وێبنارێک بۆ ئەندامانی حیزب لە وڵاتی نۆروێژ بەڕێوە چوو

لە زنجیرە وێبنارەکانی تایبەت به ٧٥ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکرات، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی گەلاوێژ وێبینارێک لەلایەن هەیئەتی ئامادەکاریی وێبنارەکان بۆ ئەندام و لایەنگرانی حیزب لە وڵاتی نۆروێژ بەڕێوە چوو.

وێبنارەکە به سروودی نەتەوەیی “ئەی ڕەقیب” و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆحی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد.

کۆڕگێڕانی وێبینار بریتی بوون لە دوکتور “سەعید شەمس” مامۆستای زانکۆ و “ئەلبۆرز ڕووئینتەن” ئەندامی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.

“ئەلبورز ڕوئینتەن” لەگەڵ پیرۆزبایی و بەخێرهاتنی ئامادەبووان باسەکەی لەژێر ناوی حیزبی دێموکرات و بەها نێونەتەوەییەکان لەم چەند خاڵەدا شرۆڤە و شی کردەوە:

یەکەم؛ ئازادی و گرینگیدانی حیزب بەو چەمکە لە قۆناغە جیاوازەکانی خەباتی خۆیدا هەر لە سەردەمی کۆماری کوردستان هەتا ئێستا.

دووەم؛ دێموکراسی، لەو بارەوە ئاماژەی بە بڕوای حیزب بە دێموکراسی و هەوڵی نهادینەکردنی لەنێو حیزب و کۆمەڵگای کوردستان و ئێران بەگشتی کرد. هەروەها دابینکردنی یەکسانی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و ئاشتیخوازی لەو خاڵانە بوون کە ناوبراو باسی  لەسەر کردن و جەختی کردەوە کە بۆ پراکتیزەکردنی هەر کام لەو چەمک و دەستەواژانە، حیزبی دێموکرات کاری جیددیی کردووە و نرخی زۆریشی لەپێناویدا داوە.

دواتر دوکتور “سەعید شەمس” هاوکات لەگەڵ پیرۆزبایی دامەزرانی حیزب باسێکی لێکۆڵینەوەی مێژوویی- زانستی بە ناوی پارادۆکس لە “ژێ.کافـ”ـەوە بو حیزبی دێموکرات، پێشکەشی ئامادەبووان کرد.

“شەمس” لە باسەکەیدا ئاماژەی بە دوو ڕوانگەی جیاواز سەبارەت بە کۆمەڵەی “ژێ.کاف” و چونیەتیی بوونی بە حیزبی دێموکرات خستە ڕوو. ناوبراو باسی لەوە کرد، مادام حیزبی دێموکرات لەسەر بناغەی “ژێ.کاف” دامەزراوە، پێویستە ئەو سێ ساڵ و چەند مانگەی کۆمەڵەی ‘ژێ.کاف” بە دامەزرانی حیزبی دێموکراتەوە زیاد بکرێت.

هەروەها “شەمس” باسی لەوە کرد، “ژێ.کاف” بزووتنەوەیەکی ڕووناکبیری ـ سیاسی بوو کە لە هەرەتی بەهێزبوون و بە جەماوەری بوونیدا کرا بە حیزبی دێموکرات و پێی وابوو بوونی “ژێ.کاف” بە حیزبی دێموکرات بە سەرنجدان بە بارودۆخی ئەو کات کارێکی دروست و پێویست بوو. هاوکات ئیرادەی نەتەوایەتی لە “ژێ.کاف” و کۆماردا بە دەگمەن لە مێژووی هاوچەرخدا وەسف کرد و پێی وابوو پێویستە ئەزموونی کۆماری کوردستان لەگەڵ کۆمۆنی پاریس بەراورد بکرێت.

وێبنارەکە بە پرسیاری بەشداران و وڵامی میوانانی بەرنامەکە کۆتایی پێهات.

شێری بکە:

بابەتی دواتر

كتێبەكەی د. شەڕەفكەندی لە وێبینارێكدا لە سوئێد خوێندنەوەی زانستیی بۆ كرا

هه‌ینی 9 25 , 2020
كۆمێتەی گشتیی حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران لە وڵاتی سوئێد بەبۆنەی 28ــەمین ساڵیادی شەهیدانی میكۆنوس، چالاكییەكی ئانڵاینی بەڕێوە برد كە تێیدا نووسەر و توێژەر د. هاشم ئەحمەدزادە گفتوگۆیەكی ئەكادیمی لەبارەی كتێبەكەی د. سادقی شەڕەفكەندییەوە پێشێكش كرد. وێبینار لەژێر ناوی: “مێژوونووسی و مێژوو؛ ئاوڕێك لە كوورتەمێژووی بزووتنەوە نەتەوایەتییەكانی كورد لە د. سادقی […]

نوێترینەکان