ڕۆژی یەكشەممە ڕێکەوتی ١٦ی سەرماوەز لە ڕۆژی كەمئەندامانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێراندا، بە بەشداریی ڕاستەوخۆی مامۆستا “مەلا حەسەن شیوەسەڵی” و “فەرهاد جەهان میهەن” خوێندكاری دكتۆرا و دەیان كەمئەندامی دیکە لە وڵاتی سوئێد وێبینارێک بەڕێوە چوو.
سەرەتای وێبینارەکە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد.
پاشان وێبینارەكە لەلایەن كۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات لە سوئید بەڕێوە چوو و تێیدا ڕێز لە خەبات و خۆڕاگریی ئەو کەمئەندامانەی کە لە ڕیزی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا ماونەتەوە؛ گیرا و لایەنە جیاوازەكانی كەمئەندام لە هەردوو باری سیاسی و كۆمەڵایەتیدا باسی لێوە كرا.
لە درێژەی وێبینارەکەدا مەلا “حەسەن شیوەسەڵی” كە خۆی هەوێنی ناونانی ڕۆژی كەمئەندامی حیزبی دێموکراتە پەیامێكی پێشكەش كرد و ئاوڕێكی لە ژیان و باری ڕۆحی و دەروونیی كەمئەندامان لەنێو شۆڕش و كۆمەڵگادا دایەوە.
دواتر “فەرهاد جەهان میهەن” كە خاوەنی دەیان توێژینەوە و لێكۆڵینەوەی مەیدانییە لە بارەی كەمئەندامان و خوێندكاری دكتۆرایە باسێكی تیئۆری دەوڵەمەندی پێشكەش كرد.
ناوبراو ڕوونی كردەوە كە خاوەن پێداویستیی تایبەت بەشێكن لە كۆمەڵگە و پێویستە هەموومان لە دۆخیان تێبگەین بۆ ئەوەیکە لە سەرجەم بوارەكانی ژیان وەک ئابووری، سیاسی، كۆمەڵایەتی و ژیانی تایبەتی خۆیاندا هەست بەوە نەكەن لە كۆمەڵگا دابڕاون پاشان باسی لەوە كرد كە ئەركی هەموو لایەكە بەتایبەت هێزە سیاسییەكان تا ئەم مژارە بخەنە ڕیزی پێشەوەی كارەكانیان.
دواتر چاوپێكەوتنی هەشت كەمئەندامی حیزبی دیمۆكرات بڵاو كرایەوە كە باسیان لە ژیانی خۆیان كردبوو و هەموویان شانازییان دەكرد لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و دیمۆكراسیدا جەستەیان بەخشیوە.