بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە شەوی شەممە ڕێکەوتی ۲٠۲۱/٠۸/۱٤ تێکۆشەر و کەسایەتی سیاسی حیزبەکەمان کاک ئەحمەد کاکەمەمی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ستۆكهۆڵم دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و درێژەدانی خەباتی بە هاوسەنگەرانی ئەسپارد.
کاک ئەحمەد کاکەمەمی لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە لە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران دا خەبات و تێکۆشانی دەست پێ کرد، و وەک پێشمەرگەیەکی کوردستان و کادرێکی زانا و لێهاتوو تا دوا ساتەکانی ژیانی بە ڕێبازی حیزبی دێموکڕات و خەباتی نەتەوەیی وەفادار مایەوە. لە ماوەی زیاتر لە ۳٠ ساڵ دا لە وڵاتی سوئێد وەک کەسایەتیەکی دیاری سیاسی/کۆمەڵایەتی خۆشەویست و جێگای متمانەی نەک تەنیا ئەندامانی حیزبی دێموکڕات کە کاک ئەحمەد بەرپرسایەتی جۆراجۆری هەبوو، بگرە جێی ڕێز و متمانەی کوردی هەموو پارچەکانی دیکەی کوردستانیش بوو. لە دەست دانی کاک ئەحمەد بۆ حیزبی دێموکڕات و بە تایبەت کۆمیتەی سوئێدی حیزب خەسارێکی گەورە بوو و هاوڕێیەکی نزیک و دڵسۆز و تێکۆشەرێکی لێهاتومان لە دەست دا.
بەو بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزی کاک ئەحمەد بە تایبەت سورەیا خانمی هاوژینی و کاک سەنگەر و خاتوو سۆما خانم و ساکار و سەرجەم بنەماڵە و کەس وکاریان لە مەهاباد دەکەین و دڵنیایان دەکەین ڕێگای کاک ئەحمەد و هەموو تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی کورستان تا سەرکەوتن درێژە دەدەین.
حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران خۆی بە خاوەنی هەموو ئەو تێکۆشەرانەی خۆی دەزانێت کە ژیانیان لە پێناو گەلەکەیان دا تەرخان کردووە و حیزبی ئێمەیان بۆ ئەو مەبەستە هەڵبژاردووە، بەو بۆنەوە کۆمیتەی سوئێدی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران و بە هاوئاهەنگی وئاگاداری لەگەڵ بنەماڵەی بەڕێزی کاک ئەحمەد کاکەمەمی کۆڕی بە خاک ئەسپاردن و ڕێورەسمەکەی بەڕیوە دەبات و دواتر لە ڕێکەوت و شوێنەکەی ئاگادارتان دەکەینەوە.
روحی هاوڕێ و هاوکارمان کاک ئەحمەد کاکەمەمی شاد و ڕێگای خەباتی بەردەوام
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران- کۆمیتەی سوئێد
١٥/٠٨/٢٠٢١