ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٠ی خاکەلێوە، کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نۆروێژ، بە هاوکاریی کۆمیتەی ناوچەی ڕۆمەریکە، بە شێوەی ئانلاین سێمینارێکیان لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووک بۆ یادی شەهیدانی گەلەکەمان پێک هێنا.
وێبینار بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خۆلەکێک بێدەنگی بۆ گیانی سەرجەم شەهیدانی كوردستان دەستی پێکرد.
بەڕێوەبەری ژووری سێمینار، “نادر قودرەتی”، بەرپرسی ڕێکخستنی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی نۆروێژ، باسێکی کورتی لەسەر شێواز و چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی سێمینار بۆ بەشدارانی ژوورەکە باس کرد.
پاشان پەیامی کۆمیتەی گشتی لەلایەن “عەباس نامی”، بەرپرسی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی نۆروێژ پێشکەش کرا.
لەو پەیامەدا ڕۆڵ و کاریگەریی پێشەوا ”قازی محەممەد” و هاوڕێیانی لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا و هەروەها هەلومەرجی نێونەتەویی و ناوچەیی کرا و خەباتی ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد دوای شەهیدبوونی پێشەوا ”قازی محەممەد” و پێداگری و خەباتی بەردەوام بۆ وەدیهێنانی ئامانجەکانی کۆمار باسی لێکرا و هەروەها ژیان، خەبات و تەنانەت شێوازی شەهیدبوونی پێشەوا وەکوو ڕەمزی نەتەوەیی بەرز نرخێندران.
دواتر، “سۆهراب مەعروفی” باسێکی لەسەر ژیان و خەباتی شەهید “سوارە مەعروفی” پێشکەش بە سێمینارەکە کرد و هاوکات گرتەیەکی دەنگی شەهید “سوارە مەعرووفی” خستە بەر سەرنجی بەشداربووانی سێمینارەکە کە بریتی بوو لە پەیامی یەکیەتیی لاوان کە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی لە بۆکان پێشکەش کرابوو.
پاشان، “ئامینە عەبدوڵڵاپوور” باسێکی لەسەر ژیان و خەباتی شەهیدانی بنەماڵەکەیان و گوندەکەیان پێشکەش کرد، لە باسەکەیدا لاپەڕەیەکی پڕشنگداری لە ژیان و خەبات و شێوەی شەهیدبوونی شەهیدەکانی، خستە ڕوو.
هەروەها، هاوڕێ “ئەنوەر پویا” کورتەیەک لە ژیان و خەباتی شەهید “عەلی حەمە شکۆفە” ی خستە بەر باس و هاوکات پەخشانێکی پڕ هەستی نیشتیمانی لەو پێوەندیە دا پێشکێش کرد.
لەو وێبنارەدا “ئازاد نارستی” وەک دوایین کۆڕگێڕی سێمینار، باسێکی تێروتەسەلی لەسەر ژیان و خەباتی فەرماندەی شەهید “حەمە نارستی” پێشکەش کرد و هاوکات تیشکی خستە سەر چونیەتیی ژیان و مەعاناتی بنەماڵەی شەهیدان، هەر لەو سۆنگەیەوە چەند بیرەوەرییەکی بنەماڵەی خۆیانی باس کرد، لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا باسی لە جیهانبینیی پێشەوا ”قازی محەممەد” کرد و ژیان و خەباتی پێشەوای کوردانی بەرز نرخاند.
وێبنارەکە بە سروودی “ئەی شەهیدان” کۆتایی پێهات.