لە هۆلەند هێرش کرایە سەر ئه‌ندامێكی پێشووی ڕێبه‌ریی حیزبی دێموكرات و یەکەی کارگێری دەرەوەی وڵاتیش ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە

ڕۆژی هه‌ینی ڕێکەوتی ٣٠ی جۆزه‌ردانی ١٣٩٩ی هه‌تاوی بەرانبەر بە ١٩ی ژووئه‌نی ٢٠٢٠ی زایینی، له‌ هۆله‌ند به‌ چه‌قۆ هێرش كرایه‌ سه‌ر هاوڕێ “سادق زه‌رزا”، كه‌سایه‌تییه‌كی دڵسۆز و ئه‌ندامی پێشووی ڕێبه‌ریی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران.

كه‌سێک به‌ ناوی “ڕ. پ” خه‌ڵكی شنۆ كه‌ گوایه‌ بۆ خوێندن و ده‌وره‌ی پسپۆڕیی پزیشكی له‌ هۆله‌ند بووه‌، پێوه‌ندیی به‌ هاوڕێ “سادق زه‌رزا” ده‌كات و داوای چاوپێكه‌وتن و ڕێنوێنیی لێ ده‌كات. كاک “سادق زه‌رزا” كه‌ ده‌ڕواته‌ شوێنی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ و به‌ ده‌سته‌ گوڵێكه‌وه‌ ده‌چێته‌ لای، كه‌سی ئاماژه‌پێكراو به‌ چه‌قۆ هێرش ده‌كاته‌ سه‌ری و چه‌ند چه‌قۆ له‌ سینگ و  له‌شی کاک “سادق” ده‌دات.

كه‌سه‌ هێرشبه‌ره‌كه‌ له‌لایه‌ن پۆلیسی هۆله‌نده‌وه‌ ده‌سبه‌سه‌ر كراوه‌.

هاوڕێ “سادق زه‌رزا” چه‌ند ده‌وره‌ ئه‌ندامی ڕێبه‌ریی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بووه‌ و له‌ كادره‌ دڵسۆز و به‌ناوبانگه‌كانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانه‌ و به‌ خۆی و بنه‌ماڵه‌ی تێكۆشه‌ریه‌وه‌ خزمه‌تێكی زۆریان به‌ جووڵانه‌وه‌ی كورد له‌ كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات كردووه‌.

به‌ هیوای هه‌رچی زووتر چاكبوونه‌وه‌ی هاوڕێ “سادق زه‌رزا”.

ئه‌و كه‌سه‌ی هێرشی كردووه‌ته‌ سه‌ر هاوڕێ “سادق زه‌رزا”، له‌ژێر لێكۆڵینه‌وه‌ی پۆلیسی هۆله‌نددایه‌ و له‌ هه‌رجۆره‌ زانیارییه‌كی زیاتر و هه‌ر ئاكامێک كه‌ پۆلیسی هۆله‌ند ڕایبگه‌یه‌نێت، بینه‌ران و خوێنه‌رانی ئازیز ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه‌.

سەبارەت بەو ڕووداوە، یەکەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات لە ڕاگەیەندراوێکدا وێڕای مەحکوومکردنی هێرش بۆ سەر “سادق زەرزا” داوای لە دەوڵەتی هۆلەند کرد لەبارەی ڕووداوەکە لێکۆڵێنەوەیەک بکات چونکە گومانی ئەو هەیە ئەو کردەوە به‌ بڕیاری دەزگاکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرابێت.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

ڕاگەیەندراوی یەکەی کارگێڕیی دەرەوەی وڵاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاونیشتمانیانی بەڕێز!

کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان!

دیسان هێرش كرایه‌ سه‌ر تێکۆشەرێکی دیکەی حیزب و گەلەکەمان.

ڕۆژی هەینی، ڕێکەوتی ١٩ی ژووئەنی ٢٠٢٠ی زایینی، لە شاری لوردانی وڵاتی هۆلەند، هاوڕێی تێکۆشەر، کاک سادق زەرزا، ئەندامی پێشووی ڕێبەریی حیزبەکەمان و کەسایەتی ناسراوی نێو ڕیزەکانی بزووتنەوەی ئازدیخوازانەی نه‌ته‌وه‌کەمان، هێرشی كرایه‌ سه‌ر و لە ئاکامدا بە تووندی بریندار بوو.

کاک سادق، ساڵانێکی زۆر لە ڕیزەکانی بزووتنەوەی نه‌ته‌وه‌یی دێموکراتیکی كورددا، لە شووێنە جۆراوجۆرەکانی کوردستاندا، وەک کادرێکی تێكۆشەری حیزبی و فەرماندەیەکی لێوەشاوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان خزمەتی بە بردنەپێشی ئامانجە بەرزەکانی حیزب و نه‌ته‌وه‌کەمان کردووە.

لە درێژەی هەوڵ و خەبات و تێکۆشانی لە ڕیزەکانی تەشکیلاتی حیزبدا، هەتا ئاستی سەرەوە و ئه‌ندامه‌تی له‌ ڕێبەریی حیزب چووەتە پێش. کاک سادق سیمایەکی ناسراو و خۆشەویستی نێو تەشکیلاتی حیزبەکەمانە.

ئەگەرچی هەتا ئێستا هیچ ڕاگەیەندراوێکی فەرمی لەلایەن پۆلیسی هۆلەندەوە سەبارەت بە ئەنگیزەی کردەوەکە بڵاو نەبووەتەوە بەڵام بە ئەزمونێک کە لە کۆماری ئیسلامی لەبەردەستدایە و ئاماژه‌كانی ئه‌و ڕووداوه‌ی هێرش بۆ سه‌ر كاک سادق و هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی ئەو زنجیرە تێرۆرانەش کە دەزگای تێرۆری کۆماری ئیسلامی لەو ماوەیەدا لە چەند وڵاتی ئورووپایی و به‌تایبه‌ت چه‌ندین جار له‌ وڵاتی هۆله‌ند ئه‌نجامی داون، بۆیە گومانی ئەوە دەکرێ ئەو کردەوەیەش به‌ بڕیاری دەزگاکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کرا بێ.

ئێمە وێڕای مەحکوومکردنی ئەم کردەوەیە هیوادارین کاک سادق بە زوویی برینەکانی ساڕێژ ببنەوە .

 داوا لە پۆلیس و دەزگا بەرپرسەکانی دیکەی وڵاتی هۆلەند دەکەین کە لێکۆڵینەوەی پێویست سەبارەت بەو ڕووداوە بکەن و بیروڕای گشتی لە چۆنیەتی مەسەلەکە ئاگادارکەنەوە و بۆ سزادان و لەقاودانی   تێرۆریزم و سەرکوتی کۆماری ئیسلامی هەنگاوی پێویست هەڵگرن.

یەکەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات

١ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی

٢١ ژووئەنی ٢٠٢٠ی زایینی

شێری بکە:

بابەتی دواتر

دایکی پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکرات لە "مەهاباد" کۆچی دوایی کرد

2 شه‌م 6 22 , 2020
ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٣٠ی جۆزەردانی ١٣٩٩ی هەتاوی، دایە “فاتمە بیژەن‌ کوهـ”، دایکی پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات، کاک “ئەسعەد سوڵتانی” ناسراو بە “ئەسعەد گامێشانی”، خەڵکی گوندی “گامێشان” سەر بە مەهاباد، دوای تەمەنێک پڕسەروەری لە تەمەنی ٧٥ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد. دایە “فاتمە” ژنێکی شۆڕشگێڕ، حیزبدۆست و نیشتمانپەروەر بوو کە هەمیشە شانازیی […]

نوێترینەکان