ڕێوڕەسمی ۷٤ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نۆرنبێرگ، بە هاوکاریی پارتی ئازادی کوردستان باکوور (پاک)، پارتی دێموکراتی باکوور، پارتی سوسیالیستی کوردستان- باکوور، پارتی ماف و ئازادیی کوردستان- باکوور، پارتی دێموکراتی کوردستانی سووریە، ئەنجومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریە و پارتی ئازادی کوردستانی ڕۆژئاوا لەم شارەدا بەڕێوە چوو.
سەرەتای ڕێوڕەسمەکە کە ڕۆژی ٥ی ڕێبەندان بەڕێوە چوو، بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ڕێزگرتن لە گیانی پاکی پێشەوای مەزن و شەهیدانی کورد و کوردستان و هەروەها ڕێزگرتن لە قوربانییانی بومەلەرزەلێدراوانی باکووری نیشتمان دەستی پێکرد.
پەیامی کۆمیتەی نۆرنبێرگ بەم بۆنەوە لەلایەن “حەسەن ڕەزایی”، بەرپرسی کۆمیتەوە پێشکەش کرا.
دواتر پەیامی هاوبەشی ئەو حیزب و لایەنە سیاسییانەی کە لە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمەکەدا هاوکاربوون لەلایەن “چنارعوسمانـ”ـەوە پێشکەش کرا.
لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا، خاتوو “لیڤان لنیڤایی”، نووسەر و چالاکوانی تۆڕی میدیایی و جڤاک، پەیامێکی پێشکەش کرد.
چەندین پەیامی پیرۆزبایی لەلایەن حیزبە کوردییەکانەوە پێشکەشی ڕێوڕەسمەکە کرابوو کە بەهۆی کەمیی کاتەوە تەنیا ئاماژە بە ناوەکانیان کرا کە بریتی بوون لە: “یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان، پارتی دێموکراتی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران”.
لە بڕگەگەلی جیاوازدا، “نادر ئەڵڵایاری” بە پارچە پەخشانێک، هونەرمەند “جان جوان عومە ” گۆرانییەک، هونەرمەند “ئارم ئارتی”، گۆرانییەک و “هۆزان” هونەرمەندی مێرمنداڵی عفرینی بە پارچە موزیکێک، کۆڕەکەیان ڕازاندەوە.
پەیامی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن “مەهدی خاکیـ”ـەوە پێشکەش کرا و لە بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەکەدا، “میهمێد تانریڤێردی Mehmet Tanriverdi پەیامی ناوەندی کولتووری کورد و ئاڵمانیی شاری برڵینی پێشکەش کرد.
ڕێوڕەسمەکە بە شایی و هەڵپەرکێی بەشداربووان کۆتایی پێهات.