سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەمە ٢٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، کۆڕیادێک بۆ ٣٤ـەمین ساڵوەگەڕی کیمیابارانی هەڵەبجە لە پارلمانی سوید لەلایەن کۆمیتەی کوردی/ سویدی بەڕێوە چوو.
لەو کۆڕیادەدا چەندین سیاسەتوانی سویدی و بەشێک لە لایەنە کوردستانییەکان بەشدار بوون و وتاریان پێشکەش کرد. لەو کۆڕیادەدا لە کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی وڵات ”چیا عەلیار” وەکوو نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەشدار بوو.
سەرلەئێوارەی هەمان ڕۆژ لە شاری ستۆکهۆڵم کۆڕیادێکی تر بەڕێوە چوو کە وەزیری کولتووری ئێستا و پێشووی سوید و چەندین سیاسەتوان و پارلمانتاری سویدی لە حیزبە سویدییەکان و ڕێکخراوەکان بەشدار بوون.
لەو کۆڕیادەدا وەڤدێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆمیتەی گشتیی حیزب و کۆمیتەی پێوەندیەکانی دەرەوەی پێکهاتوو لە ”چیا عەلیار و جەمیلە حەسەن خاڵی” و لە کۆمیتەی گشتیی حیزبیش ”عەنایەت دەشتی” بەشدار بوون و لە پەراوێزی ئەو کۆڕیادەدا چاویان بە نوێنەرانی ڕێکخراوە کوردی و حکوومەتییەکان کەوت.