پێناسەی بوون

کەریم پەرویزی

کە دەتهەوێ کەسێک بە کۆیلەیی بگری و بە چەوسانەوەی، بەهرەی کار و ژیانی بۆ خۆت وەربگری، هێز بەکار بێنە و تەسلیمی ئیرادەی خۆتی بکە. ئەمە یاسای سەدەکانی پێشوو بوو و لە سەدەی ئێستاشدا بۆ کۆیلەکردنی مرۆڤەکان هەرچەند هێزیش بەکار دەبردرێ بەڵام زۆرتر لە پارە کەڵک وەردەگیرێ و پارە و دارایی دەکرێ بە ئامرازی کۆیلەکردن یان بە واتایەکی دیکە چەوسانەوەی مرۆڤەکان.

بەڵام گەر دەتهەوێ کەسێک وا لێ بکەی کە بە حەز و ویستی خۆی کۆیلەتی هەڵبژێرێ و هەتا کۆتایی ژیانی بەوپەڕی ڕەزایەتەوە کۆیلەتیت بۆ بکا، مێشکی داگیر بکە! ئەمە ڕەمزی کۆیلەتیی بەردەوامە کە کەسێک بە دڵی خۆی و بە بێ هیچ ناڕەزایی دەربڕینێک ملکەچی ئیرادەی کەسی دی دەبێ و زۆرجاریش شانازی بە کۆیلەبوونی خۆیەوە دەکا و سنگی وەپێش دەدا کە من ئاغایەکی وەهام هەیە!

کۆیلەتیی جۆری یەکەم، کۆیلەتیی بەناچاری و زۆرەملێیە و هەر کە هێزە داپڵۆسێنەرەکە لاواز بوو، کۆیلەش ڕادەپەڕێ یان نان و پارەکە کەم بوو، ناڕەزایی دەردەبڕێ، یان دۆخەکە دەرەتانێکی تێدا وەدی بکرێ دژ بە زنجیرەکانی ڕادەپەڕێ و هەوڵی لەنێوبردنی ستەمکارەکە دەدا؛ بەڵام کۆیلەتیی جۆری دووهەم کۆیلەتییەکی قووڵترە و بە مێشکی خۆی بڕوای بە کۆیلەبوونی هێناوە و هیچ ڕەهەندێکی دیکە جگە لە ئاغا و کۆیلەتی نابینێ و بە دڵی خۆی زنجیرەکانی کۆیلەتی لە ئەستۆی خۆی توند دەکا.

کۆیلەتییەکی جۆری سێهەم هەیە کە لەوانەش توندترە و ئەویش داگیرکردنی شوناس و گۆڕینی زمانە. زمان ئامرازی بیرکردنەوە و مێکانیزمی وەگەڕخستنی مێشک و چاوی بینین و گوێی بیستن و هەستی درکپێکردنی جیهانە کە مێشک لەوانەوە جیهانی دەوروبەر دەناسێ و پێناسەی بوونی خۆی دەکا.

زمان تەنیا بریتی نییە لە چەند دەنگ و پیت و یاسای پێکەوەلکانی پیت و ڕیزکردنی وشەکان، بەڵکوو گرێچنی مێشک و هزر و ڕوانینە و هەر بۆیە لە زمانە جیاوازەکاندا جیهان بەجۆرێکی دیکە دەبینرێ. کەلتووری جوغرافیای زمانی ئینگلیزی لەگەڵ کەلتووری فەرانسەیی دونیایەک جیاوازییان هەیە و کە بە فارسی دەدوێی، هەستی دیکەت هەیە و کە بە کوردی دەئاخفی، جیهان جۆری دی دەبینی.

گەر کۆیلەبوونی مێشکی بە سەر تاکێکدا زاڵ بێ، هەرچەند کۆیلەبوونێکی ڕەگ داکوتاوە و ئەگەری وشیاربوونەوەی کەمە، بەڵام ڕەنگە بە گۆڕانی زەمان و دۆخ، وشیاریی بە مێشکی ئەو تاکە کۆیلەیە بگا و دژ بە زنجیرە دەسکردەکانی مێشکی ڕاپەڕێ، بەڵام گەر زمانی کەسێک داگیر بکەی، ئامرازی وەئاگاهاتنەوەشت لێ ئەستاندووە؛ بۆیە کۆیلەتیی لە ئاستی داگیرکراویی زماندا، کۆیلەتییەکی ڕەگ ئەستووتر و زۆر قووڵترە کە کۆلۆنیاڵیزمی تێکەڵ بە شۆڤێنیزم، دەیهەوێ زمانی نەتەوە ژێردەستەکان بسڕێتەوە و زمانی خۆی بخاتە نێو مێشکیانەوە. لە ڕاستیدا شۆڤێنیزمی زاڵ دەیهەوێ پێناسەی بوونی نەتەوەکان بسڕێتەوە و پێناسەیەکی دەسکردیان بە بەردا بکا، تاکوو بۆ هەتاهەتایە بەکۆیلەیان بکا.

زمانی کوردیمان دەپارێزین و گەشەی پێ دەدەین چوونکە زمانی دایکی پێناسەی بوونمانە و هەر بۆیە بە هەموو شێوازێک بەرگری لەو پێناسەیەمان دەکەین.

سەرچاوە: کوردستان مێدیا

شێری بکە:

Pdkimedia Komitekan

بابەتی دواتر

کۆڕێک لە بولغارستان لەسەر پرسی پەنابەران بە بەشداریی نوێنەری حیزب پێک هات

شه‌م 2 29 , 2020
کۆڕێک لەسەر پرسی پەنابەران لە بولغارستان پێک هات کە لەو کۆڕەدا نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو وڵاتەدا بەشداری کۆڕەکە بوو. ڕۆژی هه‌ینی، ٩ی ڕەشەممە، ڕێكخراوی خاچی سووری وڵاتی بولغارستان، كۆڕێكی سه‌باره‌ت به‌ پرسی په‌نابه‌ران و دۆخی هه‌نووكه‌یی په‌نابه‌ران له‌ وڵاتانی بولغارستان و ئورووپا و هه‌روه‌ها گیروگرفت و دۆخی نوێی […]

نوێترینەکان