وێبنارێکی تایبەت بە ٢٥ی گەلاوێژ لە دەرەوەی وڵات بەڕێوەچوو

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی گەڵاوێژ، لە درێژەی زنجیرە وێبنارەکانی ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، بۆ بەر ڕاگرتنی ساڵوەگەڕی ٧٥ ساڵەی دامەزراندنی حیزب وێبنارێک بە بەشداریی ”سادق زەرزا” تێکۆشەری دێرینی حیزبی دێموکڕات و ”سەلیم زەنجیری” بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنەکانی حیزب بەڕێوە چوو.

سەرەتای وێبنارەکە بە کۆڕگێڕیی ”شەھریار نەقشبەندی” جێگری ڕێکخستنی دەرەوەی ئورووپا بە سروودی نەتەوایەتی “ئەی ڕەقیب” و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەھیدان دەستی پێکرد.

 لە بڕگەی یەکەمی وێبنارەکەدا ”سەلیم زنجیری” بە ناساندنی بابەتەکەی بە نێوی “ئەرک و ڕۆڵی ڕاگەیاندن لە سەرەتا ھەتا ئێستای دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران” دەستی پێکرد.

 نابراو لە باسەکەیدا لە سەر ماس مێدیا و سۆشیال‌ میدیا و ڕۆڵی مێدیا بە گشتی وەک ڕوکنی چوارەمی دێموکراسی بۆ گەیاندنی ھەواڵ و زانیاری چەند قوناغێکی تێپەڕاندووە و کاریگەریەکانی لەسەر ھوشیارکردنەوە و پەروەردەکردنی لە کۆمەڵگا دوا و ڕاگەیاندنی وەکوو چەکێکی گرینگ لە خزمەتی شۆڕشی گەلی کورددا وەسف کرد و ئاماژەی بەو ڕاستییە تاڵەش دا کە داگیرکەرانی کوردستان دژی شۆڕشی گەلەکەمان و بە قازانجی سەرخستنی سیاسەتە چەپەڵەکانیان و ھەروەھا بۆ سڕینەوەی کولتوور و زمان و مێژووی میللەتەکەمان بە باشترین شێوە کەڵکیان لێوەرگرتووە و ساڵانە پارەیەکی زۆر لە بواری چەواشەکاری و پڕوپاگەندەی ناڕاست سەرف دەکەن کە بەداخەوە لەو ڕێگەوە توانیویانە بە بەشێک لە سیاسەتە دژە مرۆڤایەتییەکانی بگەن.

“زەنجیری” لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا بە گشتی باسی لەو ھۆکارانە کرد کە لە چوار پارچەی کوردستان بۆچی ئێمەی کورد نەمانتوانیوە بە باشی لە ڕاگەیاندن کەڵک وەرگرین بۆ سەرخستنی شۆڕش و بەرپەرچدانەوەی سیاسەتەکانی ڕێژیمە داگیرکەرەکانی کوردستان دەرحەق بە میللەت و شۆڕشە ڕەواکەی؛ چەند خاڵێکی لەسەر سەرنەکەوتنی شۆڕشی کورد باس کرد یەکێک لەو خاڵانە نەبوونی دەسەڵاتێکی کوردی لە ھیچ یەک لە بەشەکانی کوردستان و بندەستی و نەبوونی ڕۆشنبیری بۆ خۆپاراستن لە زوڵم و زۆری داگیرکەران و ھەروەھا ئەوەیکە شۆڕشی کورد نەیتوانیوە لە ھەموو بەشەکانی ڕاگەیاندن بۆ پاراستنی زمان و کولتووری خۆی کەڵک وەرگرێت؛ بەڵام بەو حاڵەش توانیویەتی هەتا ئاستێک شوناسی نەتەوەیی خۆی بپارێزێت. ھەروەھا باسی لە مێژووی قۆناغەکانی ڕاگەیاندنی کوردی لە ھەموو بەشەکانی کوردستان کرد وەک نموونە باسی لە “بەدرخانـ”ـییەکان کرد کە یەکەم ڕۆژنامەی کوردیان لە قاھیرە و لوبنان چاپ کرد.

ھەروەھا ڕۆڵ و پێگەی ڕێبەری شۆڕشەکانی کوردی لە بواری بایەخدان بە ڕاگەیاندنی کوردی و پەروەردەکردنی تاکی کورد لە ڕۆژھەڵات وەکوو ڕێبەری ناوداری کورد ”سمکۆی شکاک” کە بە نموونە ھێنایەوە.

ناوبراو لە درێژەدا باسی ڕوڵ و دەوری ڕاگەیاندنی لە نێو حیزبی دێموکراتدا کرد کە لە سەر بناغەی فیکری و سیاسەتی ژێ.کاف بۆ سەرخستنی ماف و ئازادییەکانی گەلی کورد لە ڕۆژھەڵات دامەزرا و دامەزراندنی حیزبی لەو کاتەدا بە نوختە وەرچەرخانێکی گرینگ لە مێژووی شۆڕشی کورد لە ڕۆژھەڵات و لە کوردستاندا بە گشتی پێناسە کرد.

بە بڕوای ناوبراو حیزبی دێموکرات لە بواری ڕاگەیاندن و پەروەردەکردنی کۆمەڵگای کوردی لەو کاتەدا توانیویەتی بە باشترین شێوە ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات و ئەو سمبولانەی کە میللەتی کورد شانازیی پێوە دەکات وەکوو سروودی نەتەوەیی، ئاڵای کوردستان، وشەی پێشمەرگە و چاپەمەنی و ھەموو بەشەکانی ڕاگەیاندن و بە تایبەت ڕۆژنامەی کوردستان بە دەسکەوتی کۆماری کوردستان و حیزبی دێموکرات زانی و باسی مێژووی ڕوژنامەی کوردستانی کرد کە کۆنترین و یەکێک لە یادگارییەکانی کۆماری کوردستانە کە ھەتا ئێستا بەردەوام چاپ دەکرێت و بۆ گەلی کورد و تەنانەت بۆ داگیرکەرانی کوردستانیش بە باشترین سەرچاوەی ھەواڵەكان دادەنرێت و پێگەی ڕۆژنامەی کوردستان لە نێو حیزبدا بە باشترین سەرچاوەیە بۆ پەروەردەکردنی میدیاکارانی حیزبه که کەڵکی لێ وەربگرن.

”زەنجیری” لە درێژەی باسەکەیدا ڕوڵی دوکتور ”قاسملوو”ی لە نێو ڕاگەیاندنی حیزبدا خستە بەر باس و دەوری ئەو ڕێبەرە مەزنەی کە بە ھەموو شێوەیەک ھەوڵی دا لە کەرەستەی سەردەمیانە لە بواری ڕاگەیاندن بە باشترین شێوە دەنگ و ڕەنگی حیزب بە گەلی کورد و داگیرکەری ئاخوندی بگەیەنێت و ھەوڵی سەرخستنی ئاستی زانیارییەکانی کادرەکانی حیزبی دەدا تاکوو باشتر بتوانن سیاسەتی حیزب ببنە نێو میللەتەکەیان.

و لە درێژدا باسی ڕوڵی ڕادیۆ دەنگی کوردستانی کرد و ڕوڵ و پێگەی دوکتور ”شەرەفکەندی” لە خزمەتکردن بە ڕادیو دەنگی کوردستان و ھەموو بەشەکانیتری ڕاگەیاندن بەرز نرخاند و بە ھەموو شێوەیەک یار و پشتێوانی دوکتور “قاسملوو”ی نەمر بوو و گرینگی دامەزراندنی ڕادیۆ دەنگی کوردستان لە کاتێکی زۆر حەساس و پێویستدا بۆ خزمەتکردنی شۆڕشی ڕۆژھەڵات و باشترین کاناڵ بۆ گەیاندنی سیاسەت و بەرنامەی حیزب بۆ نێو کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژھەڵات و باشترین پردی پێوەندی حیزب و گەلەکەی بوو ھەروەھا بە باشترین سەرچاوەی ھەواڵی چالاکییەکانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان دادەنرا و لە زۆر کاتدا دوژمنیش کەڵکی لێوەردەگرت.

لە درێژەی باسەکەیدا لە ھاتنەخوارەوەی حیزب لە چیاکانی کوردستان و نیشتەجێبوونی حیزب لە دەشتی کۆیە و نەقش و پێگەی ڕاگەیاندنی حیزبی لەو قوناغەدا شی کردەوە کە لە باشترین کەرەستەکانی سەردەم وەکوو کامپیوتێر و ئینتێرنت و دروستکردنی ماڵپەڕە فەرمیەکانی حیزب بۆ لە قاودانی سیاسەتەکانی ڕێژیم دژی گەلی کورد و پێدانی زانیارییەکانی حیزب بە زۆربەی زاراوەکان لەو قوناغەی خەباتدا دەخستە بەر خزمەتی نەتەوە  و شۆڕشەکەی و ڕاگەیاندن یەکێک لە باشترین چەکەکانی خەبات بوو حیزب کەڵکی لێ وەردەگرت و ھەروەھا باشترین پردی پەیوەندی بوو لە نێوان ڕوژھەڵات و پارچەکانی تری کوردستان.

هەروەها  باسی لە یەکێک لە قوناغەکانی تری ڕاگەیاندنی حیزب کرد کە ئەویش دامەزراندنی تیشک تی.ڤی بوو کە حیزب بە گوێرەی توانای و ئەو ئیمکاناتەی لە بەردەستی دابووە ھەوڵی داوە دەنگ و ڕەنگی حیزب بە باشترین شێوە بگەیەنێتە نێو تاک بە تاکی بنەماڵەکانی کوردستان و لەو ڕاستایەشدا بە باشترین شێوە ئەرکی خۆی جێبەجێ کردووە و ھەوڵیداوە یارمەتیدەری شۆڕشی پارچەکانی تری کوردستان و لەقاودەری سیاسەتەکانی داگیرکەرانی کوردستان دژی گەلی کورد بێت.

لە کۆتایی بابەتەکەیدا میدیای حیزبی بە شەفافترین و ڕاستگۆترین ڕاگەیاندنی سەردەم ئەژمار کرد کە دۆست و دوژمن بە سەرچاوەی ھەواڵ و زانیارییەکانی خۆیانی دەزانن و بەو شێوەیەی حیزب ئەخلاقی تێکەڵ بە سیاسەت کرد بەو شێوەیەش بە ئەخلاق و پەرەنسیبی کاری ڕاگەیاندنی ئەرکی خۆێی لە بواری میدیایەوە جێبەجێ کردووە و بەردەوام ڕەچاوی ئامۆژگارییەکانی ڕێبەری مەزنی نەتەوەکەمان دوکتور “قاسملوو”ی کردووە.

 هاوکات باسی ئەم قوناغە نوێیەی خەباتی کوردستانی ڕۆژهەڵات کرد کە بە ڕاسان ناسراوە کە ئەرکی گرێدانی خەباتی شاخ و شارە کە نابێت بە تەنیا کادر و پێشمەرگەی ڕاگەیاندن ئەو ئەرکە جێبەجێ بکەن بەڵکوو ئەرکی ھەموو ئەندام و لایەنگری حیزبیە کە بە گوێرەی توانا یارمەتیدەری ڕاگەیاندنی حیزب لەم قوناغەدا بن.

لە بڕگەی دووەمی وێبنارەکەدا دوکتور ”سادق زەرزا” باسی له “قۆناغە مێژووییەکانی شۆڕشی گەلانی ئێران هەتا ساڵی ٦٨ی هەتاوی” کرد.

“زەرزا” لە سەرەتادا ئاماژەی کرد بە ڕوڵی قۆناغە مێژووییەکانی حیزب لە شۆڕشی گەلانی ئێران هەتا ساڵی ٦٨ و بۆ بەرچاوڕوونیی زیاتر لە سەر مێژووی گەلی کورد و شۆڕشەکانی لە چوار پارچەی کوردستان ھەڵوێستەی کرد و چەند نموونەی لەو شۆڕشانەی لە پارچەکانی تر ڕوویانداوە بە نموونە ھێنایەوە وەکوو شۆڕشی ئاگری،  شۆڕشی ئارارات، شۆڕشی سەید ڕەزا و شۆڕشی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە ڕێبەرایەتیی “سمکۆی شکاک” و لە باشووریش شۆڕشی شێخ مەحموودی نەمر و چەند شۆڕشی تری بە نموونە ھێنایەوە و باسی ڕۆڵ و دەوری ئەو شۆڕشانەی کرد لە مێژووی گەلی کوردا لە چوار پارچەی کوردستان و ھۆکاری دامرکاندنەوەی ئەو شۆڕشانەی باس کرد کە سەرەکیترینیان نەبوونی بەرنامەیەکی سەردەمیانە و مودێرن بوو.

“زەرزا” لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی مێژووی حیزب بە ڕێبەرایەتیی “پێشەوا”ی نەمری کرد کە لە سەر بناغەی ڕێکخراوەی ژێ.کاف دامەزراوە و نوختە وەرچەرخانێک بوو لە مێژووی شۆڕشی گەلی کورد بە گشتی، چونکە بەشێکی زۆر لە ڕۆشنبیرانی کورد تێیدا بەشدار بوون و بۆ مافی میللەتەکەیان ھەوڵیان دەدا و مۆدێرنترین حیزبی کوردی بوو لەو سەردەمەدا کە دونیای دێموکراسی دەرەوە پێشوازیان لێدەکرد، لە حیزبێکی وادا کە ڕێبەرایەتی بە دەستی تەنیا کەسێکەوە نەبوو کە بە شەھیدبوونی ڕێبەرەکانی ئەو حیزبە و شۆڕشەکەی تووشی پەرتەوازەیی و لەناچوون بێت ھەر وەک ھەموومان دەزانین دوای شەھیدبوونی دوکتور “قاسملوو”ی نەمر و دوکتور “شەرەفکەندی” قوتابییەکانی ئەو ڕێبەرانە ھەر درێژەدەری ڕێگەکەیان بوون.

ناوبراو لە درێژەدا باسی لە ڕوڵی حیزب کرد لە شۆڕشی گەلانی ئێران و شۆڕشی کوردستان بەتایبەتی کە لە سەرەتای شۆڕشدا بە ھەزاران ئەندام و لایەنگری بوو، بەڵام حیزب ھیچکات لە نەقش و پێگەی لایەنەکانی تری کەم نەکردەوە کە زۆربەیان دژی حیزب ڕادەوەستان لەکاتێکدا حیزب بۆ خۆی یارمەتیدەریان بوو لە مانەوەیان لە کوردستان و ھیچکات تەنیا خۆی بە خاوەنی کوردستانی ڕۆژھەڵات نەزانی و حیزب لە ھەموو بوارەکان خزمەتی بە میللەت و شۆڕشە ڕەواکەی دەکرد و بۆ پاراستنی بە ھەزاران شەھیدی پێشکەشی بارەگای ئازادیی نەتەوەکەی کردووە و بە ھەموو شێوەیەک ھەوڵی ڕۆشنبیرترکردنی میللەتەکەی دەدا.

لە درێژەی باسەکەیدا ناوبراو باسی ئاشتیخوازیی حیزب و ڕێگەچارەی ئاشتیانە بۆ گەیشتنی گەلی کورد بە مافەکانی بە ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکرات لەو سەردەمەدا باس کرد بەڵام چونکە ڕێژیمی ئاخوندی ڕێژیمێکی دیکتاتۆر و ناسەردەمیانە بوو و باوەڕی بە مافی کورد نەبوو و بە ھەموو شێوەیەک بۆ لەناوبردنی شۆڕش و میللەتی کورد ھەوڵی دەدا و ھیچکات لەگەڵ ئەو ھەیئەتانەی گەلی کورد کە سەردانیان دەکردن ھەوڵی نەدا بە ڕێگەچارەیەکی ئاشتییانە مافی گەلی کورد بدات و تەنیا بۆ کات کوشتن و خۆ ڕێکخستنەوی ھێزەکانی بۆ پەلاماردانی کوردستان لەگەڵ نوێنەرانی کورد کۆ دەبوویەوە.  

لە درێژەی باسەکەیدا باسی برادەرانی کونگرەی چواری حیزبی کرد کە بەداخەوە لە ژێر کارتێکەریی حیزبی توودە پشتیان لە حیزب کرد.

لە درێژەی باسەکەیدا باسی لە  کۆنگرەی ١٣ و باسی خاڵە نێگەتیڤەکانی ئەو جیابوونەوەیەی کرد و ئێستاش خوشحاڵی خۆی دەربڕی کە ھەوڵی یەکگرتنەوە دەدرێت.

لە کۆتایی باسەکەیدا بە ڕوونی باسی ئەوەی کرد حیزب لە ھەموو قۆناغەکانی شۆڕشەکەیدا بە ھەموو شێوەیەک بۆ بەگژداچوونەوەی سیاسەت و داگیرکەرییەکانی ڕێژیمی ئاخوندی خەباتی کردووە و کۆڵی نەداوە بەڵام شەڕخواز نەبووە و ھەوڵی داوە بە ڕێگەی ئاشتی چارەسەری پرسی میللەتەکەی لەگەڵ ڕێژیمی ئاخوندیدا بکات.

لە کۆتاییدا ناوبراو مەرجی سەرخستنی شۆڕشی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بۆ یەکگرتنەوەیە بەتایبەت یەکگرتنەوەی حیزب و “ھاوڕێیانی پێشوو” بە ئەرکی ئەندام و ڕێبەرایەتی حیزبی زانی کە بە ھەموو شێوەیەک ھەوڵی سەرخستنی ڕاسان بدەن چونکە لەم قۆناغەی شۆڕشی ڕوژھەڵات تەنیا ڕاسانە کە دەتوانێت لە ئاستی چاوەڕوانیی گەلی کورد لە ڕۆژھەڵات دابێت.

شێری بکە:

بابەتی دواتر

بەبۆنەی یووبیلی ئەڵماسیی، ٧٥ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکرات وێبنارێک بەڕێوەچوو

4 شه‌م 8 19 , 2020
بەبۆنەی یووبیلی ئەڵماسیی ٧٥ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٤ی گەلاوێژ، وێبنارێکی تایبەت لەلایەن ڕێکخستنی گشتیی حیزب لە دەرەوەی وڵات بەڕێوەچوو. سەرەتای بەرنامەکەی بە خوێندنەوەی سروودی “ئەی ڕەقیب” دەست پێکرد و دواتریش خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆحی پاکی شەهیدانی کوردستان ڕاگەیەندرا و پاشان وێبنارەکە دەستی […]

نوێترینەکان