ناوەندی رەوەندی كورد لە دەرەوە بەبۆنەی 74 ساڵەی یادی لە سێدارەدانی پێشەوا و هاوڕێیانی لە 10ـی خاكەلێوە كە بەرۆژی شەهیدانی كوردستان دانراوە، راگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە كە ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی:
ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهید کردنی پێشەوا قازی موحەمەد سەرۆک کۆماری کوردستان وسەیفی قازی و سەدری قازی یە کە لەلایەن ڕژیمی ڕەزاشای ئێران لە مەیدانی چوار چرای شاری مهاباد لە سێدارە دران. پێشەوا قازی بە بیری نەتەوەیی وڕوناکی خۆی کۆمارێکی بۆ کوردان دامەزراند، تا ئێستاشی لە گەڵ بێت نەک لە بیر وزەینی هەموو تاکێکی کورد بە زیندوویی ماوەتەوە بەڵکو خاڵی جەوهەری وهیوا بە گەڕانەوە و دامەزراندنی کۆمارێکی دیکەی کوردی بوەتە ئاوات و ئامانجێکی جێ بایەخ.
ڕاستە تەمەنی کۆمار کورت بوو، بەڵام هەر لەو ماوە کورتەدا ،زمانی کوردی ،سپای میللی واتە هێزی پێشمەرگە، ئاڵای کورستان،سرودی نیشتمانی و کابینەی وەزیران ،مافی ژنان و زۆر بابەتی گرنگی دیکە وا پێناسە کران و جێیان گرت تا ئێستاش بونەتە هێمای نەتەوەیی وکورد شانازیان پێوە دەکات و کەڵکیان لێوەر دەگرێ.
کۆمار وەک چاوگەی هیوای دواڕۆژی هەموو کورد چاوی لێدەکرا و لە هەموو بەشەکانی کوردستان کوردان خۆیان گەیاندبوە مهاباد بۆ خزمەت بە گەشەی کۆمار ، بارزانی بە هێزی پێشمەرگەوە ولە گەڵ دەیان کەس ئەفسەر و ئەدیب و خەڵکی ڕشنبیر وخزمەتگوزاری دیکە.
بە داخەوە ڕژیمی ئەو کاتی پاشایەتی چاوی دیتنی دامەزراوە یاساییەکانی کوردستانی نەبینی و کەوتنە پیلانگێڕی بۆ تێک دانی کۆمار هەر ئەوە بو لە ڕۆژی ١٠ خاکەلێوەی ١٣٢٦ی هەتاوی لەشکریان هێنایە سەر شاری مهاباد و (بە لەسێدارەدانی پێشەوا و هاوڕێیانی) کۆماری کوردستانیان لە بار برد.
پێشەوا هەر چەند دەرفەتی دەرباز بوونی هەبوو بەڵام چۆن لە سەرەتاوە قەولی دابوو بە خەڵکی خۆی بەجێیان نەهێڵی، لە پێناوی پاراستنی خەڵک دا ئامادە بوو خۆی بکاتە قۆچی قوربانی تا خەڵکەکەی پارێزراو بێت.
بەمجۆرە پێشەوا قازی موحەمەد و هاوڕێکانی لە بەرەبەیانێکی زوو دا سەریان چوە سەر دار و لە پێناوی گەل و نیشتمان گیانیان بەخشی.
هەزاران سڵاو لە ڕۆحی پاکی پێشەوا و هەموو شەهیدانی گەلی کوردستان .
ناوەندی روەندی کورد لە دەرەوە /10ـی خاکەلێوەی 1400ـی هەتاوی