كۆمێتەی گشتیی حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران لە وڵاتی سوئێد بەبۆنەی 28ــەمین ساڵیادی شەهیدانی میكۆنوس، چالاكییەكی ئانڵاینی بەڕێوە برد كە تێیدا نووسەر و توێژەر د. هاشم ئەحمەدزادە گفتوگۆیەكی ئەكادیمی لەبارەی كتێبەكەی د. سادقی شەڕەفكەندییەوە پێشێكش كرد.
وێبینار لەژێر ناوی: “مێژوونووسی و مێژوو؛ ئاوڕێك لە كوورتەمێژووی بزووتنەوە نەتەوایەتییەكانی كورد لە د. سادقی شەڕەفكەندی” لە ئێوارەی یەكشەم 2020/09/20 دەمژمێر 18:00 لەسەر پرۆگرامی Zoom لەلایەن بەشی راگەیاندنی كۆمیتەی حدكا لە سوئێد بەڕێوەچوو كە بە سروودی نەتەوەییی ئەی رەقیب و راگرتنی ساتێك بێدەنگی بۆ گیانی شەهیدانی گەل و حیزب دەستی پێكرد.
سەرەتا لەلایەن بەڕێوەبەری وێبنارەوە هاوار بازیان دەرگای باسەكە كرایەوە و و وێڕای خێرهێنانی مێوان و بەشدارانی بەرنامەكە لە هەردوو ژووری Zoom و فەیسبووك، د.هاشم دەستی بە باسەكەی خۆی كرد كە 3 بەشی سەرەكیی لەخۆ گرتبوو.
یەكەمیان باسێكی تیئۆری بوو لەبارەی چەمكی مێژوو و باری زانستیی مێژوو كە تێیدا بەڕێزیان ئاماژەی بەوە كرد مێژوو پێوەندییەكی راستەوخۆی هەیە بەوەی كێ و كەی و چۆن و لە كام رەهەندەوە دەینووسێتەوە و روونی كردەوە كە ئەگەر مێژووی كورد شێوابی، هەڵەی مێژوونووسە و نەك كورد خۆی.
دووەمیان بەگرینگەوە باسی لەو كتێبەی د.سادقی شەڕەفكەندی كرد كە 40 ساڵ لەمەوبەر نوووسراوە و تێیدا باس لە مێژوو و پاشخانەكانی دیرۆكی كوردی لە شۆڕشی نەتەوەیی لە سەرجەم بەشەكانی كوردستان كردووە تەنیا بۆ ئەوەی بۆشاییەك بۆ خوێنەری كورد پڕ بكاتەوە كە مەبەستی سەرەكیی د. سادق ئەوە بووە كورد هەرچی زیاتر ئاگاداری رابردووی خۆی بی.
سێیەمیان چوونە ناو شۆڕشەكانی كورد بوو كە د.سادق باسی كردوون و لێرەدا د.هاشم بەوردی شیكردەوە لەوەی كورد و شۆڕشەكانی هەمیشە رەوایەتیی نەتەوەیییان هەبووە لەوەی كردوویانە، بەڵام ئەوەی كێ ئەو مێژووە دەنووسێتەوە رەنگە كاریگەریی گرینگی هەبووبی لەوەی ئاراستەی مێژوومان بەرەو كوێ دەچی.
لەناو قسەكانیدا ئەو نووسەر و توێژەرە كە لە زانكۆی ئوپسالای سوئێدیش كار دەكا بەئاشكرا باسی لە كەموكوڕییەك كرد لەوەی كورد ئاگاداری مێژووی خۆی نییە و ئەم خاڵە وایكردووە كەمتر لە هێزی ئێستە و رابردووی خۆمان تێبگەین.
وێبنارەكە نێزیكەی دوو دەمژمێری خایاند كە لە بەشی كۆتاییدا دەوڵەمەند كرا بە دەیان پرسیار و وەڵامی بەشداران.