رۆژی یەکشەممە، رێکەوتی ٢٦ی گەلاوێژی ١٣٩٩ی هەتاوی (١٦/٨/٢٠٢٠ی زایینی)، بە بۆنەی حەفتاوپێنجەمین ساڵڤەگەڕی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، بە بەشداریی بەڕێزان کاک کەریم پەرویزی، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی حیزبو کاک باباعەلی مێهرپەروەر، چالاکی سیاسیو ئەندامی پێشووتری دەفتەری سیاسیی حیزب، وێبنارێکی تایبەت بەڕێوە چوو.
وێبنارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی رەقیبو ساتێک بێدەنگی بە مەبەستی رێزگرتن لە گیانفیدایی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد.
پاشان بەڕێز کاک کەریم پەرویزی، باسەکەی لە ژێر ناوی “راسان، میتۆدی نوێی خەبات” پێشکەش کرد.
بەڕێز پەرویزی، لە سەرەتای وتەکانیدا، وێڕای پیرۆزبایی ئەم رۆژە مێژووییە، بە پێناسەکردنو هۆکاری دەستپێکردنی “راسان”، روانگەی حیزبی دێموکراتی لەسەر ئەم قۆناخە لە خەبات روون کردەوە، ئاماژەی بە گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگای کوردستان کردو لەسەر زەروورەتی گەشەکردنی راسان تەئکیدی کردەوە.
بەڕێزیان لە بەشێک لە وتەکانیدا وتی: “ئێمە لە حیزبی دێموکراتدا، راسان وەکوو تاکتیک نابینین بەڵکوو، راسان پرۆسەیەکە لە قۆناخێکی نوێی خەباتدا. کە دەڵێین پرۆسەیەکە، یانی لە شوێنێکەوە بە هەندێ هۆکار دەست پێ دەکات، درێژەی دەبێو بە قۆناخو بڕگەی جیاوازدا گەشە دەکات.”
ئەندامی دەستەی کارگێڕی حیزب، لە درێژەی باسەکەیداو لەسەر ئەوەی کە ئەم پرۆسەیە چۆن دەستی پێ کردووەو چیە، وتی: “راسان لە دیدی خەباتکارانەو شۆڕشگێڕانەوە بریتییە لە پرسیار.” هەروەها وتی: “راسان لە پرسیارەوە دەست پێ دەکات، بە پرسیار درێژەی دەبێو بە پرسیار گەشە دەکات.”
بەڕێز پەرویزی، لە درێژەی وتەکانیدا، وێڕای ئاماژە بە قۆناخەکانی خەباتی نەتەوایەتیی کوردو حیزبی دێموکرات لە رابردوودا، لەسەر زەروورەتی بوونو گەشەکردنی پرۆسەی راسان، وەک میتۆدێکی نوێ لە خەبات بۆ قۆناخی ئێستا تەئکیدی کردەوە.
بەڕێزیان دواتر بە ئاماژەکردن بەو گۆڕانکارییانە کە لە کوردستان، ئێرانو جیهاندا هاتوونەتە پێش، راسانی وەک پرۆسەیەکی وەڵامدەر لە قەڵەم دا کە پێویستە گرنگیی پێ بدرێ.
سەبارەت بە چۆنیەتیی بەکردەیی کردنی راسانو بەرینترکردنەوەی خەباتی نەتەوایەتی، بەڕێز پەرویزی وتی: “ئێمە پێویستمان بەوە هەیە کە خەبات لە کوردستانی رۆژهەڵاتدا ببێ بە خەباتێکی جەماوەری. تەواوی کۆمەڵگای کوردستانو نەتەوەی کورد بەشدار بن لە خەباتەکەدا.” هەروەها وتی: “پێناسەیەکی نوێ کە لە راساندا لە خەبات، پێشمەرگەو کۆمەڵگا کراوە، بریتی لەوە بوو کە پێشمەرگەو شاخ ببن بە هێما، ورەبەخش.”
بەڕێزیان سەبارەت بە ئامانجی ئەساسیی “راسان” وتی: “ئامانجی ئەساسیی راسان بریتییە لەوەی کە کۆمەڵگا بە شێوەی ئۆتۆماتیکی لە خەباتدا بەشدار بێت.”
بەشێکی دیکەی وێبنارەکە تەرخان کرابوو بۆ وتەکانی رێزار کاک باباعەلی مێهرپەروەر، چالاکی سیاسیو ئەندامی پێشووی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات.
بەڕێز مێهرپەروەر، وتەکانی بە پیرۆزبایی لە رێبوارانی رێبازی قازی، قاسملوو و شەرەفکەندی دەست پێ کرد.
دواتر بەڕێزیان باسەکەیان کە تایبەت بوو بە قۆناخە مێژووییەکانی خەباتی حیزبی دێموکرات، لە دوو بەشی “کۆمەڵەی ژێکاف”و هەروەها “بەراوردێکی کورت لە سەر سیاسەتی یەکیەتیی سۆڤییەتی ئەو کاتو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا”دا پێشکەش کرد.
بەڕێز مێهرپەروەر کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد – ژێکاف -ی بە بنەڕەتو ریشەی ئەسڵیی حیزبی دێموکرات لە قەڵەم داو خەباتی حیزبی دێموکراتی بە درێژەی رێبازی خەباتکارانەی کۆمەڵەی ژێکاف لە قەڵەم دا.
پاشان بەڕێزیان باسی لە بارودۆخی ئەوکاتی ئێرانو هێرشی یەکیەتیی سۆڤیەتو بریتانیا لە شەڕی جیهانیی دووهەمدا بۆ سەر حکوومەتی رەزا شا کردو چۆنیەتیو زەمینەی پێکهاتنی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردی روون کردەوە.
بەڕێز مێهرپەروەر بە ئاماژەکردن بە لاوازبوونی دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندی لەو سەردەمەداو ئەو بۆشاییەی کە لەو کاتەو بەتایبەت لە ناوچەی موکریان درووست ببوو، ئەو دۆخەی بە قازانجی کورد لە قەڵەم دا کە تەنیا لەو کاتەدا بوو کە کورد توانیی نەفەسێک بە ئاسوودەیی بکێشن.
لە درێژەی وتەکانیدا بەڕێز مێهرپەروەر، رێکخراوبوونی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستانی بە یەکێک لە سەرەکیترین تایبەتمەندییەکانی ژێکاف ناو برد کە تەنانەت بە شەهیدبوونی رێبەرەکانیشی، رێکخراوەکە هەر بە زیندوویی دەمێنێتەوەو خەبات درێژە پێ ئەدا.
بەڕێز کاک باباعەلی، بڕوابوونی رێبەرانی ژێکاف بە خەباتی سیاسیو جەماوەریو هەروەها سەربەخۆییخوازیی کۆمەڵەی ژێکافی بە یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییەکانی ئەو رێکخراوە ناو برد. لەو پێوەندییەدا ناوبراو ئاماژەی بە نامەی کۆمەڵەی ژێکاف بۆ خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا بارزانیو پشتیوانی لە خەباتی باشوورو هەروەها کۆبوونەوەی نوێنەرانی باکوورو باشوورو رۆژهەڵاتی کوردستان لە داڵانپەڕ بە ناوی “سێ سنوور” کرد کە هەر لەو کۆبوونەوەیەشدا ئاڵایەک کە ئێستاش هێماو ئاڵای کوردستانە، پێشنیارو پەسند کرد.
رێزدار مێهرپەروەر هەروەها چوونی قازی محەممەد بۆ ناو کۆمەڵەی ژێکافی بە رووداوێکی گرنگ ناو بردو هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە قازی محەممەد، کەسایەتییەکی خۆشناو و کاریگەر بوو.
بەڕێز کاک باباعەلی، لە درێژەی وتەکانیدا، ئاماژەی بە چەن بڕیارێکی گرنگی ژێکاف کرد. لەو بارەوە وتی: “لە دەماودەمی کۆتایی شەڕی جیهانیی دووهەمدا کۆمیتەی ناوەندیی ژێکاف کە هێشتا ناوەکەی نەگۆڕابوو بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان، ریزە بڕیارێکی دا کە زۆر مێژووییە. لە یەکەم بەنددا دەڵێ هەر کە شەڕ کۆتایی هات، دەبێ دەوڵەتی کوردی دابمەزرێ. تەنانەت سنووری دەوڵەتە کوردیەکەش دیاری دەکاو دەڵێ ئەو کیانە سیاسییە کە دائەمەزرێ لە شێوەی کۆمارییە. ئەو کۆمارەش هێزێکی نیزامیی دەبێ بۆ ئەوەی بتوانێ دەسکەوتەکانی بپارێزێو بەرگریی لێ بکا.”
لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا، بەڕێز مێهرپەروەر ئاماژەی بە سیاسەتی هاوپەیمانان بە نیسبەت کوردو خەباتی نەتەوەی کورد کردو وتی: “هەر لە سەرەتاوە سیاسەتی هاوپەیمانان کە هاتنە ناو ئێران، نیسبەت بە کورد سیاسەتێکی “کجدار و مریض” بوو. بریتانیاییەکان موافقی خودمۆختاریی کورد نەبوون. بەو بیانووە کە ئەگەر خودمۆختاری بدرێ بە کورد، عەرەبەکانی خووزستانو بەلووچەکانو ئەوانی دیکەش داوای خودمۆختاری دەکەن. بەو جۆرە نەیاندەویست خۆیان لەو مەسەلەیە بدەن.” هەروەها لەسەر سیاسەتی یەکیەتیی سۆڤییەتیش، بەڕێز مێهرپەروەر باسی لەوە کرد کە ئەوانیش خوازیاریی ئەوە بوون کە کورد ئارام بێو ئەگەر شتێکیشی دەست بکەوێ، دەبێ لە چوارچێوەی حکوومەتی ئازەربایجاندا بێ.
لە بەشێکی دیکە لە وتەکانیدا، کاک باباعەلی ئاماژەی بە سەردانی نیکسۆن، سەرکۆماری ئەوکاتی ئامریکا بۆ ئێرانو هەروەها سیاسەتی حکوومەتی رەزاشاو ئامریکا بە نیسبەت کورد لە باشووری کوردستان کرد.
لە کۆتایی قسەکانیدا بەڕێز کاک باباعەلی، بە لەبەرچاو گرتنی ئەزموونی رابردووو دۆخی ئێستای کوردو سیاسەتی دوژمنانی نەتەوەکەمان، داوای کرد کو کورد زیاتر ئاگایان لە یەکتر بێ، ریزەکانی ناو خۆیان قایمتر بکەنو هیوای خواست کە جارێکیتر حیزبی دێموکرات بە یەکگرتوویی ببینێتەوە.
لە بەشی کۆتایی وێبنارەکەدا، هەر کام لە بەڕێزان کاک باباعەلیو کاک کەریم، وەڵامی پرسیارەکانی بەڕێوەبەری کۆبوونەوەکەیان دایەوەو وێبنارەکە، پاش دوو کاتژمێر، کۆتایی پێ هات.