داماویی رێژیم به‌رامبه‌ر ژنانی ئازادیخواز

بێهنام گولستانی فه‌ر / یه‌كه‌م و گرینگترین ده‌ستكه‌وتی شۆڕشی ژینا بۆ ژن، ژیان و ئازادی ره‌نگه‌ ئه‌وه‌بی كه‌ رێژیمی كۆماری ئیسلامی هیوایه‌كی ئه‌وتۆی نه‌ما به‌ چه‌وساندنه‌وه‌ی ژن وه‌ك مرۆڤێك كه‌ جگه‌ له‌وه‌ی چاوی له‌ ئازادیی سیاسییه‌، بگره‌ هه‌وڵی ئازادیی خۆی وه‌ك تاكه‌كه‌سيش ده‌دا.

ژن له‌ چاوی رێژیمێكی پاشكه‌وتووی وه‌ك كۆماری ئیسلامی، تا پێش شۆڕشی ژینا كه‌ره‌سته‌ی رازیكردنی پیاو و راگرتنی باڵانسی خێزان و باری كۆمه‌ڵایه‌تی بوو كه‌ ئه‌و رێژیمه‌ به‌ به‌رنامه‌یه‌كی دیار و سیستماتیك هه‌وڵی شكاندن و هێنانه‌خواری به‌های ژنی وه‌ك مرۆڤ ده‌دا، به‌ڵام به‌هۆی شۆڕشی ژیناوه‌ ئیتر ژن له‌ ئه‌كته‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ راسته‌وخۆ گه‌یشته‌ لووتكه‌ى شۆڕش و ناڕه‌زایه‌تی. ئه‌و وه‌رچه‌رخانه‌ له‌ رۆڵی و كاراكته‌ری ژن لای كۆماری ئیسلامی و ره‌نگه‌ سه‌رجه‌م رێژیمه‌كانی ئایینی و دواكه‌وتووی هاوشێوه‌ی خۆی، زه‌نگێكی پڕ مه‌ترسیییه‌. چونكه‌ ئه‌و رێژیمانه‌ پێیان وایه‌ ئه‌گه‌ر ژن ئاشنا به‌ ئازادییه‌كانی خۆی و مافه‌ سیاسییه‌كانی بێ، ئیتر ئه‌سته‌مه‌ بتوانی به‌ زۆر و زۆردارییه‌وه‌ منداڵانی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ بچه‌وسێنییه‌وه‌.

كۆماری ئیسلامی له‌ ئێسته‌دا هه‌ست به‌ بێده‌سه‌ڵاتییه‌كی زۆر ده‌كا. به‌هه‌مووی شێوه‌یه‌ك هه‌وڵ ده‌دا به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م هاتنه‌ ناو كایه‌ی ژنان له‌ پرسه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی زیاتر و سه‌خت تر بكا به‌ڵام له‌ به‌رامبه‌ریشدا ژنان به‌هێزتر و كارامه‌تر له جاران خه‌باتی خۆیان پێش ده‌خه‌ن. ئه‌و دۆخه‌ وایكردووه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێرانی دابه‌شی سه‌ر دوو به‌شی لایه‌نی رێژیم و نه‌یاری رێژیم بووبێ كه‌ ژنان به‌ رێبه‌ری ئه‌و گۆڕانكارییه‌ داده‌نرێن.
ئه‌گه‌ر جاران هه‌رجۆره‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كی مه‌ده‌نی و داوای مافی ژیانێكی ئاسایی یه‌كسه‌ر تۆمه‌تی ئه‌منیه‌تی لێده‌درا و زۆرجاریش تۆمه‌تبار ده‌كران به‌وه‌ی پێوه‌ندییان به‌ دوژمنانی كۆماری ئیسلامی له‌وانه‌ ئه‌مریكا و ئیسرائیله‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌وه‌ ئێسته‌ ژنان راسته‌وخۆ و راشكاو له‌ شوێنه‌ جیاجیاكانی ئێرانه‌وه‌ داوای مافه‌كانی خۆیان ده‌كه‌ن. ئه‌و دۆخه‌ رێژیمی له‌ كێشه‌یه‌كی تازه‌ خستووه‌ و ئه‌ویش به‌ریه‌ككه‌وتنی خه‌ڵكێكی ئازادیخواو و ده‌سه‌ڵاتێكی دیكتاتۆر و زۆرداره.

یه‌كه‌م ده‌رهاویشته‌ی ئه‌و بارودۆخه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كۆماری ئیسلامی هه‌رچه‌نده‌ له‌ رێگه‌ی جۆره‌وجۆره‌وه‌ هه‌وڵی سه‌ركووت و ده‌مكووتی ژنان به‌تایبه‌تی ده‌دا و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ده‌یان یاسای تازه‌ی ده‌ركردووه‌ و هێزی تایبه‌تی بۆ كۆنترۆڵكردنی ژنان هه‌ر له‌ پۆشینی به‌رگ و ره‌فتاری كۆمه‌ڵایه‌تییان له‌سه‌ر شه‌قام و شوێنه‌ گشتییه‌كان كردووه‌، به‌ڵام له‌ ناوه‌خۆی رێژیمدا هه‌ست به‌وه‌ ده‌كرێ نازانن چی بكه‌ن! ئه‌و داماواییه‌ی رێژیم پاش نێزیكه‌ى 45 ساڵان ده‌سه‌ڵات و جینایه‌ت به‌رامبه‌ر مرۆڤ و ئازادییه‌كانی، موژده‌یه‌كی خۆشه‌.

كۆماری ئیسلامی له‌ بواری فكرییه‌وه‌ دواكه‌وتووه‌ و هه‌ر سیاسه‌تێكی بۆ كۆنترۆڵكردنی خه‌ڵكێكی ئازادیخواز و به‌تایبه‌ت ژنان له‌و باسه‌ی ئێمه‌دا شكست دێنێ. هۆكاره‌كه‌شی روون و ئاشكرایه‌. ژنانی ئێران ده‌ستیان به‌ سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵ و زانیاری و دنیای ده‌ره‌وه‌ ده‌گا و له‌ روانگه‌یه‌كی ساده‌ی به‌راوردكارییه‌وه‌ یه‌كسه‌ر خۆیان به‌ زوڵم لێكراو و چه‌وساوه‌ی رێژیمێكی دواكه‌وتوو ده‌بینن كه‌ له‌ سه‌ده‌ی 21مـدا هێشتا توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ژنێك، مرۆڤێك و ته‌نانه‌ت بوونه‌وه‌رێك له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكوژێ كه‌ پرچی دانه‌پۆشیوه‌.

ئه‌و رێژیمه‌ توانای نییه‌ به‌رامبه‌ر دنیای پێشكه‌وتوو و هزری ئازادیخوازانی ژنانی ئێران بوه‌ستێ و ناچاره‌ مل بدا، به‌تایبه‌ت كه‌ مێژووی سه‌رجه‌م دیكتاتۆره‌كانی هاوشێوه‌ی ئه‌و ته‌نیا یه‌ك چاره‌نووس بووه‌: ئازادی به‌سه‌ر چه‌وساندنه‌وه‌ى مرۆڤدا سه‌رده‌كه‌وێ و ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ته‌نیا كات و زه‌مانه‌!

شێری بکە:

Pdkimedia Komitekan

بابەتی دواتر

جنایات رژیم ایران در كردستان

5 شه‌م 3 7 , 2024
 بهنام گلستانی فـر/ مردم ایران و کردستان بخصوص زنان سالهاست که توسط حکومت آخوندی تحت ظلم و ستم هستند، دختران ما از هفت سالگی مجبور هستند که حجاب داشتە باشند و “لچک” سرشون بکنند! زنان ما اجازه آواز خواندن ندارند! اجازه ندارند به استادیوم برن! اجازه ندارند حتی دوچرخه سواری […]

نوێترینەکان