بە بەشداریی بەڕێز تەیموور مستەفایی، ٢٦ی سەماوەز، رۆژی پێشمەرگەی کوردستان لە وڵاتی فینلاند بەرز راگیرا

لە وێبینارێکدا بە بەشداریی دەیان کەس لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی فینلاند، یادی ٢٦ی سەرماوەز رۆژی پێشمەرگەی کوردستان، بەرز راگیرا.

رۆژی شەممە، رێکەوتی ٢٦ی سەرماوەز (٢٠٢٢/١٢/١٧ی زایینی)، بە بۆنەی رۆژی پێشمەرگەی کوردستانەوە، کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێمۆکرات لە وڵاتی فینلاند وێبینارێکی بۆ بەڕێز تەیموور مستەفایی، ئەندامی رێبەریی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان ئێران پێک هێنا.

ئەم وێبینارە سەرەتا بە سروودی نەتەوایەتی “ئەی رەقیب” و راگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ یادی شەهیدانی کوردو کوردستان دەستی پێ کرد. دواتر ئەحمەد حسەینی بەرپرسی کومیتەی گشتیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی فینلاند، وێڕای بەخێرهێنانی کاک تەیموور، ئاماژەی بە تێکۆشانی بەڕێزیان کرد کە لە سەنگەرەکانی خەباتدا وەکوو پێشمەرگەو فەرماندەیەکی تێکۆشەر رۆڵی هەبووە.

لە بەشێکی دیکەی وێبینارەکەدا کاک تەیموور مستەفایی، وتەیەکانی خۆی لە پێوەندی لەگەڵ ٢٦ی سەرماوەز، خەباتی حیزبی دێموکرات‌و پێشمەرگە پێشکەش کرد. بەڕێزیان هەروەها لە درێژەی وتەکانیدا، لەسەر رووداوەکانی رۆژو بەتایبەت شۆڕشی “ژینا” بۆ بەشداران دوا.

بەڕێز مستەفایی سەرەتا وێڕای پیرۆزبایی بە بۆنەی ئەم رۆژە مێژووییەوە لە سەرجەم ئەندامان و بنەماڵەی شەهیدان، باسیان لەوە کرد کە خەباتی ڕزگاریخوازی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەورازو نشێوی زۆری بەخۆیەوە دیتوە، و حیزبی دێمۆکراتی وەک بەشێکی سەرەکی لەم خەباتەدا قۆناغی جۆراوجۆری تێپەڕ کردووە.

مستەفایی، بە ئاوڕدانەوەیەکی کورتی مێژوویی ئاماژەی بەو بڕگە مێژووییانە کرد کە ئێستاش بایەخ و کاریگەریی خۆیان هەر ماوە، وەک درووستکردنی هێزی پێشمەرگەو سپای میللی لە سەردەمی کۆماری کوردستان و دەور نەخشی ئەم هێزە لە پاراستن و بەرگری لە نیشتمان و کۆماری کوردستان. هەروەها باسیان لە قۆناغی خەباتی چەکدارانەی ساڵەکانی ٤٦ و ٤٧ی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرد کە زیاتر لە ١٨ مانگ درێژەی کێشا.

تەیموور مستەفایی، ئەندامی رێبەریی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بە ئاماژە بە نەخشی هێزی پێشمەرگە لە قۆناغی دوای رێژیمی پاشایەتی، کوتیان کە وەک هێزێکی کاریگەر و شوێندانەر توانیی بەوپەڕی لێوەشاوەییەوە بەرانبەر بە پەلامارو سەرکوتەکانی کۆماری ئیسلامی رابوەستێ و تەنانەت هەر ئەو ئازایەتی و لەخۆبردووییەی هێزی پێشمەرگەش بوو کە خومەینی ناوبەناو ملکێش دەکرا بە راگرتنی شەڕ.

بەڕێزیان باسی لەوە کرد کە، راستە بۆ ماوەی کاتی و بە پێی ئەو هەلومەرجانەی حیزبی دێمۆکراتی تێدا بووە، چالاکیی پێشمەرگانە بەرزو نزمی بەخۆیەوە بینیووە، بەڵام ئاشکرایە کە بوونی هێزی پێشمەرگە، سەرچاوە گرتوویە لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و بەردەوام ئەوە خەڵکی کوردستان بوون کە پالپشتی هەمیشەیی و دلسۆزی پێشمەرگە بوون.

کاک تەیموور مستەفایی لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا ئاماژەی بە شۆڕشی سەرانسەریی خەڵکی کوردستان‌و ئێران کرد کە پێی ناوەتە چوارەمین مانگی خۆی. مستەفایی، وێڕای بەرز نرخاندنی خەباتی “ژن، ژیان، ئازادی” ئاماژەی بەوە دا کە ئێستا خەڵکی کوردستان وەک پێشمەرگە ئەرکی خۆیان لە پێناو دابینکردنی ئازادی و کەرامەتی ئینسانی بەڕێوە دەبەن، لەو پێناوەدا دەیان شەهید و سەدان برینداریان داوە. بەرێزیان بە ئاماژەدان بە بوێری و لەخۆبردوویی خەڵک و خۆڕاگری بنەماڵە شەهیدەکانی ئەم شۆڕشە وتی کە کوردستان ئێستا ئەوەی سەلماندوە کە دەکرێ ببێتە نموونەیەکی باش بۆ سەرتاسەری ئێران، چوونکە بە رێکخراوەیی و یەکگرتووانە لە رێگەی هێزە سیاسییەکانەوە توانیوویەتی بەرپەرچی پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی بداتەوە.

بەڕێزیان باسی لە رۆڵ و کاریگەریی حیزبی دێموکرات‌و هەروەها ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران کرد لە رێبەریکردن‌ و بردنەپێشەوەی خەباتی هێمنانەی خەڵکی کوردستان بە دژی سەرکوت و شەهیدکردن کچان و لاوان و خەڵکی کوردستان و ئێران. هەروەها ئاماژەیان بەوە دا کە وڵامی خەڵکی رۆژهەڵات بە بانگەوازی هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵات کوردستان، دەریخست کە کورد دەتوانێ شوێندانەر بێ، بەڵام بەداخەوە بەشەکانی دیکەی ئێران هێشتا بەو ئاستەی کە پێویستە رێکخراو و یەکگرتوو نین.

بەڕێز مستەفایی، هەروەها بەشداریی ئەندامانی حیزبی دێموکرات و کوردانی دەرەوەی وڵاتی لە رێپێوان و کۆبوونەوەکانی پشتیوانی لە شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” بەرز نرخاند.

مستەفایی لە کۆتایی وتەکانیدا، جارێکی دیکە وێرای پیرۆزبایی ٢٦ی سەرماوەز لە هەمووان کوتیان کە ئێستا لە هەموو  کات زیاتر پێویستی هاوخەباتی و یەکگرتوویی دەبێ پێداگری لەسەر بکرێ و هەموو چالاکانی سیاسی و تاراوگەنشنیان بە خۆپیشاندان و چالاکییەکانیان فشار بخەنە سەر دەوڵەتان بۆ ئەوەی کۆتایی بە ساتوسەوداکانیان لەگەڵ رێژیم بێنن و بەناو باڵوێزخانەکانی رێژیم دابخەن و دەریان بکەن.

شێری بکە:

Pdkimedia Komitekan

بابەتی دواتر

لە وڵاتی فینلاند یادی ٧٧ سالەی دامەزراندنی کۆماری کوردستان بەرز راگیرا

3 شه‌م 1 24 , 2023
رۆژی شەممە، رێکەوتی ١ی رێبەندان (٢١/١//٢٠٢٣ی زایینی) لە لایەن کومیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی فینلاند بۆ بەرز ڕاگرتنی یادو دەسکەوتە مێژوویی و نەتەوەییەکانی کۆماری کوردستان، سێمینارێک بەڕێوە چوو. سێمینارەکە لە شاری هێلسینکی و بە بەشداریی بەڕێز کوێستان گادانی، ئەندامی رێبەریی حیزبی دێموکرات‌، ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزب، […]

نوێترینەکان