خەڵکی تێکۆشەر و ئازادیخوازی کوردستان
کادر و پێشمەرگە و ئهندام و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
وەک ئاگادارن
بەرپرسیارێتیی تاکە وشیارەکانی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات و تێفکرین لە بێ مافی و سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەی کورد و خەبات بۆ دەستەبەرکردنی مافی سەروەری، خاڵی بنچینەییە لە دامەزرانی حیزبی دێموکراتدا.
ئەم بزاوتە فکرییە لەسەر بنەما تەشکیلاتییەکانی کۆمەڵەی ژێکاف گەشە دەکات و لە حیزبی دێموکراتدا دەگۆڕدرێت بە قەوارەیەکی تەشکیلاتی و سیاسیی بە بەرنامە.
سەردەمانێک کە بیر و هزری چەپی مارکسیستی باڵی بەسەر ژینگەی سیاسیی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و لەو نێوەدا کوردستانیشدا کێشابوو و هزری نەتەوەخوازی وەک بیرێکی دواکەوتووانە سەیر دەکرا و بە پیلانی ئێمپریالیزم بۆ دابەشکردنی هێزی کرێکارانی جیهان دەهاتە ئەژمار، حیزبی دێموکرات لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیی مێژویی خۆیەوە، لەسەر بەدەستهێنانی مافی نەتەوەیی و ڕزگاری لە ژێردەستی و خەبات بۆ مافی نەتەوەیی پێداگرتر بووە.
بەپێی ئەو ڕەساڵەتە مێژووییەش بوو لە یەکەمین دەرفەتدا کە لە ئاکامی گۆڕانی هاوکێشە سیاسییەکان لە شەڕی دووەمی جیهانی لە ئاستی ناوچەکە هاتە ئاراوە، بە سەرۆکایەتیی پێشەوای نەمر، کۆماری کوردستانی وەک “یەکەیەکی نەتەوەیی” دامەزراند.
هەرچەند تەمەنی کۆماری کوردستان بە پێوەری ژمارەی ڕۆژ و مانگەکان لە کەمی دا، بەڵام میرات و مێژووەکەی بە داهاتوو سپارد و بوو بە ڕێباز؛ بە جۆرێک کە نەوەکانی دواتر، خۆیان بە هاووڵاتیی ئەو کۆمارە دەزانن و لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیش مۆرکی سامانێکی نەتەوەیی پێوەیە.
بەو پێیە، بنچینەیەکی وەها پتەوی لە هەست و نەست و هزری ڕۆژهەڵات دانا کە دوای ڕووخانی کۆمار و لەسێدارەدانی پێشەوا و باقیی بەڕێوەبەرانی، خەبات بۆ ژیانەوە و بنیاتنانەوەی بووەتە خولیا و هێڵێکی نەتەوەیی لە ستراتیژی و بەرنامەی سیاسیی حیزبی دامەزرێنەری؛ حیزبێک کە بە درێژایی مێژووی ٧٥ ساڵەی، بەرانبەر بە دوو دیکتاتۆریی پاشایەتی و ئیسلامی، لەسەر هەمان هێڵ بەردەوام بووە.
ئێستا کە نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی لەدایکبوونی حیزبی دێموکرات بەرز ڕادەگرێت، زیاتر لە ڕابردوو بۆ گەیشتن بە ئاواتی لەمێژینەی خۆی هیوادارە. وشیارانەتر لە هەموو کات خەباتی بۆ دەکات و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش هەروا پێشەنگ و ڕێکخەری ئەو خەباتەیە.
هەرچەند لە ماوەی ئەو ٧٥ ساڵەدا، بێجگە لە سەروبەندی پێش و پاش دامەزرانی کۆماری کوردستان و مەودایەکی کورتماوەی دوای ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی و بە دەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسلامی، کە سەرجەم لە چەند ساڵێک تێناپەڕێت، حیزبی دێموکرات بە ئازادی لە کوردستان چالاکیی نەبووە، بەڵام لەو ماوە کورتەدا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا بە کردەوە و بە شێوەی دامەزراوەیی، لە پێناو بەهاکانی ئازادی و دێموکراسی و سەروەریی نیشتمانی و ژیانێکی ئازاد تێکۆشاوە.
دەسەڵاتی خەڵک (شوراکان)، پلۆرالیزم، یەکسانیی مافی ژن و پیاو، عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و ئازادیی بیر و باوەڕی سیاسی و ئایینیی جیاواز و ڕەچاوکردنی مافی کەمینەکان، گرینگیدان بە بواری زمان، خوێندن و پەروەردە، بەشێک لەو پرسانەن کە بە بەرنامە و بە کردەوە هەوڵی بۆ دراوە.
خەبات بۆ ڕزگاری لە ژێردەستی و ئەو ئامانجە بەرز و پڕبەهایانەی کە حیزبی دێموکرات هەوڵی بۆ داوە، لەگەڵ بنەمای فکری و سیاسیی ناوەند لە سەردەمی هەر دوو ڕێژیمی پاشایەتی و ئیسلامی، ناتەبا و پێک ناکۆک بووە. بۆیە حیزبی دێموکراتیان بە دژی دەسەڵاتە سەرەڕۆ و دواکەوتووەکانی خۆیان داناوە و بە هەر شێوەیەک لە توانایاندا بووە، هەوڵی پەراوێزخستن و لەناوبردنیان داوە. لەناوبردنی ڕێبەرانی ئەو حیزبە ئامانجێكی سەرەکیی ئەوان بووە، هەر لەو ڕاستایەشدا پێشەوا قازی محەممەد، د.قاسملوو و د.شەرەفکەندی، بە پیلانی ئەم ڕێژیمانە شەهید دەکرێن؛ بەڵام ئەزموونی ٧٥ ساڵی ڕابردوو نیشانی داوە کە شەهیدکردنی ئەو ڕێبەرانە و هەزارانی دیکە لە تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات، بڵێسەی ئاگری ئەو خەباتەی گەرمتر و بەتینتر کردووە. بەپێچەوانەی بیری تەسکی دوژمنان، حیزبی دێموکرات ئەو حیزبە نییە کە بتوانن بە غەدر و خەیانەت و پیلان لەناوی بەرن. حیزبی دێموکرات، ناسنامەی نەتەوەیی هەیە و بەشێكی دانەبڕاوە لە مێژووی کورد. بە درێژایی قۆناغەکانی خەباتی، هەوڵی بۆ دابینکردنی سەروەریی نەتەوەکەی بەسەر خاکی خۆیدا داوە و دەیان ساڵە ڕێکخەر و پێشەنگی بزووتنەوەی نەتەوەیی- دێموکراتیکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. ناکرێت باس لە مێژووی هاوچەرخی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد بکرێت، بەڵام ڕۆڵی مێژوویی ئەم حیزبە نادیدە بگیردرێت.
مێژووی ٧٥ ساڵە، تەنیا مێژووی پێکهاتەیەکی سیاسی و تەشکیلاتی نییە، بەڵکوو مێژوو و یادەوەریی دەیان ساڵ خەبات و قوربانیدانە کە بە هەزاران تێکۆشەر و شۆڕشگیڕ لە چەندین نەسڵ و لە سەرجەم چین و توێژ و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تیایدا بەشدار بوونە.
ئەگەرچی حیزبی دێموکرات لە دووتوێی ئەم مێژووەدا خاوەنی سەروەری و دستکەوت و سەرکەوتن بووە، لەگەڵ ئەوەشدا بێگومان لە کەموکوڕی و هەڵەش بەدوور نەبووە. ئەگەر زۆرجار دەسکەوت و سەرکەوتنەکان ئاکامی هەلومەرج و دۆخی کات و شوێنە، بە هەمان شێوە بەشێک لە کەموکوڕی و نسکۆکانیش ئەنجامی هەمان بارودۆخن، لە حیزبی دێموکراتیشدا هەر بەو شێوەیەیە.
لەو مێژووە ٧٥ ساڵەیەدا، نەبوونی دەرفەتی چالاکیی ئازادانەی حیزبی دێموکرات لە ڕۆژهەڵات، دوورەوڵاتی و دابڕان لە خەڵک وەک سەرچاوەی مرۆیی و ڕێکخراوەیی، تا ڕادەیەک کەلێن و بۆشایی و دابڕانی دیکەشی لە پەیوەندیی نێوان حیزب و ڕۆژهەڵات بەجێ هێشتووە. ئەمەش بۆ خۆی هۆکاری کۆمەڵێک کەموکوڕی، بێ توانایی یان کەم توانایی بووە. ئەم دابڕانەش زۆرجار دەبنە هۆی سیاسەت و بەرنامەیەکی هەڵەی ئەوتۆ کە دەتوانێت زیانبار بێت.
بە سەرنجدان بەو ڕاستییانە، حیزبی دێموکرات هەڵگری هێندێک کەموکوڕی بووە کە دەکرا کاری زیاتریان لەسەر بکرێت بۆ ئەوەی کەموکوڕییەکان کەمتر ببنەوە. یەکێک لە گرنگترین کەموکوڕییەکان لایەنی “پەروەردەییـ”ـی کادر و پێشمەرگە و ئەندامانیەتی. بە واتایەکی تر نەبوونی ئیمکان و دەرفەتی پەیوەندیی زیندوو و بەڕۆژ لەگەڵ ژینگەی ڕۆژهەڵات و هەروەها دۆخی سەرکوت و هەلومەرجی سەخت و دژواری خەبات، بوونەتە هۆکار تاکوو لە چەند قۆناغێکدا گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگا کەمتر و درەنگتر لە بەرنامە و پێکهاتەی سیاسی و ڕێکخراوەیی حیزبدا ڕەنگ بداتەوە و حیزب بە گوێرەی پێویست نەتوانێت بەو گۆڕانکارییانە ئاشنا ببێتەوە و خۆی لەگەڵدا بگونجێنێت؛ بە واتایەکی تر حیزبی دێموکرات پێ بە پێی گۆڕانکاری و گەشەی کۆمـەڵگا و تاکەکانی ڕۆژهەڵات، نەیتوانیوە پەروەردەی خۆی لە ئاست ئەو گۆڕانکارییانە بەرێتە سەرێ و پێکهاتە و بەرنامەکەی لەگەڵ بەستێنی گۆڕانکارییەکان هەماهەنگ بکات، بۆیەش زۆر کات بەرەوڕووی کێشە و گرفتی گەورە و بچووک بووەتەوە.
خاڵێکی دیکە کە گرینگییەکی تایبەت بە خۆی هەیە و دەبێ قامکی لەسەر دابنێین، پێگەی جوغرافیایی و ڕۆڵی ستراتێژیکی ناوچەکانی باشووری زاگرۆس لە ڕێکخستنی بزووتنەوەی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتدایە. پێوەری سەرکەوتنی کۆتایی بۆ بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات وەک یەکەیەکی نەتەوەیی و جوغرافیایی، پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە و گواستنەوەی ڕەهەندەکانی خەباتە بۆ ئەم بەشە لە نیشتمان. سەرەڕای سیاسەتی لەمێژینەی داگیرکەر بۆ ئاسیمیلەکردن و دابڕان و تواندنەوەی ناسنامەی کوردیی ئەم ناوچەیە، هزری نەتەوەیی و کوردایەتی لەم ناوچەیە تا دێ گەشە دەکات، بەڵام ئێمە وەک حیزبی دێموکرات و سەرباری هەموو بەرنامە و هەوڵەکانمان نەمانتوانیوە ئەو بۆشاییە بە تەواوەتی پڕ بکەینەوە.
ڕوانینی کراوە و هزری ڕەخنەگرانە بۆ مێژووی ٧٥ ساڵەی حیزبی دێموکرات، فەزیلەتێکی فکری و زەروورەتێکی پەروەردەییە بۆ بەخۆداچوونەوە و بەڕۆژکردنی سیاسەت و بەرنامەکانمان. ئەم ڕوانینە وادەکات کە بە وردی سەرنج بخرێتە سەر کێشە و بەربەستەکان لە بەستێنی واقعی خۆیدا. هەوڵ بۆ دەستنیشانکردنی گرفت و کەموکوڕییەکان، بەشێکن لە پرۆسەی چارسەر.
لە کۆتاییدا دەمهەوێت ئاماژە بەو ڕاستییە بکرێت کە بە هەموو کەموکوڕییەکانیشەوە، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئێستاش هەر جێگای هیوای زۆربەی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتە. کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات ئەو حیزبە بە دروستی بە هی خۆیان دەزانێ، بۆیە بە سەرکەوتنەکانی خۆشحاڵن، بە پاشەکشە و لاوازییەکانی هەستیارن، هێز و ورەی پێ دەبەخشن و لە تەنگانەدا پشتی دەگرن. لە هەموو بەشەکانی کوردستانیشدا بە چاوی ڕێز و حورمەتەوە لێی دەڕوانن. ئەو ڕێز و پێگەیەش بەگشتی بەرهەمی خۆێنی شەهیدانە، لە ڕێبەرانیەوە بگرە تا دەگاتە هەزاران کادر و پێشمەرگە، ئەندام و لایەنگر، کەمئەندام و زیندانیی سیاسی؛ بەرهەمی تێکۆشان و خەباتی چەندین نەسڵە کە بە سەدان هەزار کەس بە گوێرەی توانا و هەلومەرج پاڵپشت و یارمەتیدەری بوونە و خاوەندارێتییان لێ کردووە، بۆیە لەڕاستیدا هەموو شانازییەکانیشی بۆ سەرجەم چین و توێژەکانی کوردستان دەگەڕێتەوە.
بۆ ئێمەی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتیش، شانازییەکی گەورەیە کە لە ڕیزی حیزبێکی نەتەوەیی ئەوتۆدا خەبات دەکەین.
لە ٧٥ەمین ساڵیادی دامەزرانی حیزبی دێموکراتدا، سەری ڕێز و نەوازش دادەنوێنین لەبەرانبەر گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای خەبات و تێکۆشانی ٧٥ ساڵەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هەموو ئەو شەهیدانەی کە لە ڕێگای ئازادی کوردستان، گیانی پاکی خۆیان بەخت کردووە، ئەمەگناسی و پیرۆزباییمان بۆ بنەماڵەی سەربەزری شەهیدان، بۆ زیندانییانی سیاسی، بۆ هەموو کادر و پێشمەرگە و ئەندامان و لایەنگرانی ئەو حیزبە دەردەبڕین و بەڵێن دەدەین درێژەدەری ڕێگای پڕ لە سەروەرییان بین.
لەم یادە پڕشکۆیەدا، پەیامی یەکڕیزی و هاوخەباتی بۆ هەموو لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات، کۆمەڵگای خۆڕاگری مەدەنی و سەرجەم چین و توێژەکانی کوردستان دووپات دەکەینەوە.
بژی حیزبی دێموکرات
سەرکەوتن بۆ کوردستان