نەسرین مەحموودیان، خەڵکی شاری شنۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستانە کە نیزیک بە هەشت ساڵە لە وڵاتی دانمارک نیشتەجێیەو داوای پەنابەریی لەو وڵاتە کردووە. بەڵام لە لایەن وەزارەتی کۆچبەرانی دانمارکەوە داخوازییەکەی قەبووڵ نەکراوەو پێیان راگەیاندووە یان دەبێ دانمارک بەجێ بهێڵێ یان ئەوەی بە زۆر دیپۆرتی ئێرانی دەکەنەوە.
نەسرین مەحموودیان، ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە.
بە هۆی ئەوەی کە حیزبی دێموکرات بۆ نەهێشتنی زوڵمو زۆرو ستەمی نەتەوایەتیو هەروەها سەقامگیریی ئازادیو دێموکراسی لە ئێراندا خەبات دەکا، حکوومەتی تاران هەمیشە بە توندو تیژی لەگەڵ ئەندامەکانی ئەم حیزبەدا هەڵسوکەوت دەکا.
بۆیە نەسرین مەحموودیش کە ئەندامی فەرمیو چالاکی حیزبی دێموکراتەو لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر لە دایک بووە کە چوار ئەندامی بنەماڵەکەیان لە رێگای رزگاریی کوردو کوردستاندا شەهید بوون، لە ئەگەری دیپۆڕت کرنەوەی بۆ ئێران، مەترسیی بۆ سەر ژیانی درووست دەبێت.
بەو هۆیانە، داوا لە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و چالاکانی سیاسی دەکەین، بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکانو یاساکانی مافی مرۆڤ، پێش بە دیپۆرتکردنەوەی نەسرین مەحموودیان بگرنو نەهێڵن بڕیاری وەزارەتی کۆچبەرانی دانمارک کردەیی بکرێ.