یەکێك لە سیما ناسراوەکانی نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات کۆچی دوایی کرد

بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٥ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی، “زاهیر بەدری” ناسراو بە (بەبری کوێستان) بەهۆی نەخۆشی لە یەکێک لە نەخۆشخانەنی وڵاتی دانمارک کۆچی دوایی کرد.

” زاهیر بەدری” کوڕی ئەرشەد خەڵکی ئاوایی “حەبەش” سەر بە شاری “خۆی”ی شیمالی کوردستان  بوو کە باوک و کەسوکار و بنەماڵەی  بەدری لە دامەزرانی حیزب و کۆماری کوردستاندا لە بنەماڵە چالاکەکان بوون و پێشتریش لە شۆڕشەکانی “ئاراراتـ”ـدا نەخش و بەشداریی بە باندۆریان هەبووە.

کاک “زاهیر بەدری” لە زۆربەی خۆپێشاندانەکانی  شاری “ماکۆ و تەورێز” پێش ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتیدا بەشداریی کردبوو.  لەو کەسانە بوو کە هەر زۆر زوو خۆی گەیاندبووە شاری “مەهاباد”  و پەیوەندیی بە ڕێبەرایەتیی حیزبەوە کردبوو و گەڕابووە ناوچەکانی “خۆی، ماکۆ و سەڵماس” بۆ دامەزرانی ڕێکخکستنەکانی حیزب و دامەرزاندنی بنکە و بارەگا و ناونووسکردنی لاوان بۆ پێشمەرگایەتی و توانیبووی لە ماوەیەکی کەمدا هێزێکی بەرینی پێشمەرگە دروست بکا و بە ناوی دەستەی “ئارارات” بکەونە کار و تێکۆشان.

هاوکات لەگەڵ کاک “زاهیر” بەشێکی زۆری لاوانی بنەماڵەکەشیان چەکی پێشمەرگایەتیان لە شان کرد و دوو براشی بە ناوەکانی “بەشیر و موراد خان” لەگەڵ “زاهیر”ی براگەورەیان بوونە پێشمەرگە کە بەداخەوە ساڵی ١٣٥٩ “بەشیر بەدری” لە شەڕێکی قورسدا گیانی بەخشی و چووە نێو کاروانی نەمرانەوە.

“زاهیر بەدری” لە هێزی “قارەمانـ”ـی ئەو کاتدا دا فەرماندەری لک و بەرپرسی نیزامیی “کۆتۆل بوو”.

ساڵی ١٣٦٠ “زاهیر بەدری” لە ماوەی پاشەکشەی حیزب لە شیمال بەهۆی خیانەتی تاقمی ٧ کەسی، خۆی و ژمارەیەک لە هاوڕێیانی ڕوویان کردە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزب لە ناوچەی سەردەشت  و لە گوندی میراوا لە شەڕێکی قورسدا یەکێک لە هاوڕێیان و خزمانی نیزیکی خۆی بە ناوی “حەسەن زەیتوون” شەهید بوو.

دوای گەڕانەوەی بۆ شیمال لە هاوینی ساڵی ١٣٦١ دیسان “زاهیر بەدری” وەک ناوە ناسراوەکەی(بەبری کوێستان) شانی دایە بەر خەبات و تێکۆشان و  وەک فەرماندەری عەمەلیاتی هێزی شەهید سەروان “حاتەم” خزمەتی دەکرد و هاوکات فەرماندەری دەستەی چەکە قورسەکانی هێز بوو لە کاتی شەڕ و بەربەرەکانیەکاندا وەک خەدەمەی لێزانی دۆشکە بەشدار دەبوو.

هاوینی ساڵی ١٣٦٣ کاتێک هێزەکانی حیزب کەوتنە خەباتی پارتزانی، بە مەئمووریەتێک کە لەلایەن شەهید “نەبی  قادری” بەرپرسی ئەوکاتی ناوەندی “ئاگری”، “زاهیر بەدری” کرایە فەرماندەری لکی شەهید “بەشیر بەدری” و لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێیانی ڕوویان کردە بناری “ئاگری” و لە ناوچەکانی “خۆی و ماکۆ” خەباتیان کرد تا سەرەنجام لەسەر سنوور ل لایەن هێزەکانی دەوڵەتی تورکیەوە خۆی و چەند هاوڕێی کە یەکێکیان “مورادخانی” برای بوون گیران و کەوتنە زیندان.

  دوای نیزیک ٢ ساڵ، بە مەرجی ناونووسیکردن لە “یوو.ئێن” و نەگەڕانەوە بۆ نێو حیزب ئازاد کران و بە ناچار ناویان لە “یوو.ئێنـ”ـی ئانکارا نووسی و دواتر وەک پەنابەر لە وڵاتی دانمارک گیرسانەوە.

لەوکاتیەوە تا دواساتی ژیانی “زاهیر بەدری” وەک خەباتکارێکی نێو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەوپەڕی دڵسۆزی و وەفادارییەوە کاری حیزبی کرد، لە کۆمیتەی دانمارک وەک بەرپرسی بەشی تەشکیلات، بەرپرسی بەشی کۆمەڵایەتی و  زۆر يئەرکی تری بەڕێوە برد.

“زاهیر بەدری” لە هەموو جەریانات و دابڕانەکانی نێو ڕیزەکانی حیزبدا، وەک کێوێکی قایم پشتی ڕێبەری و حیزبەکەی دەگرت و هەرگیز ڕێگای دابڕانی نەگرتە بەر.

بە کۆچی دوایی زاهیر بەدری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران قارەمان و فەرماندەر و خەباتکارێکی لەدەست دا و شیمالی کوردستان بە گشتی و  دەڤەری “کۆتۆل و ئارارات” کەسایەتییەکی جێێ باوەڕ و خاوەن قورسایییان لەکیس چوو.

یاد و ناوی کاک زاهیر بۆ هەتاهەتایە لە مێژووی حیزب و نەتەوەکەمان دا بە پیرۆزی دەمێنێتەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای بەداخبوونی بۆ کۆچی دوایی کاک “زاهیر” سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.

هاوکات ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٣١ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی، ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی هاوڕێی تێکۆشەر و فەرماندەی قارەمانی حیزبی دێموکرات، کاک “زاهیر بەدری”، ناسراو بە “بەبری کوێستان”، بە بەشداریی ئەندامانی حیزب و بنەماڵەی ناوبراو و هاوڕێ و هاوسەنگەرانی لە یەکێک لە گوڕستانەکانی شاری “ئارهۆسـ”ـی، دانمارک بەڕێوە چوو.

سەرەتا بۆ ڕێزگرتن لە خەبات و تێکۆشانی کاک “زاهیر بەدری”، دەستەیەک لە ئەندامانی حیزب بە جلوبەرگی پێشمەرگانەوە، تەرمی “بەبری کوێستانــ”ـیــان بە وتنەوەی سروودی “ئەی ڕەقیب” تا دوامەنزڵگەی بەڕێ کرد.

پاشان ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆحی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان، بە تایبەت کاک “زاهیر بەدری”، ڕاگەیەندرا.

دواتر “سلێمان کەڵەشی”، بەرپرسی ڕێکخستنی حیزب لە هەرێمی “ئیسکاندیناوی”، لەسەر ژیان و خەبات و قوربانیدان و فیداکاریی کاک “زاهیر”، چەند وتەیەکی پێشکەشی بەشداربووان کرد.

پاشان کاک “سەعید سوڵتانپور”، بەرپرسی گشتیی کۆمیتەی حیزب لە دانمارک بە نوێنەرایەتیی کۆمیتەوە پەیامێکی ئاراستە کرد و بەڵێنی دا کە هەتا دوا هەناسە درێژەدەری ڕێگا و ڕێبازی کاک “زاهیر” و گشت شەهیدانی کوردستان دەبین.

هەروەوها پەیامی یەکیەتیی لاوان لەلایەن “جەلال قادری”، بەرپرسی یەکیەتیی لاوان لە دانمارک پێشکەش کرا.

بەدوای ئەودا پەیامی بنەماڵەی “بەدری”، لەلایەن “ڕۆمی بەدری” کوری کاک “زاهیر بەدریـ”ـەوە پێشکەش کرا و بە ناوی بنەماڵەی “بەدریـ”ـیەوە بەڵێنیان نوێ کردەوە کە هەتا گەیشتن بە ئامانجەکانی “باوکیان”، وەفادار بە حیزب و گەل دەمێننەوە و هەردەم پشتیوانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەبین.

لەلایەکی دیکە ناوبراو سپاسێکی تایبەتی بەشداربووان بە گشتی و کۆمیتەی حیزبی بە تایبەتی کرد کە لەو ڕێوڕەسمەدا ئامادە بوون و ئەرکیان کێشاوە.

هەروەها “جەمشید خوسرەوی”، بەرپرسی بەشی تەشکیلاتی کۆمیتە سپاسی بەشداربووان و لایەنەکانی کرد کە ئەو ڕۆژە لەسەر گۆڕستان ئامادە بوون.

لە کۆتاییدا تەرمی کاک “زاهیر بەدری”، بە وتنەوەی سروودی ئەی شەهیدان بە خاک ئەسپێردرا.

شێری بکە:

Pdkimedia Komitekan

بابەتی دواتر

ئاڵمان: لە شارەکانی بێرلین و هامبۆرگ خۆپێشاندان بەڕێوە چوو

شه‌م 6 19 , 2021
ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٨ی جۆزەردان لەگەڵ دەستپێکی بەڕێوەچوونی شانۆی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری و شارەوانییەکان لەلایەن ڕێژێمی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامییەوە، حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان و ئێرانیش لە دەرەوەی وڵات بە پێکهێنانی خۆپیشاندانی بەرین، پشتیوانیی خۆیان بۆ بایکۆتی تێکڕای شانۆی هەڵبژاردنەکان دەربڕی. لە شاری بێرلین پێتەختی وڵاتی “ئاڵمان” خۆپێشاندانێک لەلایەن کۆمیتەی حیزبی […]

نوێترینەکان