دیداری نوێنەرانی حیزب‌و رێکخراوە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی فینلاند

رۆژی پێنج‌شەممە، رێکەوتی ١ی دێسامبری ٢٠٢٢ی زایینی، وەڤدێکی پێکهاتوو لە نوێنەرانی حیزب و رێکخراوە سیاسییە کوردستانییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان‌و چالاکانی کوردو ئێرانی، لەگەڵ نوێنەرانی وەزارەتی دەرەوەی فینلاند دیداریان کرد.

لەو دیدارەدا، کە جەهانبەخش خالدی، بەرپرسی بەشی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبیش لە فینلاند بەشدار بوو، هەیئەتەکە چاویان بە نوێنەرانی وەزارەتی دەرەوە کەوت کە پێک هاتبوون لە: “سێنا ئولدێم تۆوما”و “سیمۆ ریستۆڵاینێن” لە پێوەندییەکانی دەرەوە.

لە دیدارەکەدا، نوێنەرانی حیزب‌و رێکخراوە کوردستانییەکان، لەسەر دۆخی ئێران‌و رۆژهەڵاتی کوردستان زانیارییان دا بە هەیئەتی وەزارەتی دەرەوەی فینلاند‌. هەیئەتەکە، بەتایبەت لەسەر دۆخی نالەباری مافەکانی مرۆڤ‌و جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی‌و سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی دوو مانگی رابردوو لە رۆژهەڵاتی کوردستان‌و ئێران راپۆرتێکیان دایە وەزارەتی دەرەوەی فینلاند. لە راپۆرتەکەدا، بە وردی ئاماژە بە شەهیدان، بریندارو گیراوانی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی‌” کرابوو.

هەروەها نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش، سەبارەت بە هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستانی عێراق‌و بوردومانی قوتابخانەو شوێنی نیشتەجێبوونی ئاوارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان‌و شەهیدو بریندابوونی دەیان کەس، بۆ نوێنەرانی وەزارەتی دەرەوە قسەی کردو داوای کرد کە فینلاندیش وێڕای وڵاتانی دیکەی یەکیەتیی ئورووپا، سیاسەتی زاڵمانەو مرۆڤکوژانەی کۆماری ئیسلامی دژی خەڵکی کوردستان‌و ئێران مەحکووم بکەن.

نوێنەرانی وەزارەتی دەرەوەی فینلاندیش، پاش بیستنی راپۆرتی نوێنەرانی حیزب‌و رێکخراوەکان کوردستانییەکان، وێڕای سپاسکردن لە هەیئەتەکە، زانیارییەکانی ئەوانی بە گرنگ لەقەڵەم داو ئاماژەیان بە هەڵوێستی فینلاند کرد کە لەگەڵ یەکیەتیی ئورووپا رەخنەیان لە سیاسەتی رێژیمی تاران بەرانبەر خۆپیشاندەران گرتووەو ئەوان خەریکن گەمارۆی توندتر بەسەر ئەو بەرپرس‌و دامودەزگایانەدا بسەپێنن کە لە سەرکوت‌و کوشتنی خۆپیشاندەراندا دەستیان هەبووە.

شایانی باسە، نوێنەرانی حیزب‌و رێکخراوەکان، داواکارییەکانیان بە نووسراو دایە دەستی نوێنەرانی وەزارەتی دەرەوەی فینلاندو ئەوانیش بەڵێنیان دا کە داخوازییەکان‌و نووسراوەکە بۆ ئورگانی سەرەوەتری خۆیان بەڕێ دەکەن.

شێری بکە:

Pdkimedia Komitekan

بابەتی دواتر

کۆچی دوایی کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر لە وڵاتی فینلاند

4 شه‌م 12 7 , 2022
رۆژی چوارشەممە ۷ی دێسامبری ۲۰۲۲زایینی، مامۆستا “ئەبووبەکر فەلسەفی”، خەڵکی شاری بانە، نووسەر، کەسایەتیی دیاری کوردو تێکۆشەری دێرینی کوردستان، لە تەمەنی ٩٩ ساڵیداو لە وڵاتی فینلاند کۆچی دوایی کرد. مامۆستا مەلا ئەبووبەکر فەلسەفی، لە دایکبووی ١٢ی ١٠ی ١٩٢٣ی زایینی، لە گوندی “گەرماو”ی ناوچەی بانە لە دایک بووە. ناوبراو رابردوویەکی دوورودرێژی لە […]

نوێترینەکان