ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٦ی خەرمانان کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سوئید بە هاوکاریی بنەماڵەی کۆچکردوو کاک “ئەحمەد کاکەمەمی” ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردن و پرسەیان بەڕێوە برد.
کاتژمێر ۱۱:۳٠ خولەکی بەیانی بە بەشداریی نوێنەرانی حیزب، لایەنە سیاسییەکانی هەر چوار بەشی کوردستان، نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سوئید، کۆڕ و کۆمەڵێ ڕووناکبیر، ئەدەبی و سەدان کەس لە کوردستانییانی سوئی، لە کۆڕێکی شایستەدا تەرمی هاوڕێ “ئەحمەدی کاکەمەمی” کە بە ئاڵای کوردستان ڕازابووە لە گۆڕستانی “سۆڵنا” لە شاری ستۆکهوڵم بەخاک ئەسپێردرا.
لەو ڕێوڕەسمەدا “عەزیز مورادپەرەست” بەرپرسی ڕێکخستی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی سوئید بەخێرهاتنی میوانەکان، لایەنە سیاسی، ڕۆشنبیری و کەسایەتییەکانی کرد و دواتر باسێکی لەسەر کەسایەتی کاک “ئەحمەد” پێشکەش بە بەشداران کرد.
دواتر کوردستانییانی سوئید پاش بەخاکسپاردن، مەزاری تێکۆشەر “کاکەمەمیـ”ـیان گوڵباران کرد.
بڕگەی دووهەمی ئەو ڕێورەسمە کاتژمێر ۲ی پاشنیوەڕۆ لە یەکێک لە هۆتێلەکانی شاری ستۆکهوڵم بە سروودی نەتەوەیی “ئەی ڕەقیب” و خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.
پاشان “ئارەزو حیسامی” وەک بەڕێوەبەری بەرنامە بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد و پاشان پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزب لە سوئید لەلایەن بەرپرسی کۆمیتە “مەولوود عەبدیلزادە” خوێندرایەوە.
“عەبدیلزادە” لە پەیامەکەیدا وێڕای سپاسی بەشداربووان، لەسەر کار و تێکۆشان و کەسایەتی کاک “ئەحمەد” لە ڕیزەکانی حیزبدا دوا.
دواتر پەیامی ڕێکخستنی دەرەوەی وڵاتی حیزب لەلایەن “کاکەبرا ئەلیاسی” خوێندرایەوە كە وێڕای سەرەخۆشی و بەداخبوونی ئەم كۆچە تیشكی خستە سەر لایەنەكانی ژیانی سیاسی، فەرهەنگی و كۆمەڵایەتیی كاک “ئەحمەد” و ڕۆڵی ناوبراو لە خەباتی جوڵانەوەی ڕزگاریخوازیی كورد لە كوردستان و تاراوگەدا.
دواتر ژیاننامەی نەمر ئەحمەد “کاکەمەمی” لەلایەن “کاوە ڕەحیمی” خوێندرایەوە.
پاشان کورتە فیلمێک پێشان درا کە هاوڕێی کۆچکردوو کاک ئەحمەد لە ڕۆژی شەهیدانی کوردستاندا لە کۆڕێکی حیزبیدا قسە دەکات.
هەر بەم بۆنەوە چەندین پەیام و برووسكەی هاوخەمی لەگەڵ حیزبی دێموكرات و بنەماڵەی كاک ئەحمەد كاكەمەمی خوێندرانەوە كە بریتی بوون لە:
پەیامی ماتەمینی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
پەیامی پارتی دێموکراتی کوردستان
بروسکەی ماتەمینی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان
بروسکەی ماتەمینی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
پەیامی هاوڕییانی دیکەی دێموکڕات
پەیامی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
پەیامی پارتی دێموکراتی کورد لە سوریە(الپارتی)
بروسکەی ماتەمینی پارتی سوسیالیستی کوردستان ـ باکور
بروسکەی ماتەمینی پارتی ئازادی کوردستان ـ باکور
پەیامی کۆمیتەی هاوکاری سیاسییەکانی کوردستانی لە سوئید
پەیامی فێدراسیۆنی کۆمەڵە کورستانییەکان لە سوئید
بروسکەی ماتەمینی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ
پەیامی ناوەندی ڕەوەندی کورد لە دەرەوەی وڵات
پەیامی ڕێکخراوی جیهانیی کورد
پەیامی بارەگای بارزانی
پەیامی باباعەلی مهرپەروەر
لە بڕگەیەكی دیکەی ئەو كۆڕیادەدا “هێمن مەردانی” پارچە هۆنڕاوەیەکی بەو بۆنەوە خوێندەوە.
دواتر سەید “ئەحمەد حوسێنی هاوڕێی” نزیکی کاک “ئەحمەد کاکەمەمی” و تێکۆشەری دێرینی حیزبی دێموکرات لە وتارێکدا وێڕای باس لە کەسایەتی کاک ئەحمەد بەهەست و سۆزەوە ئاوڕی لە لاپەڕە درەوشاوەكانی ژیانی پڕ بەرهەم و بەهاداری كاک “ئەحمەد” لە ڕاستای خزمەت بە حیزبەكەی و فەرهەنگ و ئەدەبیاتی نەتەوەكەی دایەوە.
پاشان “سەلاح گادانی” تێکۆشەری دێرینی حیزبی دێموکڕات و دۆستی نزیکی کاک “ئەحمەد” لەسەر کەسایەتیی کاک ئەحمەد لە “مەهاباد” تا سوئید باسێکی پێشکەش کرد. ناوبراو پێگە و ڕۆڵی ئەو تێكۆشەرە دڵسۆز و وەفادارەی گەلەکەی لە ڕۆژە سەختەكان و هەلومەرجە دژوارەكانی خەباتدا بەرز نرخاند.
لە بەشێكی دیكەی ئەو یادە ماتەمینیەدا “حەسەن قارەمانی” تێکۆشەری دێرینی حیزبی دێموکرات و بەرپرسی پێشووی كۆمیتەی حیزب لە سوئید و هاوکاری کاک “ئەحمەد” لەسەر کارەکانی ناوبراو و دڵسۆزی ئەو بۆ حیزب و هەڵۆێستە بە نرخەکانی بەتایبەتی لە كاتی بەرپرسیاریەتیدا لە كۆمیتەی سوئید، باسێکی پێشکەش کرد.
دواتر “ئیبراهیم یووسفی” پارچە پەخشانێکی بەم بۆنەوە خوێندەوە.
دوای ئەو “ناسر کاکەمەمی” برای هاوڕێی تێکۆشەر کاک “ئەحمەد” لەلایەن بنەماڵەی بەڕێزیانەوە سپاسی گەرمی بەشداران و لایەنە سیاسییەکانی و هەروەتر کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کرد و بە سۆزەوە شیوەن نامەیەکی لەسەر برای کۆچکردوی خوێندەوە.
لە كۆتایی كۆڕیادەكەشدا “چیا عەلیار” سپاسی خەڵکی مەهاباد، مەنگوڕایەتی مەهاباد و بە تایبەت “سیاقوڵـ”ـی کرد کە وێنەی کاک “ئەحمەد”یان لە کوچەکانی مەهاباد هەڵواسیوە و پرسەی گەورەیان لە “سیاقوڵـ”ـی ناوچەی مەهاباد بۆ بەڕێوە بردووە.