لە “نۆروێژ” دژی هێرشەکانی ڕێژیمی ئێران خۆپیشاندان بەڕێوە چوو

خۆپێشاندان و کۆبوونەوە لە بەردەم پارلمانی نۆروێژ دژی هێرشەکانی ڕێژیمی ئێران بەڕێوە چوو

‎ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٧ی سپتامبری ۲٠۲۱ی زایینی، کاتژمێر ٢ ی دوا نیوەڕۆ خۆپێشاندان و کۆبوونەوە بە نیشانەی ناڕەزایەتی و مەحکووم‌کردنی ڕێژیمی کۆماری ئێسلامیی ئێران، لە بەردەم پاڕڵمانی نۆروێژ لە شاری “ئۆسلۆ” لەلایەن ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو.

‎ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی ” ئەی ڕەقیب” و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ئازادی کورد و کوردستان دەستیپێکرد.

‎پاشان لەلایەن ” ئیبراهیم کۆنەپۆشی”، ” بەفرین رۆستەمی” و” ئالان خاس ” بە هەر دوو زمانی کوردی و نۆروێژی بەخێرهاتنی بەشداران کرا و چەندین دروشمی کوردی و نۆروێژی و فارسی  بۆ پشتیوانی لە هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و دژی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە لایەن بەرێوەبەران و بەشدارانی خۆپێشاندان گوترانەوە.

‎دواتر پەیامی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە کوردی لەلایەن ” خوسرەو قادری” و بە نۆرویژی لەلایەن “موژدە چاوشینی” خوێندرایەوە.

‎لە پەیامی ناوەندی هاوکاریدا هاتبوو؛ دیارە ئەوە یەکەم جار نییە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەزاندنی سنوور و پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتانی دراوسێ، هەڕەشە لە گیان و ماڵ و سامانی خەڵکی مەدەنی و نانەوەی ئاژاوە و بشێوی لە ناوچەکەدا دەکات و ئەو ڕێژیمە بە خوڵقاندنی کارەسات و کوشتن و تێرۆر و تاوان دژ بە مرۆڤایەتی خووی گرتووە و شوناسی خۆی لەگەڵ قەیران و ناسەقامگیری گرێ داوه.

‎ لە بەشێکی دیکەی پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێرای ئاماژە بە قەیرانەکانی ناوخۆیی رێژیمی ئاخوندی ئێراندا هاتبوو:

‎کۆماری ئیسلامی لەنێوخۆی وڵاتدا تووشی دەیان قەیرانی چارهەڵنەگر بووە و لە ماوەی تەمەنیدا وا ڕاهاتووە کە بۆ خۆدزینەوە لە چارەسەریی قەیرانێک، قەیرانێکی دیکە بخولقێنێت. هەر بۆیە ئەمجارەش بە کەڵکاژۆوەرگرتن لە دۆخی سیاسیی ناوچەکە و دانبەخۆداگرتنی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە هەمبەر تاوان و دەستدرێژییەکانی، پێی وایە بە چاوسوورکردنەوە لە خەڵکی مەدەنی و هەڕەشە لە ماڵ و حاڵی پەنابەرانی سیاسی، دەتوانێ کاریگەری لەسەر ئیرادەی سیاسیی نەتەوەی کورد و ڕێکخراوە خەباتکارەکانی دابنێت و بە ئامانجە گڵاوەکانی خۆی بگات.”

‎لە کۆتایی پەیامی ناوەندی هاوکاری دا وێرای مەحکوومکردنی ئەو هەڕەشە و هێرشانەی ڕێژیمی ئێران، داوای لە بیروڕای گشتیی خەڵکی کوردستان، ئازادیخوازان، هێز و لایەنە سیاسییەکانی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق و کومەڵگای نێودەوڵەتی دەکات سنوورێک بۆ زیادەڕۆییەکانی ئەو ڕێژیمە دابنێن و بە هەڵوێست و کردەوەی خۆیان، لە بەرانبەر ئەو هەوڵە تێکدەرانەیەی ڕێژیمی ئێراندا بوەستنەوە.

‎جێگای ئاماژەیە کە بە سەدان ئەندامی حیزبە کوردستانییەکان، کەسایەتییە سیاسییەکان و کوردانی دانیشتووی نۆروێژ بەشداری ئەو خۆپیشاندانە بوون و بۆ مەحکوومکردنی هێرش و تۆپبارانی بنکە و بارەگاکانی لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەنگیان خستە پاڵ دەنگی هێزەکانی خەباتکاری کوردستان.

هەروەها پەیامی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە زمانی نۆروێژی لە سەر شەقام و خەڵکی نۆروێژی بڵاوکرایەوە کە لەگەڵ پێشوازی خەڵکی بیانی بەرەوڕوو بوو.

‎شایانی باسە کە خۆپیشاندانەکە بە چەندین سروودی شۆڕشگێڕی لەلایەن هونەرمەند ” شێرکۆ مەریوانی” و دروشم بە زمانی نۆروێژی، کوردی و فارسی کۆتایی پێ هات.

شێری بکە:

Pdkimedia Komitekan

بابەتی دواتر

خۆپیشاندانێک دژی هێرشەکانی ڕێژیمی ئێران لە بەردەم باڵوێزخانەی ئەو ڕێژیمە لە شاری کۆپێنهاگ بەڕێوە چوو

2 شه‌م 3 21 , 2022
ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٧ی خەرمانان، بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی و مەحکوومکردنی هێرشەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر سنوورەکانی کوردستان، ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندام، لایەنگران، دۆستانی ھێز و لایەنە سیاسییەکانی ئەندام لە ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران و ھەروەھا کۆمەڵێک لە چالاکانی سیاسیی کورد و فێدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان لە دانمارک […]

نوێترینەکان