسداران له‌به‌ر بكا و وه‌كوو بووكه‌ڵه‌ له‌ به‌رده‌م وه‌لیی فه‌قیهدا هه‌ڵپه‌ڕێ و… .

کار و زەحمەتی شورای نیگابان

بەڵام کۆماری ئیسلامی چوونکە هەمیشە لە خەمی خەڵکدایە لێرەشدا نایەوێ لە هەڵبژاردنی دیاریکردنی ئەو بووکەڵە جوانانەی ناوی ویترینەکە خەڵک زۆر ماندوو بێ، لە پێشدا لەنێو ئەو سەدان کەسەدا شورای نیگابان کە براگەورە و ئاقلی خێڵە، بە ئەمانەتەوە ژمارەیەکی پێویست لەو بووکەڵانە کە لە هەمووان جوانترن بۆ رازاندنەوەی هەرچی باشتری ویترینەکە دیاری دەکا! بەڵام پیاو حەق بڵێ ئەو دیاریکردنەش لەنێو ئەو هەموو حەشیمەتەدا کارێکی بە زەحمەتە! ئاخر روونکردنەوەی ئەوەی کە کام یەک لەوانە وەفادارترن بە رێبەری موسڵمانانی جیهان، زیاتر ئاڵای ئیسرائیل و ئامریکا و وێنەی رێبەرانی ئەو وڵاتانەیان ئاگر تێبەرداوە، لە رێوڕەسمەکانی ماتەمینیی ئیمام حوسێندا بە کۆڵتر گریاون و لە سینگی خۆیان داوە، ئایا خوا بە نسیبی کردوون لە شەڕەکانی ئێران و ئێراقدا بەشدارییان کردبێ، ـ نە بە قسە ـ بە کردەوە نیشانیان دابێ کە پابەندن بە رێژیمی ویلایەتی فەقیە، چەندجار زیارەتی مەزارگەی ئیمام حوسێن و ئیمام رەزایان کردوە؟ ئەو زانیارییە بە نرخانەش دەبێ لەر رێگای بەسیجی کۆڵانی ماڵەکانیان، مجێوری مزگەوتەکان و… تەواو بکەن و دوای هەموو ئەو زەحمەتانە کە بە دیقەت و ئەمانەتەوە!  کێشراون، نوێنەرەکانی خۆیان کە لە راستیدا نوێنەری راستەقینەی جەنابی رێبەریشن، بە خەڵک دەناسێنن و بە تەواوی ئازادییان دەکەن لە هەڵبژاردنی جوانترینی ئەو بووکەڵانەدا بۆ نێو ویترینەکە، جا سەرەڕای ئەو ئازادییە رەهایە کە بە ئوومەت دەدرێ لە هەڵبژاردنی ئەو کاندیدە دیاریکراوانەدا، هێندێک هەر لە بەرخۆیانەوە بۆڵەیان دێ دەڵێن خەڵک لەو هەڵبژاردنە ئازاد نییە! بە راستی هێندێک کەس لەو ئوومەتە شایانی ئەو هەموو ئازادییە نین، چوونکە قەدری نازانن و هەر فێربوون لە دڵی خۆیانەوە، یان لەبەر خۆیانەوە بۆڵەبۆڵ بکەن. ئاخر کەس نییە بەو قەدرنەزانانە بڵێ ئەدی لەوە زیاتر چیتان دەوێ؟ پێتان باش بوو ئێوەش وەکوو خەڵکانی ئامریکا و ئورووپا لە هەر هەڵبژاردنێکدا بۆ خۆتان بە دوای ناسینی کاندیداکاندا چووبان تا بزانن کامیان بۆ مەجلیس باشترن؟ خۆ ئێوە وەکوو خەڵکی ئەو کافرستانانە بێکار نین بەدوای ئەو کارانەوە بن، ئێوە دەبێ کاتی گرانبای خۆتان لە رێوڕەسمە ماتەمینەکان و رەوزە خوێندنەکانی ئاخوندەکان، دروشمدان بە دژی دوژمنانی کۆماری ئیسلامی و سەدان کاری دیکه‌ی لەو بابەتە تێپەڕین.

لەوانەیە لێرەدا ئەو پرسیارە بێتە پێش ئەدی چۆنە لەو ویترینەدا شتی واهەڵدەکەون کە جاروبار قسەی وادەکەن کە بە دڵی بەڕێوەبەرانی رێژیم و تەنانەت لەوانەیە جەنابی رێبەریش نەبن؟ لێرەدایە حیکمەتی جادوویی ئەم ویترینە دەردەکەوێ؟ نمایشنامە کە وا نووسراوە کە شورای نیگابان هێندێک لە نوێنەرانی ماڵیی میللەت لە کەسانێک دیاری بکا کە جاروبار ئەو شێوە قسانەش بکەن، تەنیا لەبەر ئەوەی هێندێک لە خەڵک بەتایبەت فەرەنگییەکان هەڵخڵەتێنن (بە ئەقڵی ناتەواوی خۆیان) کە بڵێن نوێنەرانی مەجلیس لە ئێران ئازادن، ئەوە نییە رەخنە دەگرن لە بەرپرسانی پلە باڵای حکوومەت؟ ئەو کەسانە هەر هەمیشە لەنێو بووکەڵەکاندا ئەوندە کەمن کە دەنگیان بە هیچ کوێیەک ڕاناگا و هیچ شوێندانەرییان لە ئاکامی باسەکانی نێو ویترینەکەدا نابێ، بۆیە “بۆ پەز زەرەریان نییە”، بۆیە ئەوانیش بەش بە حاڵی خۆیان بەو شێوەیە لە رازاندنەوەی ویترینەکەدا دەوریان هەیە، واش نییە کە هیچ بن.

ئاکام

رێژیم بەو نمایشنامەیە بە خەڵکی دنیا دەڵێ سیستمی دەسەڵاتداری من کۆمارییە، ئەوەتا سەرۆک کۆمارم هەیە، شوێنێکم هەیە بە ناو دادگا کە لەوێدا ئەوەی سەری دڵی هەڵاوێ دڵی دەردێنین، “بەڵام سەربەخۆشە”. بووکەڵەکانی نێو ویترینەکە کە دەوری نوێنەری خەڵک نمایش دەکەن، هەم  لەو ویترینەدا بۆ چوار ساڵ پاڵ دەدەنەوە و دەحەسێنەوە، لەو لاوەش پارە و مڵک و… زۆر وەسەریەک دەنێن، ئالێرەدایە وڵامی ئەو پرسیارە کێ دەیزانێ؟ خەڵکانێک کە دەچن دەنگ دەدەن بەو بووکەڵانە چییان دەست دەکەوێ؟ لە ماوەی ئەو هەموو چوار ساڵانەدا، سفرەکەیان رەنگینتر بووە؟ ئازادییەکەیان ئەوندە بەربڵاو بووە کە خەریکن تێیدا دەخنکێن؟ کار و داهاتیان ماشاڵڵا بەرەکەتی تێکەوتووە؟ خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی و دەرمانییان زۆر چووەتە سەرێ؟ یان بە کورتی ئەو بووکەڵانە وڵاتەکەیان بۆ کردوون بە بەهەشتی بەرین کە  ئێمە لێی ئاگادار نین؟

بەڵام من ئەوەندە دەزانم ئەو دەسەڵاتدارە گەندەڵانە هەموو جارێک بە درۆ و بەڵێنی کە قەت جێبەجێ نەبووە، لە سەردەمی هەڵبژاردنەکاندا شەڕە پشیلەیەک ساز دەکەن و خەڵکی پێوە خەریک دەکەن تا دەیانگەیەننە سندووقەکان و دەنگەکانیان لێ وەردەگرن؟ بۆ خۆیشیان لە دواوە پێیان پێدەکەنن و بە خوایان دەسپێرن تا دەورێکی دیکەی هەڵبژاردن. ئەو شانۆگەرییە نزیک بە چل و یەک ساڵە دووپات دەبێتەوە، بەڵام ئەوانەی بە شەڕە پشیلە دەکێشرێنە سەر سندووقی دەنگدان هێشتا لە خۆیان نەپرسیوە بۆچی دەنگ دەدەن بەو بووکەڵانە کە تەنیا ویترینەکە بۆ ئەوانی دیکە دەڕازێننەوە؟ ئێمەیش دوعایان بۆ دەکەین کە تا سی چل ساڵی دیکە لەو شەڕە پشیلە حاڵی بن.

سەرچاوە: کوردستان مێدیا

شێری بکە:

Pdkimedia Komitekan

بابەتی دواتر

مستەفا هیجری: بۆ ئێمە تێکەوەپێچانی سیستمی کۆماری ئیسلامی ئامانجێکی جیددییە

هه‌ینی 2 21 , 2020
لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئاخاوتنێکدا سەبارەت بە بارودۆخی کوردستانی ئێران باسی لە هەڵاواردنە سیستماتیکەکان لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی کرد و ڕایگەیاند: تێکەوەپێچانی کۆماری ئیسلامی بۆ ئێمەی کورد ئامانجێکی جیددییە. دەقی وتەکانی بەڕێزیان بەم چەشنەیە: ئێمە و ئەوانیتری حکوومەتی ئێران ئێران جوغرافیایەکی فرەنەتەوەی هەیە و لانیکەم […]

نوێترینەکان