ڕۆژی شەممە ٢٨ی خاکەلێوە بە مەبەستی رێزگرتن لە ژیان و تێکۆشانی شەهید لوقمان مێهفەر ئەندامی ناوەندی سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە لایەن ڕێکخستنی گشتیی دەرەوەی وڵات و بە بەشداری مامۆستا حەسەن شیوەسەڵی ئەندامی ناوەندی سیاسی، ئیبراهیم لاجانی هاوڕێ و هاوسەنگەری دێرینی شەهید لوقمان مێهفەر، ئەلبورز رۆیینتن ئەندامی ناوەندی سیاسی، قادر مێهفەر کوڕی شەهید لوقمان مێهفەر و تاهیر مەحموودی ئەندامی دەستەی کارگێڕی وێبینارێکی تایبەت بەڕێوەچوو.
سەرەتای ئەو وێبینارە بە سروودی نەتەوەیی “ئەێ ڕەقیب” دەستی پێکرد و دواتر چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان ڕاگیرا.
مامۆستا شیوەسەڵی لەسەرەتای بەرنامەکەدا قسەی کرد و بەوردی کەسایەتی بەرزی شەهید لوقمان مێهفەری لە چەند لاوە شی کردەوە. ناوبراو لە بەشی یەکەمی قسەکانی دا وتی:” هەرچەند هاوڕێ مێهفەڕ وەکوو جەستە لە ناو ئێمەدا نەماوە، بەڵکوو وەکوو تیشکێکی بەهێزی مەعنەوەی، وەکوو تەجەللی تیشکێکی بەرین، وەکوو جەوهەری رۆحێکی تازە ژیاوە ئاگاهانە و هوشیارانە و بێدار لە ناو ئێمە حزووری هەیە. هەر ئەو حزوورە، ئەو فەیزە بۆ هەمیشە ئاوا کارا و چالاك و زیندوو دەمێنێتەوە. کاك لوقمان عەقڵیەتێکی بەرز و کەسایەتییەکی دیار بوو بەڵام ئەو تایبەتمەندییە بەرزانە لە ناکاو و یەکشەوە دروست بوو یا لە گڕی ئاوری گەرمی خەباتی خوێناوی کوردەکان دا توایەوە و شکڵی گرت و لە کەل هاتەوەدەرێ و بووەوە بە ئەو کاك لوقمانەی کە ئێمە دیتمان. دایرەی کارەساتەکە بەرینە و ولامی پرسیارەکانیش بۆ من زەحمەتن بۆیە لە سووچێکەوە، لە خاڵێکی زۆر بچووکەوە باسی تایبەتمەندییەکانی کاك لوقمانی ئازیزمان دەکەم”.
مامۆستا شیوەسەڵی لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا و بەگشتی کەسایەتی شەهید لوقمانی بەسەر دوو بەش دا دابەش کرد و هەرکام لەو بەشانەشی بەوردی و بە پشتبەستن بەڕابردووی کاك لوقمان و پێگەی کۆمەڵایەتی و هەوڵ و زەحمەت و ماندووبوون و خۆپێگەیاندن و هەروەها ڕۆڵی گرینگی بنەماڵەکەی و بەتایبەت ڕۆڵ و کارتێکەری شەهید مەلارەحمان لاهیجانی لەسەر شەهید کاک لوقمان مێهفەر خستەبەر باس و ئانالیزەی کرد.
دواتر ژیاننامەی شەهید لوقمان مێهفەر پێشکەش کرا و پاشان کاك ئیبراهیم لاهیجانی وەك هاوڕێ و هاوسەنگەری لەمێژینەی کاک لوقمان بەو بۆنەوە قسەی کرد و ناوبراویش بە وردی ژیان و خەبات و تێکۆشان و تایبەتمەندی بەرزی ئینسانی و شۆڕشگێڕانەی کاك لوقمان لە ماوەی نزیک بە چوار دەیە خەبات و تێکۆشان و ڕۆڵ و کاریگەری بنەماڵەی لاهیجانی و بەتایبەت خوشکە خەجیجە لاهیجانی هاوسەری شەهید لوقمان-ی لەسەر ناوبراو لە گۆشەنیگایەکیترەوە شی کردەوە.
لە درێژەی ئەو وێبینارەدا ئەلبورز رۆیینتن ئەندامی ناوەندی سیاسی قسەی کرد. کاك ئەلبورز لە قسەکانی دا لایەنی یاسایی و مافناسی کەسایەتی شەهید لوقمان و هەروەها ئەو ئەزموون و پێکەوە کارکردنەی هاوڕێ و هاوسەنگەرانی لە ناوەندی سیاسی وەکوو ئەزموونێکی نوێی کارگێڕی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ شەهید کاك لوقمان و ڕۆڵی کاریگەر و کارای کاك لوقمان لە بریاراتی ناوەندی سیاسی و پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی بریاراتی نوێ و کۆن لە روویی یاساییەوە خستەبەرباس.
پاشان کاک قادر مێهفەر کوڕی شەهید لوقمان مێهفەر لە پانێلێکی دیکەی وێبینارەکەدا بە نوێنەرایەتی بنەماڵەی شەهید لوقمان بەشداری کرد. ناوبراو وێڕای ئاوڕدانەوە لەو ژینگە سیاسی، کۆمەڵایەتی و شۆڕشگێڕییەی شەهید لوقمان تێی دا پێگەیی، هەروەها باسی لە ژیان و تێکۆشانی شەهید لوقمان لە مەتەرێزی دێموکرات و هەوڵ و تێکۆشانی بۆ سەرخستنی خەباتی رزگاری خوازی گەلی کورد و فیداکاری نواندن لەو پێناوەدا کرد و هاوکات باسیشی لە ڕۆڵی گرینگی کاك لوقمان وەك باوکێکی دێموکرات و یەکسانیخواز لە نێو بنەماڵە و پێگەیاندنی جگەرگۆشەکانی کرد. ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا و بە ناوی بنەماڵەی شەهید لوقمان مێهفەرەوە، سپاس و پێزانینی خۆی بۆ ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ڕێکخستنەکانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات و ئەندامان ولایەنگران و کۆمەڵانی تێکۆشەری کوردستان کرد کە لە خەمی شەهید بوونی کاك لوقمان دابوون و حیزبی دێموکرات و بنەماڵەی شەهید لوقمانیان بە تەنیا نەهێشتەوە و وێڕای ڕێز و ستایش لەو شەپۆژە بەرینەی هاوخەمی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، هاوخەمییەکەی وەک پەیامێکی گرنگ وەسف کرد کە نیشانی دا لەلایەک خەڵک دڵی لەگەڵ شۆڕشگێڕانی شاخە و لەلایەکی دیکەشەوە پیلان و خەونی دوژمنانی لەڕاستای سەرکووتی خەباتی کورددا پووچەڵ کردەوە. هەر لەو پێوەندییەشدا بۆ جارێکی دیکەی بەڵێنی بە شەهیدانی سوورخەڵاتی کوردستان و گەلی کورد و حیزبی دێموکرات دا کە تا گەیشتن بە ئامانجەپیرۆزەکانی شەهیدان و بەتایبەتیش شەهید لوقمان مێهفەر درێژەپێدەری ڕێبازی پیرۆزیان بن.
لە کۆتابەشی ویبینارەکادا کاك تاهیر مەحموودی ئەندامی دەستەی کارگێڕی و بەرپرسی دەزگای ڕێکخستنی گشتی قسەی کرد. مەحموودی لە بەشێک لە قسەکانی دا وتی:” پێمخۆشە سەرەتای باسەکەم بە نووسینێك لە شەهید سولەیمان رەسووڵزادە باس بکەم کە یەکێك لە خۆشەویستەکانی شەهید لوقمان مێهفەربوو. لە تابلۆیەکی جواندا نووسیبووی “مرۆڤ رۆژێك پێ دەنێتە بەلەمی ژیان و رۆژێك دادەبەزێ. گرینگ نییە کەی و لەکوێ دادەبەزێ، بەڵکوو گرینگ ئەوەیە کە ماوەی سواربوون و دابەزین چۆن دەپێوێ”. شەهید لوقمان دەستپێکی خەباتی بە سێوەیەکی زۆر مەحکەم و زۆر قاییم و بەو تایبەتمەندییە بەرزانە و بەو خەسڵەتە شۆڕشگێڕیانەی لەخۆیدا هەبوو دەستپێکرد و بەو مردنە پڕ لە شانازییەش کۆتایی هات. شەپۆلی پڕ لە بەڵێنی و دڵنوایی دانەوە و هاودەردی لەگەڵ حیزب و بنەماڵەکەی لە لایەن تێکۆشەرانی حیزب لە ناوخۆ و دەرەوە و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە بۆنەی کۆچی دوایی شەهید لوقمان سەلمێنەی ئەو راستییەن”.
کاك تاهیر لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا ئاماژەی بە بەشی زۆری تەمەنی خەبات و تێکۆشانی کاک لوقمان لە ناوچەی پیرانشار وەك زێدی کاك تاهیر و ئاشنابوون و ناسیاوی هەر لە سەردەمی منداڵییەوە و دواتر لە کۆنگرەی ١٤ی حیزب لە ڕێبەری و تا رۆژی دواماڵئاوایی کرد و لەو ماوەیەدا ڕۆڵی گرینگ و کاریگەری شەهید لوقمان لەگەڵ هاوڕێیانی و ئامۆژگارییە بەنرخەکانی و ڕێنوێنی هاوکارەکانی کرد.
کاك تاهیر مەحموودی لە کۆتا بەشی قسەکانی دا ئاماژەی بە هاوکاری توند وتۆڵی نێوان کاك لوقمان و ڕێکخستنی حیزبی دێموکرات و بەتایبەتیش لە بەشی تەشکیلاتی نهێنی وەك یارمەتیدەر و ڕێکخەرێکی بەتوانا و بە ئەزموون کرد کە لەو بارەوە شوێن و پێگەی تایبەتی بە رێکخستنەکانی حیزب بەخشیبوو.