ژنێکی نیشتیمان‌پەروەر لە شاری شنۆ کۆچی دوایی کرد

ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی ڕەشەمە، دایە خاتوون عەزیزی هاوسەری کۆچکردوو حوسێن عەبدیلزادە و دایکی هاوڕێی تێکۆشەر مەولوود عەبدیلزادە، خەڵگی گوندی (نەناس)ی ناوچەی دۆڵ سەر بە شاری شنۆ، لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

دایە خاتوون بێجگە لەوەی بۆخۆی کچی بنەماڵەیەکی نیشتیمان‌پەروەر بوو هاوکات هاوسەر و کوڕەکەشی لەڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێراندا درێژەیان بە خەباتی نەتەوایەتی و ڕزگاری‌خوازی دەدا. لەو پێناوەدا بۆخۆشی تووشی زەخت و گووشاری ڕێژیمی ئاخوندی ببۆوە و چەرمەسەری و ناڕەحەتی زۆری لە دەستیان دیت.

دایە خاتوون لەگەڵ ئەو هەموو نەهامەتی و ئازارانەی چێشتی بەردەوام شانازی بە پێشمەرگەبوونی کوڕەکەیەوە دەکرد. هەردەم منداڵەکانی هان دەدا کە لەسەر ڕێبازی کوردایەتی و حیزبی دێموکڕات بەردەوام بن. بۆخۆشی پشتیوانێکی هەمیشەیی و وەفادارێکی بەئەمەگی ڕێبازی پڕسەرەوەری شەهیدان بوو.

هە بەو بۆنەوە کۆمیتەی سوئێدی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران پرسە و هاوخەمی خۆی دەگەیەنێتە بنەماڵەی دایە خاتوون بەتایبەتی کوڕەکەی کاک مەولوود عەبدیلزادە کە نزیک بە چل ساڵە لەسەر ڕێبازی دێموکڕات بەردەوام ئەرک و بەرپرسیارێتی بۆ بەرەوپیش بردنی کاروباری حیزبی لە ئەستۆدا بووە.

کۆمیتەی گشتیی حیزب لە سوئێد داوای سەبر و ئارامی بۆ بنەماڵەی دایە خاتوون دەخوازێ و جارێکی دیکە خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێ.

بە سوپاسەوە/

کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوئێد

شێری بکە:

بابەتی دواتر

لە پارلمانی دانمارک لەسەر خەباتی حیزبی دێموکرات گفتوگۆ کرا

شه‌م 3 14 , 2020
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢١ی ڕەشەمە، شاندێکی نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکرات لە دانمارک لەگەڵ سێ پارلمانتاری ئەو وڵاتە کۆ بوونەوە. شاندی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرەستیی “ھەژار دەشتی” لەگەڵ “دانا ئەلیاسی” لە سێ دیدار و چاوپێکەوتنی تایبەتدا لەگەڵ ھەر یەک لە “لارس ئەسڵان” پارلمانتاری پارتی سوسیال دێموکراتی دەسەڵاتدار، “سۆرەن سۆندەرگورد” پارلمانتاری پارتی لیستی […]

نوێترینەکان