لە ٣١ـەمین ساڵیادی تیرۆرکرانی دوکتۆر قاسملوودا، وێبینارێکی سیاسی – گشتی لەلایەن ڕێکخستنی گشتیی حیزب لەدەرەوەی وڵات بەڕێوەچوو
ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٠ی کوردی، ڕێکخستنی گشتیی حیزب لەدەرەوەی وڵات وێبینارێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی زووم بەڕێوە برد.
سەرەتای وێبینارەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد. دواتر بەڕێوەبەری وێبینارەکە، بەڕێز شەهریار نەقشبەندی ڕیزی بەرنامەکانی وێبینارەکەی پێشکەش بە بەشداران کرد. لەو وێبینارەدا هەریەک لە بەڕێزان پیتەر گالبرایت (باڵوێزی پێشووی ئەمریکا لە وڵاتی کڕواسی و مامۆستای زانکۆ)، لوقمان مێهفەر (پارێزەر و ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی ناوەندی سیاسی حیزبی دێموکڕات) و دوکتۆر خالید خەیاتی (کەسایەتی سیاسی و مامۆستای زانکۆ لە وڵاتی سوید) بەشداریان کرد و بابەتەکانی خۆیان پێشکەش کرد.
لە دەسپێکدا پیتەر گالبرایت بە زمانی ئینگلیسی کە بەڕێز ئارەش ساڵح وەریدەگێرا سەر زمانی کوردی، بابەتەکەی خۆی پێشکەش کرد کە لەسەر چەند تایبەتمەندییەکی دوکتۆر قاسملوو و هاوکات سەبارەت بە ئەزموونی خۆی لەگەڵ ئەو ڕێبەرە و حیزبی دێموکڕات دوا. بەڕێزیان لە قسەکانیاندا ئاماژەیان بەوە کرد کە دوکتۆر قاسملوو کەسێکی ئاکادیمیک و پەروەردەبوو لە دنیای ڕۆژئاوادا بوو، کەسێکی مرۆڤدۆست بوو و بەشێکی زۆری ژیانی خۆی لە ئووروپا بەسەربردبوو کە قاسملووی کردبووە خاوەن ئەزموونێکی جیهانی ئەوەش هۆکارێک بوو لەسەر شێوازی ڕێبەری کردنی ئەو سەرکردەیە، هاوکات پێیوابوو هەرچەندە ئێستا هەندێک سەرکردەی دیکەش ئەو ئاستەی ئەوکاتی دوکتۆر قاسملوو ئەزموون دەکەن بەڵام هێشتاش ئەوە شتێکی نوێیە بۆ ئەوان و ڕەنگە وا بە ئاسانی نەتوانن ڕۆڵ و پێگەی قاسملوو دەستەبەر بکەن. لە درێژەدا وتی: دوو تایبەتمەندی بەرز لە شێوەی ڕێبەری کردنی دکتۆر قاسملوودا هەبوو ئەوانیش سێکۆلاربوون و دەرچوون لە بازنەی عەشیرەت بوو. ئەوەش دەرەنجامی ئەو باوەڕەی قاسملوو بوو کە لەسەر بنەمای سۆسیال دێموکراسی سیاسەتی دەکرد وەک هەمان مۆدێل بوو کە ئێستا ئێمە لە سوید دەیبینین.
سەبارەت بە کەیسی تیرۆری دکتۆر قاسملووش وتی: بەداخەوە بەهۆی پەرەگرتنی نادادپەروەری جیهانی وای کردووە کە تیرۆرێکی وا سامناک پەردەپۆش بکرێ لەکاتێکدا هەموو بەڵگە و ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کە بکەران و تیرۆریستان کێن و کی پاڵپشتیان دەکەن، هەروەک لە کەیسی تیرۆری دکتۆر شەڕەفکەندیدا ئەو ڕاستییە سەڵما.
بڕگەیەکی دیکەی وێبینارەکە تەرخان کرابوو بۆ بەڕێز لوقمان مێهفەر کە بابەتێکی لەسەر چەند تایبەتمەندی بەرزی دوکتۆر قاسملوو لە ڕوانگەی تیئۆری ئەخلاقەوە پێشکەش کرد کە لە باسەکەیدا لەسەر چەند تەوەر قسەی کرد کە لە ڕوانگەی شەهید دوکتۆر قاسملووەوە گرێدراویەکەی پتەویان بە ئەخلاقەوە هەبووە و بنەمای سیاسەتکردنیشی بووە. لە قسەکانیدا بە بەڵگە هێنانەوە لە وتەکانی دوکتۆر قاسملوو و بەراوردکردنی بە تیئۆری ئەخلاق وتی کە باوەڕی قاسملوو بە دێموکراسی نیشاندانی ئەوپەڕی ئاکاری بەرزی سیاسی ئەو سەرکردە نەمرەیە کە دەیهەویست لەڕێگەی ئەو پڕۆسەیەوە تاکەکانی کۆمەڵگە بە ماف و ئازادییەکانیان بگەن و ئیرادەیان بۆ بگەڕێنێتەوە تا بتوانن بە سەربەستی و ڕاشکاوانە دوور لەهەر چەشنە ترس و هەڕەشەیەک بیر و باوەڕی خۆیان دەرببڕن. ئەوەش ترۆپکی ئەخلاقە لە سیاسەتدا کە گونجاوترین ڕێکاری گشتگیری دێموکراتیکانە دەستنیشان بکەی و لەپێناویشیدا خەبات بکەی.
مێهفەر سەبارەت بە واقعبینی سیاسی لە ڕوانگەی دوکتۆر قاسملووەوە وتی: ئەو باش دەیزانی کە مەبەستی سیاسەت قازانج و بەرژەوەندیییە بەڵام ئامۆژگاری کادر و پێشمەرگەکانی دەکرد کە (ئوسوول بکەن بە پێوەر) و (ئەخلاقی شۆڕشگێڕانەش) بکەن بە سروشتی ژیانی سیاسییانەیان چوونکە پێی وابوو دەرەنجامی ئەو ڕەفتارە ئەخلاقییەیە کە کادرێکی حیزبی دەتوانێ بڕوا و متمانەی کۆمەڵانی خەڵک وەرگرێ. هاوکات لە درێژەدا وتی: قاسملوو وای بیر دەکردەوە کە ئەخلاق و ئاکاری درووست هۆکاری سەرەکین بۆ لەسەر حەق بوون. هەربۆیە خەبات کردن لەپێناو دادپەروەری و مافی یەکسانیدا وەک ئەرکێکی ئەخلاقی پێناسە دەکرد و پێیوابوو بەبێ دابینبوونی دادپەروەری و یەکسانی هیچ خەباتێک ناتوانێ ڕاستگۆ و ڕاشکاو بێ لەگەڵ لایەنگرانی ڕێبازەکەیدا. یەکێکی دیکە لە ڕوانگەکانی قاسملوو ئەوەبوو کە ئەخلاقی بە هۆکارێکی سەرەکی دەزانی بۆ پتەوبوون و مانەوەی پێکهاتە و هەیکەلی ڕێکخراوەیی. بە باوەڕی قاسملوو ئەگەر قەیرانی مەشروعیەت لەلایەک هۆکارەکەی ناشارەزایی و کەمتەرخەمی دەسەڵاتداران بێ، ئەوا لەلایەکی دیکەوە هۆکارەکەی وەلانانی ئوسوولی ئەخلاقییە لە کاروباری سیاسیدا لە لایەن رێبەرانی دەسەڵاتەوە کە دەتوانێ زووبەزوو هەموو دامودەزگایەکانی حکومەتی یا حیزبی بگرێتەوە. ئەو پێشێلکردنی ئەخلاقە دەتوانێ ببێتە هۆی بۆ نموونە: فەسادی ئیداری، فەسادی ماڵی و پێشێلکردنی مافی تاکەکانی کۆمەڵگە.
لە ڕوانگەی لوقمان مێهفەرەوە، شەهید د. قاسملوو هەوڵی دا پەروەردەیەکی تەندرووست پەیڕەو بکات کە کادری دەوڵەتی بەبیری پاک و دڵسۆزی بۆ گەل و نیشتمان پەروەردە بکات و لەسەرووی هەموو شتێکەوە فێری بنەما ئەخلاقییەکانی کاری دامەزراوەیی بکات.
سەبارەت بە سیاسەتی پەیوەندییەکان بەڕێز مێهفەر ئاماژەی بەوە کرد کەلە ڕوانگەی دوکتۆر قاسملووەوە، شەهید قاسملوو لەخۆبردوویی و ڕۆڵی کەسێک یا حیزبێکی لە پێوەندیی سیاسیدا بۆ بەرەوپێشبردنی خەباتی نەتەوەکەی، لەجوڵانەوەیەکی رەوادا بە ئەسڵێکی ئەخلاقی دادەنا. بەڵام هاوکات پێیوابوو کە پێوەندیی ئەو کەسە یان ئەو حیزبە کە بەقازانج و بەرژەوەندیی لایەنێکی دەرەکی کار بکا و زیان بە بەرژەوەندیی نەتەوەیی بگەیەنێ، ناچێتە خانەی ئوسوول و پرەنسیپە ئەخلاقییەکانەوە، بەڵکو بەبێ پرەنسیپی دادەنرێ.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بە بواری پەروەردە و فێرکردن لە ڕوانگەی دوکتۆر قاسملووەوە وتی: دوکتۆر قاسملوو باوەڕێکی قووڵی بە هۆشیارکردنی تاک هەبوو. ئەو لە ڕوانگەی خۆیەوە پەروەردەکردنی مەعنەوی و پێکهێنانی کۆمەڵێکی ئازاد ودێموکراتیک، فێرکردن و بارهێنانی خەڵک لەبواری خوێندەواری و بردنەسەری ئاستی زانیاریی سیاسی تاکی نێو کۆمەڵ و لەبەرچاوگرتنی مافی یەکسانی و ڕێزگرتن لە یەکتری بە بەشێک لە بنەماکانی ئەخلاقی دەزانی.
لە لایەکی دیکەوە سەبارەت بە پرسی وتوووێژ و ڕێگاچارەی ئاشتیانە تیشكی خستە سەر ڕوانگەی دوکتۆر قاسملوو و وتی: باوەڕەی د. قاسملوو بە مەسەلەی وتووێژ ئەو ڕاستییە دەسەڵمێنێتەوە کە حیزبی دێموکڕات و ڕێبەری ئەو حیزبە خوازیاری شەڕ نین بەڵکوو شەڕ بە ماڵوێرانی و سەرچاوەی زۆر گرفتی ناو کۆمەڵگا دادەنێن. ئەو ڕاستییەش بەهایەکی ئەخلاقی گەورەی لە پشتە کە نیشان دەدات تۆ بەرژەوەندی گشتی دەخەیە پێش بەرژەوەندی کەمینەوە، ئەو ڕوانگەیەش نە تەنها لەڕووی لاوازییەوە نەبوو بەڵکوو لە کاتێکدا کە د. قاسملوو لەسەر مێزی وتووێژ تیرۆر کرا حیزبی دێموکڕات لەباری نیزامی و ڕیکخراوەییەوە بەهێزترین هێزی پارتیزان و پێشمەرگەی چەکداری هەبوو.
لە کۆتایی قسەکانیشیدا باسی لە لایەنی یاساتەوەری و باوەڕمەندی د. قاسملوو کرد بە یاسا نێونەتەوەی و مرۆڤییەکانەوە کە بناخەیان لەسەر ڕێزگرتن لە کەرامەتی مرۆڤەکان و بیروڕا جیاوازەکان بنیات نراوە. هاوکات قاسملوو بە پەیڕەوی کردن لە ئەخلاق ڕێبازێکی دامەزراند کە ڕەفتار و ئاکاری کادری حیزبی یان دەسەڵاتدار، لەڕاستای بەرژەوەندی گشتی و بەدەستهێنانی متمانە و پشتیوانی کۆمەڵگەدا ئاراستە دەکات.
دوایین کۆڕگێڕی وێبینارەکەش بەڕێز دوکتۆر خالید خەیاتی بوو کە لە ڕوانگەیەکی مەعریفی سیاسییەوە هەڵسەنگاندنی بۆ کەسایەتی سیاسی و زانستی دوکتۆر قاسملوو کرد و بە لێکدانەوەی بەڕێزیان، دوکتۆر قاسملوو یەکێک لەو کەسانەیە کە گۆڕانی فکری بەرهەم دێنێ و نموونەشی بەوە هێنایەوە کە لە بیری مارکسیست-لینینیستی دەپەڕێتەوە بۆ هزری سۆسیالیزمی ئینسانی یان هەمان سۆسیالیزمی دێموکڕاتیک کە دواتر لە کۆنفڕانسی حیزبەکەیدا ئەو سۆسیالیزمە ئوورووپاییە دەگونجێنێ و پێیوایە ئەو شێوە لە سۆسیالیزم یەکێک لەو بناخە بەهێزانەیە کە دەکرێ بەردی بناغەی شارۆمەندی یان دادپەروەری لەسەر درووست بکەی. قاسملوو لەو باوەڕەدا بووە کە پڕۆسەی نەتەوەسازی بە بێ درووستکردنی شارۆمەندی کورد ناتەواو دەمێنێتەوە و نەتەوە درووست نابێ کاتێک کە شارۆمەندی کورد لە هەموو شێوازێکی دادپەروەری کۆمەڵایەتی بەهرەمەند نەبێ.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بەڕێز خەیاتی وتی: قاسملوو لە تەواوی ژیانی سیاسی خۆیدا هەر هزر و بیرێکی هەبووبێ هیچکات لە کوردبوون و نەتەوەیی بوونی غافڵ نەبووە و لە پێناویدا تێکۆشاوە و بە باوەڕیکی قووڵەوە سێ تایبەتمەندی بۆ پێناسەی نەتەوە هەڵدەبژێرێ کە ئەوانیش خاک و زمان و دابونەریتن.
بەگشتی هزری دوکتۆر قاسملوو هیچ دابڕانی نییە لەگەڵ سەردەمی ئێستا بەڵکوو هەمان ئەو گووتارەیە کە ڕووناکبیری کورد ئێستا بانگەشەی بۆ دەکات.
لە کۆتایی قسەکانیشیدا ئاماژەی بەوە کرد کە دەبێ بەرلەوەی بیر لە هێزی ماددی و ئینسانی و سەربازی بکەینەوە دەبێ لەباری تئیۆرییەوە هەڵگری مەعریفەیەکی تایبەتی بین بۆ کێشەی کورد، ئەویش هەمان ئەو ڕوانگەیە کە هوویەتی کوردی ئێرانی لێک جیا دەبینێ، پڕۆسەی سیاسەتمەداری لە ئێران و ڕۆڵی کورد لەو پڕۆسەیەدا دژبەیەک دەبینێ، تەنانەت ئەوەی کە کوردستان و ئێران وەک دوو وڵاتی جیاواز پێناسە دەکات. ئەگەر لەو ڕوانگە مەعریفییەوە کار لەسەر پرسی کورد بکەین بە دڵنیاییەوە ئامانجی زۆرتر و دەسکەوتی زیاتری دەبێت، هەروەک دوکتۆر قاسملوو لەسەر ئەو پرسە دەستی نەسڵی داهاتوو و نەسڵەکانی داهاتووتریشی ئاوەڵا هێشتۆتەوە تا بەپێی سەردەم بۆ دابینبوونی خواستی سیاسی-نەتەوەیی خۆیان تێبکۆشن.
لە کۆتایی وێبینارەکەدا وێڕای وەڵمدانەوەی پرسیاری بەشداربووان، بەڕێز کاوە عەبداڵی بەرپرسی ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکڕات لە درەوەی وڵات سوپاسی کۆڕگێڕان و بەشدارانی کرد و داوای لێبوردنیشی کرد کە بە هۆکاری تەکنیکی و سنوورداربوونی بەرنامەی زووم لەڕووی ژمارەی بەشدارانەوە، بەداخەوە بەشێک لە ئەندامان نەیانتوانی بەشداری لەو وێبینارەدا بکەن.