ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٤ی خەرمانان سەید “حیشمەت حوسێنی” نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە “بولغارستان” لەلایەن پڕۆفیسۆر “ئێلێکساندر تۆمۆ” سکرتێری حیزبی سوسیال دێمۆکراتی “بولغارستان” لە ئۆفیسی سەرەكیی ئەو حیزبەدا پێشوازی لێ كرا.
لەو چاوپێكەوتنەدا وێڕای باسێكی گشتی سەبارەت بە دۆخی كوردستانی ڕۆژهەڵات وئێران، سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دواییانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بو سەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هەرێمی کوردستان بە وردی باسی كرا.
ڕێزدار “تۆمۆ” لە قسەكانیدا هیوای خواست کە پرسی کۆرد لە ئێران بەدیالۆگ و ئاشتی چارەسەر بکرێت و گەلی کوردیش بگات، بەمافە ڕەواکانی خۆی و لە ژێر دەستەیی و ستەم بێتە دەرێ و نەتەوەی کوردیش بتوانێت لە ئازادی و دێموكراسیدا بژیت.
ناوبراو بەڵێنی ئەوەی دا ئەوەی لەتوانا و دەسەڵاتی خۆی وحیزبەکەی بێت بەنیسبەت هاوکاریی نەتەوەی کورد دریغی ناکات.
نوێنەری حیزب سپاسی ناوبراوی کرد و وێڕای ئاماژە بە هێرشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بۆ سەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان وتی: “ئێمە وەک حیزبی دێموكرات هەردەم باوەڕمان بە چارەسەریی ئاشتیانەی پرسی كورد هەبووە، بەڵام لە بەرانبەر دەسدڕێژی و داگیركەریدا مافی ڕەوای بەرگریمان هەیە”.
نوێنەری حیزب لە باسەکەیدا بە تێروتەسەلی هۆکارەکانی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی شی کردەوە .
لە كۆتایی دیدارەکەدا پڕۆفیسۆر “ئێلێکساندر تۆمۆ” پێداگری خۆی بو هەرچی زیاتر و باشترکردنی پێوەندییەکانی هەر دوو حیزب کرد.
نوێنەری حیزب سپاسی ناوبراوی کرد بۆ ئەم دەرفەتە و هەروەها گرینگیدانی ناوبراو بە دۆزی ڕەوای کورد و هیوای سەرکەوتنی بو بەڕێزیان خواست وەک بەربژێری هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆک کۆماری لە وڵاتی “بولغارستان”.