کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی نۆروێژ وێبینارێکی سیاسی گشتیی لە یادی تیرۆرکرانی د. قاسملوودا بەڕێوەبرد

ڕۆژی یەکشەممە ١٢/٧/٢٠٢٠ کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی نۆروێژ وێبینارێکی سیاسی گشتیی بۆ یادی ٣١ ساڵەی تیرۆرکرانی ڕێبەری بیرمەند دوکتور قاسملوو، عەبدوڵا قادری‌ئازەر و دوکتور فازڵ ڕەسوڵ، پێک هێنا،
وێبینارەکە لەلایەن بەڕێز نادر قودرەتی بەڕێوەدەبرا و کۆڕگێڕانی ئەم یادەش بریتی بوون لە بەڕێزان کاک “ڕۆستەم جەهانگیری” بەرپرسی ناوەندی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران و کاک دوکتور “هەژار ڕەحیمی” مامۆستای زانکۆ.

لە بەشی یەکەمی وێبینارەکە دا بەڕێز کاک “ڕۆستەم جەهانگیری” باسێکی لە سەر قۆناخە جیاوازەکانی مێژوی ژیانی سیاسی دوکتور قاسملوو و بەشێک لە ڕوداوە مێژوییەکان کرد و کاریگەری ڕووداوە مێژوییەکانی لە سەر هزر و کرداری دوکتور قاسملوو هێنایە بەر باس و لە چەند ڕەهەندێکی جیاوازەوە تیشکی خستە سەر هەڵوێست و دنیا بینی دوکتور قاسملوو. لە درێژەی باسەکان دا بەڕێزیان ئاماژەی بە پێوەندیەکانی دوکتور قاسملوو لەگەڵ لایەنە کوردی و هەرێمیەکان کرد و پاراستنی بەرژەوەندی پارچەکانی تری کوردستانی بە خاڵێکی پڕشنگداری حیزبی دێموکڕات و دوکتور قاسملوو پێناسە کرد.

لە بەشی دووەمی وێبینارەکە دا بەڕێز کاک دوکتور “هەژار ڕەحیمی” لە باسێکی فرە رەهەندی زانستیدا تیشکی خستە سەر چەند تایبەتمەندییەکی کەسایەتی دوکتور قاسملوو و کاریگەری لە سەر رەوتی ڕوداوە مێژوییەکان بە شێوەیەک کە بووەتە بەشێک لە فەرهەنگی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای کوردی. هەروەها لایەنە فکری و کردەییەکانی دوکتور قاسملوی لە چوارچێوەی دنیا بینی دوکتور قاسملوو دا و ناسینی کۆمەڵگای کوردی و هەست کردن بە کێشەکان و هەنگاونان بۆ چارەسەرکردنیان، بەرزنرخاند. بەڕێزیان لە لێکدانەوە و شرۆڤەکانیدا ڕونی کردەوە کە دوکتور قاسملوو لە سەر ئەو باوەڕە بووە هیچ ئیدئۆلۆژیەک ناتوانێ کێشەی کورد چارەسەر بکات و هەوڵی داوە ئیدئۆلۆژی لە گەڵ کۆمەڵگا بگونجێنێ نەک کۆمەڵگا لە گەڵ ئیدئۆلۆژی ئاوێتە بکات. ڕێزدار دوکتور هەژار پێیوابوو لە خوێندنەوەی ڕەفتار و تێگەیشتنی  دوکتور قاسملوو دەتوانی ڕۆحی کوردایەتیەکی مۆدێرن هەڵێنجی.
ڕێزدار دوکتور هەژار ئاماژەی بەوە کرد، خاڵێک کە دەتوانین بیکەینە تێزی ڕوحی کۆمەڵگای کوردی ئەوەیە کە دوکتور قاسملوو هیچ جۆرە گومانێکی لە سەر سەروەری نەتەوەیی کورد نەبوو و ستراتێژی نەتەوەیی بە شێوەی تەساعودی دادەڕشت نەک بە شێوەی تەنازولی.

ئەمانە و زۆر باسی و بابەتی بە پێزی دیکە لە سەر کەسایەتی و کاریگەری دوکتور قاسملوو لە وتەکانی بەڕێزان کاک “ڕۆستەم جەهانگیری و کاک دوکتور “هەژار ڕەحیمی” دا ڕەنگیان دایەوە.

جێگای ئاماژەیە وێبینارەکە ٢ کاتژمێری خایاند و بە شێوەی لایڤی فەیسبووک بەڕێوە چوو کە هاوکات بینەرێکی یەکجار زۆری هەبوو.

شێری بکە:

بابەتی دواتر

کەسایەتی، هزر و ڕێبازی دوکتۆر قاسملوو لە وێبینارێکی سیاسی-گشتییدا تاووتوێ کرا

2 شه‌م 7 13 , 2020
لە ٣١ـەمین ساڵیادی تیرۆرکرانی دوکتۆر قاسملوودا، وێبینارێکی سیاسی – گشتی لەلایەن ڕێکخستنی گشتیی حیزب لەدەرەوەی وڵات بەڕێوەچوو ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٠ی کوردی، ڕێکخستنی گشتیی حیزب لەدەرەوەی وڵات وێبینارێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی زووم بەڕێوە برد. سەرەتای وێبینارەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی […]

نوێترینەکان