رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٦ی سەرماوەز، بەرانبەر بە ١٧/١٢/٢٠٢٢ی زایینی، بە بەشداریی دەیان کەس لە کوردو ئێرانییەکانی دانیشتووی فینلاند، رێپێوانێک لە شاری هێلسینکی، پایتەختی وڵاتی فینلاند بەڕێوە چوو.
سەرەتای رێپێوانەکە بە کۆبوونەوە لە وێزگەی شەمەنەفەری هێلسینکیو بە سروودی “ئەی شەهیدان”و چەن ساتێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە شەهیدانی رێگای رزگاریی دەستی پێ کرد.
پاشان بەشداران بە رێپێوانێکی هێمنانە بەرەو بەردەم بینای پارلمانی فینلاند رێیان کردو لەوێ کۆ بوونەوە.
بەڕێوەبەرانی ئەم کۆبوونەوەو رێپێوانە، داخوازیی بەشدارانیان باس کردن کە تێیدا داوایان لە دەوڵەتی فینلاندو وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپا کرد کە بە مەبەستی پشتیوانی لە مافەکانی مرۆڤو شۆڕشی سەراسەریی نەتەوەکانی ئێران، باڵوێزەکانی خۆیان لە تاران بانگ بکەنەوەو هەروەها باڵوێزەکانی حکوومەتی مرۆڤکوژی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتەکانیان دەر بکەن.
شایانی باسە لە نێوئاخنی ئەم کۆبوونەوەو رێپێوانەدا، دروشمی پشتیوانی لە شۆڕشی ژیناو رووخانی کۆماری ئیسلامی بە زمانەکانی کوردی، فارسی، فینلاندیو ئینگلیزی وترانەوەو شێعرو سروودی شۆڕشگێڕی پێشکەش کران.
جێگای ئاماژەیە کە ئەم رێپێوانە لە لایەن حیزبو رێکخراوە سیاسیو مەدەنییە کوردو ئێرانییەکانەوە رێک خرابوو.