رۆژی سێشەممە رێکەوتی2020/04/28 لە نەخۆشخانەی شاری “ئیسکلیستونا”ی وڵاتی سوئێد، کەسایەتیی ناوداری ناوچەی سەلاسی باوەجانی حاجی ” ئەحمەد ئەحمەدی” کوڕی حاجی ” مەحموود” لە بنەماڵەی ” کزێ”یی، سەر بە هۆزی گەورەی ” قۆچاڵی” لە تەمەنی نێزیک بە ٨٢ ساڵیدا، بە هۆی وەستانی دڵەوە، گیانی لەدەست دا.
حاجی ئەحمەد ئەحمەدی کە تاقانە برای حەوت خوشک دەبێ، لە یەکێک لە گوندەکانی سەر بە سەلاسی باوەجانی، بەناوی گوندی “حەوت کانی” لە ناوچەی “گاڕێ” لە دایک بووە و هەر لە سەرەتای تەمەنییەوە شاهیدی دەیان رەنج و کوێرەوەریی بنەماڵە و خەڵکەکەی بوو.
ناوبراو لە پاش شۆڕشی گەلانی ئێران، بە هۆی بارودۆخی دژواری ئەودەمی کوردستان و جەنگی رێژیمی ئاخوندی لە دژی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئاوارەیی و بێدەرەتانی، هاوکات لەگەڵ خەڵکەکەی بە ناچاری رۆژهەڵاتی کوردستان بە جێدێڵی و لە عێراق دەگیرسێتەوە.
بنەماڵەی ناوبراو یەک لەو بنەماڵە کوردە ئاوارانەی ناوچەکانی کرماشان بوون کە هەر زوو لە لایەن حکوومەتی بەعسەوە بە زۆرەملی گوێزرانەوە بۆ باشووری رۆژئاوای عێراق و لە کەمپی “ئەڵتاش”ی سەر بە پارێزگەی “الانبار” گیرسانەوە.
لە دوایین شەڕی كەنداو لە ساڵی ٢٠٠٣ی زایینیدا، بنەماڵەکەی هاوکات لەگەڵ دەیان بنەماڵەی تری کوردی ئاوارەی دانیشتووی کەمپی “ئەڵتاش” لە ترسی گیانی خۆیان و ماڵ و منداڵیان، بەرەو سنووری وڵاتی ئوردون دەڕۆن و لە کەمپی” الکرامە” جێگیر دەکرێن.
ئەوان پاش چەند ساڵ مانەوە لەو کەمپە دوورەدەست و دابڕاوەدا، پاش ئەوەی کە وڵاتی سوئید وەریان دەگرێ وەک پەنابەر، لەو وڵاتە دەگیرسێنەوە.
حاجی ئەحمەد یەکێک لەو کەسانە بوو کە هەردەم لە دژی رێژیمی ئاخوندیی ئێران لە خەباتدا بووە و هەردەم ئاواتی دەخواست رۆژێک بە ئازادی بگەڕێتەوە ناو خەڵکەکەی.
ئەو خەڵکی ناوچەی پانوبەرینی سەلاسی باوەجانییە کە دەیان کەسیان لە خەباتی نەتەوەیی کورددا لە رۆژهەڵاتی کوردستان تێکەڵ بە کاروانی خەباتی نەتەوەیی بوونە و لە ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبەکانی تری کوردستاندا تێکۆشاون و قوربانییان داوە.
ناوبراو تا دوا ساتەکانی ژیانی جگە لەوەی کە بەردەوام لە رێی جۆراوجۆرەوە یارمەتیی بزووتنەوەی کوردی لە کوردستانی ئێران و یەک لەوان “حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران”ی داوە، وەفادار مایەوە بە رێبازی پێشەوا قازی و تا دواسات بە هەڵواسینی وێنەی پێشەوا و ئاڵای کوردستان لە ماڵەکەیدا، بەردەوام دەیگووت: رێبازی کوردایەتیی من هەر رێگە و رێبازی پێشەوا قازییە.
كۆمیتەی گشتیی حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران لە وڵاتی سوئێد، سەرەخۆشی ئاراستەی كەسوكار و بنەماڵەی حاجی ئەحمەد دەكا و هیوادارە دواخەمی بنەماڵەكەی بی؛ رۆحی شاد بی.