چالاکێکی سیاسی کورد لە وڵاتی نۆروێژ مەترسی ڕادەستکردن بە وڵاتی ئێرانی لەسەرە

چیا قادری کوڕی شەهید عەبووبەکر قادری ناسراو بە (بەکرە گۆمانی)، دوای ١٢ ساڵ مانەوە لە وڵاتی نۆروێژ و چەند جار ڕەتکردنەوەی داوای مافی پەنابەرییەکەی دواجار پۆلیسی ئەو وڵاتە ڕۆژی هەینی (٣٠ی جولای ٢٠٢٠ی زایینی) هەڵیان‌کوتاوەتە سەر ماڵی ناوبراو و بەزۆر ویستوویانە لەگەڵ خۆیاندا بیبەن تا دیپۆرتی ئێرانی بکەنەوە. بەهۆی ناڕەزایەتی تووندی چیا لەو کارەی پۆلیس و خۆبەدەستەوەنەدانی، پۆلیس هەڕەشەی زیندانی کردنی لە ٣ ساڵ زیاتریان لێکردووە و پێیان ڕاگەیاندووە کە ٢ حەفتە مۆڵەتت هەیە تانە لە بڕیاری دادگای نۆروێژ بدەی ئەگەرنا دوای ئەو ماوەیە بە زۆری و بەبێ بوونی هیچ ناسنامەیەک دیپۆرت دەکرێیەوە بۆ ئێران.

(چیا قادری) بەهۆی پێشمەرگە بوونی باوکی لەڕێزی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێراندا لە یەکێک لە بنکەکانی ئەو حیزبە لە ڕێکەوتی ٢٧ی جولای١٩٩١ی زایینی لەدایک دەبێت و جگە لە کارتی پێناسی حیزبی دێموکڕات هیچ ناسنامە و بەڵگەیەکی دیکەی ناسێنەری نییە و بۆ چرکەساتێکیش نە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و نە لە ئێراندا نەژیاوە. دوای شەهیدبوونی باوکیشی لە ساڵی ١٩٩٤ی زایینیدا ماوەیەک لە شاری هەولێر لەگەڵ بنەماڵەکەیدا لە نوێنەرایەتی نەتەوەیەکگرتووەکان (UN) خۆیان وەک پەناخواز دەناسێنن و دواتر لەساڵی ٢٠٠٢ ی زایینی دەڕواتە وڵاتی تورکیا و تا ساڵی ٢٠٠٨ی زایینی کەیسی پەناخوازی لە (یوو ئێن)ی ئەو وڵاتە پێشکەش دەکات و دوای بێ‌ئومێدی لە قبوڵبوونی بەناچاری ڕوودەکاتە وڵاتی نۆروێژ و دوای ١٢ ساڵ مانەوەش لەو وڵاتە جگە لە ڕەتکردنەوەی داوای مافی پەنابەرییەکەی پێیان ڕاگەیاندووە کە دیپۆرتی ئێرانی دەکەنەوە.

چیا قادری چ وەک کوڕی شەهیدێکی حیزبی دێموکڕات و چ وەک ئەندامێکی چالاک و کارای حیزبی دێموکڕات بەتایبەتی لەبواری ڕاگەیاندن و سۆسیال‌مێدیادا، بەهیچ شێوەیەک ڕێگای گەڕانەوە بۆ ئێرانی نییە و بەهۆی سیاسەتە دژی ئینسانی‌یەکانی (جمهوری اسلامی ایران) بەتایبەت دژی نەتەوەی کورد و حیزبی دێموکڕات زۆر ئاسان دەکرێ ڕووبەڕووی سزای تووند ببێتەوە و ژیانی بەو هۆیەوە بەتەواوی بکەوێتە مەترسییەوە. هەر بۆیە ناوبراو چەند جار داوای لێکردوون کە ئەگەر هەر قەرارە دیپۆرت بکرێتەوە ئەوا باشترە دیپۆرتی وڵاتی تورکیە بکرێتەوە نەوەک ئێران بەڵام کاربەدەستانی وڵاتی نۆروێژ داواکەیان قبوڵ نەکردووە.

شایەنی باسە کە دایکی چیا قادری لە وڵاتی نۆروێژ مافی پەنابەری وەرگرتووە و لەبارەی دیاریکردنی ئەسڵییەتی بوونی (چیا)دا بەڵگەیەکی بەهێزە و دەتوانرێ لەڕێگای تاقیکردنەوەی (دی ئێن ئەی) (DNA) ئەو ڕاستییە بسەڵمێنن کە ئایا (چیا) کوڕی ئەوە یان نا! بەڵام بەداخەوە دەزگا پێوەندیدارەکانی نۆروێژ ئەو کارەیان نەکردووە و هەرچەندە چیا داواشی کردووە بەڵام گوێی لێنەگیراوە و لەبەرامبەردا پەیتا پەیتا داوای ناسنامە و بەڵگەی ئێرانی لێدەکەن کە ئەویش هیچکات نەیبووە و تەنانەت ڕێژیمی ئێرانیش ناسنامە بە منداڵی شەهید و پێشمەرگەی حیزبی دێموکڕات ‌نادات.

لەئێستادا چیا وێڕای نیگەرانی و پەشێوی کە دەرەنجامی ١٢ ساڵ چاوەڕوانی و بێ‌هیوایی‌یەتی لە کەیسی پەنابەرییەکەی، ئەوا مەترسی دیپۆرتکردنەوە و بەزۆرناردنەوەی بۆ ئێرانی لەسەرە و داوا لە هەموو رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، چالاکانی مافەکانی مرۆڤ، حیزب و رێکخراوەکانی چالاک لە بواری بەدەستهێنانی مافەکانی مرۆڤ، و سەرجەم کوردانی تاراوگە بەتایبەتی دانیشتوانی وڵاتی نۆروێژ دەکات کە یارمەتیدەری بن و بەهەموویان بتوانن گووشارێک درووست بکەن تا دادگای نۆروێژ لەو بڕیارەی خۆی پاشگەز بێتەوە و جارێکی دیکە پێداچوونەوە بە کەیسەکەیدا بکات و باروودۆخی ژیان و بنەماڵەکەی و شەهیدبوونی باوکی لە دژی ڕێژیمی ئیسلامی ئێراندا لەبەرچاو بگرێ و مەرجی بوونی ناسنامە و بەڵگەی ئێرانی بەسەردا نەسەپێنێ.

هەر لەو بارەوە کۆمیتەی حیزبی دێموکڕات لە وڵاتی نۆروێژ وێڕای پشتیوانی لە چیا قادری داوا دەکات کە لایەنە پەیوەندیدارەکانی پرسی پەنابەران لەو وڵاتە دۆخی خەباتی گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لەبەرچاو بگرن و ئەو ڕاستییە دەرک بکەن کە خەڵکانێکی زۆر لە سایەی سیاسەتی دیکتاتۆرانە و سەرکووتی ئەو ڕێژیمەدا زێدی خۆیان بە ناچاری بەجێهێشتووە و ئاوارەی وڵاتان بوونە و بەو هۆیەوە زۆرن ئەوانەی کە مافی وەرگرتنی هیچ بەڵگە و پێناسێکی ئەو ڕێژیمەیان نییە و تەنانەت لەناوخۆی ئێرانیشدا خەڵکانێکی زۆر هەن کە ئەو مافەیان لێ زەوت دەکرێ و سەرجەم بەڵگە و ناسنامەکانیان دەستیان بەسەردا دەگیرێ و جارێکی دیکە پێیان نادرێتەوە.

شێری بکە:

بابەتی دواتر

ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی کۆچی دوایی تێکۆشەری دێرینی کورد کاک "جەلیل گادانی" ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

5 شه‌م 8 6 , 2020
ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی کۆچی دوایی تێکۆشەری دێرینی دێموکرات کاک “جەلیل گادانی” هاوڕێی دەیان ساڵەی خەبات و خۆڕاگریی تێکۆشەرانی دێموکرات ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە. دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە: ڕاگەیەندراوی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی کۆچی دوایی تێکۆشەری دێرینی دێموکرات کاک جەلیل گادانی بە داخ و پەژارەیەکی […]

نوێترینەکان