هه‌روه‌ك چاوه‌ڕوان ده‌كرا لە 75ـەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران و له درێژه‌ى ئەو كۆمه‌ڵه وێبینارانەی رێكخستنی گشتیی حیزب لە دەرەوەی وڵات بۆ جێژنی 25ـی گەلاوێژی ئەمساڵ سازی كردوون، وێبینارێكی تایبه‌ت به كۆمیتەی گشتى و سەرجەم ئەندام و لایەنگرانی حدكا لە سوئێد بەڕێوەچوو كە تێیدا باسی سیاسەتەكانی حیزب و هەروەها قۆناخە مێژوویییەكانی نێوان شەهیدبوونی د.شەڕەفكەندی تا دەستپێكی راسان كرا.
وێبینارەكه شه‌ممه 15-08-2020 كات 20:00 به به‌شداریی به‌ڕێزان حوسێن نازدار ئه‌ندامی هه‌یئه‌تی ئیجرایی ناوه‌ندی سیاسی و هه‌روه‌ها شاهۆ فه‌رازمه‌ند ئه‌ندامی پێشووی رێبه‌ری بەشێوەى ئانلاین لەسەر ZOOM به‌ڕێوه‌چوو كه شه‌هریار نه‌قشبه‌ندی به‌ڕێوه‌به‌ری بوو.
پاش سروودی نه‌ته‌وه‌یی “ئه‌ی ره‌قیب” و راگرتنی ساتێك بێده‌نگى بۆ گیانی پاكى شه‌هیدانی گه‌ل و حیزب، به‌ڕێز كاوه عه‌بداڵى به‌رپرسى رێكخستنى گشتی ده‌ره‌وه‌ى وڵات وێڕای پیرۆزباییی 25ـی گه‌لاوێژ، له وته‌یه‌كى كوورتدا خێرهێنانی مێوان و به‌شداران و به‌ڕێوه‌به‌رى وێبیناره‌كه كرد به‌تایبه‌ت كاك مه‌ولوود عه‌بدیلزاده به‌رپرسی كۆمیته‌ى گشتى و سه‌رجه‌م ئه‌وانه‌ى كاریان بۆ سازدانی كردووه.
له ده‌ستپێكدا، حوسێن نازدار ئاوڕێكی مێژوویی و سیاسی له رابردوو و دامه‌زرانی حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران دایه‌وه و گرینگیی هاتنه‌ئارای ئه‌و حیزبه‌ى بۆ سه‌رخستنی مافی ئازادى و دادپه‌ره‌وه‌ری بۆ گه‌لی كورد له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان خسته‌به‌رباس كه له كۆماری كوردستانه‌وه ده‌ست پێده‌كا و دوا هه‌نگاویش راگه‌یاندنی راسانه.
به‌ڕێزیان، دیمۆكراسی و مافى هه‌رێمه‌كان له‌سه‌ر بناخه‌ى باری جوگرافی وه‌ك سیاسه‌تێكی بنه‌ڕه‌تی حیزبی دیمۆكرات ناوزه‌د كرد كه به‌وهۆ‌یه‌وه حیزب چووه‌ته ناو به‌ره و هاوپه‌یمانییه‌تیه‌كانی كوردستانی و ئێرانی بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و فیدراڵییه له‌ناو نه‌ته‌وه‌كانی ئێران‌دا جێبه‌جێ بكرێ.
له به‌شێكی تردا باس له سه‌ربه‌خۆیی حیزب و هه‌روه‌ها بڕوابوون به دیمۆكراسی كرا و رۆڵی راگه‌یاندن و باری كولتووری و بزووتنه‌وه‌ى مه‌ده‌نی وه‌ك جۆره‌كانی تری خه‌بات ناوبرد.
له به‌شێكی تردا، شاهۆ فه‌رازمه‌ند وێڕای هیواخواستن بۆ یه‌كبوون و سه‌ریه‌ك خستنه‌وه‌وه‌ى بنه‌ماڵه‌ى گه‌وره‌ی دیموكرات، باسی له قۆناخه گرینگه‌كانی پاش شه‌هید شه‌ره‌فكه‌ندی كرد و مژاره‌كه‌ى دابه‌شی سه‌ر سێ وێستگه‌ی گرینگ كرد.
یه‌كه‌میان له ئاستی جیهانی كه بزووتنه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌یی ئێمه كه‌وته به‌ر كاریگه‌ری و چاره‌نووسی یه‌كیه‌تیی سۆڤییه‌ت. هاوكات پێكهاته‌ی قه‌واره‌ى هه‌رێمی كوردستان كه له بواره جیاكان كاریگه‌ریی هه‌بوو. هه‌روه‌ها ئاڵوگۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی له ناوه‌خۆی رۆژهه‌ڵات وه‌ك گه‌وره‌بوونی كۆمه‌ڵگه و شاره‌كان و به‌رزبوونه‌وه‌ى ئاستی هۆشیاری و رۆشنبیریی گشتی توانی كاریگه‌ری خۆی بسه‌پێنێ.
فه‌رازمه‌ند جه‌ختی كرده‌وه كه حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران توانی له ئاست ئه‌و وێستگه‌دا جیاوازانه‌دا بێ و په‌یامی نه‌ته‌وه‌یی و مافخوازیی خۆی بگه‌یه‌نێ و رۆڵی سه‌ربه‌خۆى خۆى بپارێزێ.
وێبیناره‌كه پرسیار و وه‌ڵامی مێوانانی له‌خۆ گرتبوو كه به‌گشتی دوو ده‌مژمێری خایاند.