بومەلەرزەکەی “خۆی”، هەڵوێستی کوردستانیان و کەمکارییەکانی ڕێژیمی ئێران

ڕۆژی یه‌كشه‌ممە، ٤ی ڕەشەمە، بوومه‌له‌رزه‌ شاری خۆی سەر بە پارێزگای ورمێی هەژاند و لەو  بوومەلەرزەیەدا ژمارەیەک هاووڵاتی بریندار بوون و خەسارێکی ماددیی زۆریش بەر خەڵک کەوتووە.

له‌ دوای ئه‌و بوومه‌له‌رزه‌یه‌ كه‌ به‌ گوڕی ٥.٩ ڕیشتەر بوو، هەتا ئێستا‌ زیاتر لە ٢٠ جاری تر زه‌وی ئه‌و شارەی‌ هه‌ژاندووه‌.

بوومه‌له‌رزه‌كه‌ هێنده‌ به‌هێز بووه‌ کە دانیشتووانی ورمێ و ته‌ورێزیش هه‌ستیان پێ كردووه‌.‌ دووریی ته‌ورێز له‌ ناوه‌ندی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ ١٥٦ كیلۆمیتره‌.

بەهۆی هەڵکەوتەی جوغرافیایی ئەو ناوچەیە، سەرما و سۆڵە تەنگی بە خەڵکی بوومەلەرزەلێدراو هەڵچنیوە.

هاووڵاتییان ئێستاش داوای هاوکاری دەکەن و بە پلەی یەکەم کەرەستەی گەرمکردنەوەیان پێویستە .

بوومەلەرزەکە کاریگەریی لەسەر گوندەکانی “کۆتۆل، بەلەجوک، گەرناڤیک، ڕازی، کۆتان، یوسفئاوا، حەبەشەی ژێرین، حسار، هندیڤان، زەری، مەخین، چایی، بروشخواران، گەرماوەژ و تەتەور”ی کوردستانی ڕۆژهەڵات داناوە.

بەگشتی لەو گوندانەدا ١٥ هەزار و ٧٩٠ کەس دەژین.

پسپۆڕانی بوومەرلەزە داوایان لە هاوڵاتییان کردووە کە ئەو خانووانەی لە خشت دروست کراون، چۆڵ بکرێن، لەبەر ئەوەی ئەگەری ڕووخانی ئەو خانووانە هەیە کە لە خشت دروست کراون.

ئاماری زیانە گیانی و مادییەکان

دوایین ئامارەکان لە کوژراو و بریندارەکانی ئەو بوومەلەرزەیە، باس لە کوژرانی ٩ کەس و برینداربوونی ٥٠ کەس لە پارێزگای “وان” و ١٠٤ بریندار لە شاری “خۆی” سەر بە پارێزگای ورمێ لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەکات.

ئەو بوومەلەرزەیە هەروەها بووە بەهۆی لەنێوچوونی زیاتر لە ٥٠٠ سەر مەڕ و ماڵات و هەروەها زەرەر و زیانێکی بەرچاو بەر ٤٣ گوند کەوتووە کە لەو ڕێژەیە، بەشێکیان ١٠٠ لەسەد ڕووخاون.

 لەو بوومەلەرزەیە، ٣ هەزار و ٥٠٠ تا ٤ هەزار ماڵ لەو ٤٣ گوندەدا، لە ٥٠ لەسەدەوە تا ١٠٠ لەسەد داڕماون.

هەندێک لە ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو شارە لە سەرلەبەیانییەوە تا ئێوارە ٦٠ جار هەژاوە.

خەڵکی بومەلەرزەلێدراو هانایان بۆ خەڵک برد و ناڕەزایەتییان دژ بە ڕیژیم دەربڕی

خەڵکی لێقەوماوی گوندی کۆتۆل کە زیاتر لە هەموو شوێنەکانی دیکە تووشی زەرەر و زیان و داڕماوی بوونە دوایان لە خەڵکی کوردستان کردووە کە بەهانایانەوە بچن.

لە لایەکی دیکەوە خەڵکی بۆمەلەرزەلێدراوی شاری خۆی بەهۆی پێڕانەگەیشتنی کاربەدەستانی ڕێژیم بە لێقەوماوان ناڕەزایەتییان دەربڕی.

خەڵک لەبەردەم بەخشداریی کۆتۆل کۆبوونەتەوە و داوایان کردووە کە ئیمکانات بە تایبەتی خێوەت و کەرەستەی گەرماییان بۆ دابین بکرێت.

خەڵکی کوردستان وەک هەمیشە پشتیوان و هاوسۆزی یەکترن

خەڵکی نیشماندۆست و مرۆڤدۆستی کوردستان بە کۆکردنەوەی یارمەتی و دابینکردنی پێداویستی بە هانای خەڵکی لێقەوماوی “خۆی” چوون.

بەپێی زانیارییەکان، خەڵک لە شارەکانی کوردستان، هەڵمەتی کۆکردنەوەی یارمەتییان بۆ خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوی شاری خۆی دەست پێکردووە.

لە شاری شنۆ خەڵک یارمەتییان کۆ کردووەتەوە و بۆ خەڵکی بوومەلەرزەلێدراو بەڕێ کردووە.

ئەو هاووڵاتییانە هەروەها باسیان لەوە کردووە کە لە لایەن ڕێژیمەوە هیچ یارمەتییەکیان پێ نەگەیشتووە و چەند شەوە لە دەرەوە و لەبەر سەرما دەخەون.

خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوی ئەو ناوچەیە باسیشیان لەوە کردووە کە ١٠ تا ١٢ سایپا یارمەتییان بۆ هاتووە کە ئەویش خەڵکی مەدەنی کۆی کردووەتەوە و بۆیان نێردراوە.

حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات داوای یارمەتی گەیاندن بە لێقەوماوانیان کرد

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە بانگەوازێكدا داوای لە خەڵکی کوردستان کرد کە بە هانای خەڵکی لێقەوماوە بڕۆن.

هەروەها “مستەفا هیجری” لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پەیامێکدا داوای لە خەڵک کرد کە بە هانای خەڵکی بوومەلەرزەلێدراو بچن.

دوابەدوای ئەوە، بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، بە مەبەستی یارمەتیگەیاندن بە خەڵکی لێقەوماوی ناوچی کوتۆل، لە زۆربەی شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا کەمپەینی خەڵکی ڕێک خراوە.

لەم کەمپەینانەدا، کەلوپەلی پێویست وەک خواردن، جلوبەرگ و کەرەستەی خۆگەرمکردنەوە کۆ کراونەتەوە.

لە شارەکانی پارێزگاکانی کرماشان و لوڕستانیش ئەم کەمپەینانە ڕێک خراون و یارمەتیی خەڵکی کۆ دەکەنەوە.

هەروەها تیمگەلێکی فریاکەوتن لە چالاکانی مەدەنی و خەڵکی سڤیل لە شار و ناوچەکانی “مەریوان، زێوەی مەرگەوەڕ، ورمێ و شنۆ و…”، بە مەبەستی یارمەتیگەیاندن بە لێقەوماوان، ڕەوانەی ناوچەی کوتۆل و دەوروبەری کراون.

شایەنی باسە کە لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا کە ڕووداوی سروشتی لە کرماشان و لوڕستان خەساری گیانی و ماڵیی زۆری لێکەوتەوە، خەڵکی کوردستان وێڕای ئەو هەموو کێشە ئابوورییەی کە وڵاتی تەنیوە، بە هەموو توانایانەوە بەهانای خەڵکی خۆیانەوە چوون.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە ڕێژیمی ئێران یارمەتیی خەڵکی لێقەوماوی نەدا و هێشتاکە خەڵکانێکی زۆر هەن کە لەنێو کانێکسدا دەژین. وێڕای ئەمانە ڕێژیم هەمیشە لەبەردەم یارمەتییە خەڵکییەکاندا کۆسپی دروست کردووە.

سیمای دزێو و بێ‌ڕەوشتانەی کۆماری ئیسلامی ئێران

لە کاتێکدا کە خەڵکی خۆی لە دژراوترین دۆخی ژیاندان، گرووپەکانی بەناو فریاکەوتنی ڕێژیمی ئێران ئەو کەلوپەلانەی کە بڕیار بووە بۆ گوندی “بروشخار” سەر بە شاری سەڵماس ببەن، لە گوندێکی نزیکی تورکیە فرۆشتوویانەتەوە.

ئەو گرووپەی فریاکەوتنی ڕێژیمی ئێران لە کاتی گەڕانەوە هەندێک لەو کەلوپەلانەی کە نەفرۆشراوە لەگەڵ خۆیان هێناوەتەوە و کاتێک خەڵک داوای کردووە پێیان نەداون.

ئەو کردەوەیەی ئەو گرووپەی بەناو فریاکەوتنی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ دژکردەوەی توندی خەڵک بەڕوڕوو بووەتەوە و لە ئەنجامدا شەڕ و تێکهەڵچوون دروست بووە.

لەو تێکەڵچوونەدا ئەندامێکی ئەو گرووپەی ڕێژیم ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە کە دواتر گیانی لەدەست داوە.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لەترسی ئەوەیکە ئەو کارە دزێوەی ئاشکرا نەبێت باسی لە هیچ نەکردووە.

هەوڵی ئەو گرووپە لە کاتێکدایه کە ڕێژیمی ئێران یارمەتیی خەڵک نادات.

بە وتەی هاونیشتمانیان و خەڵکی لێقەوماوی ئەو ناوچەیە، لە دوای هاتنی بوومەلەرزەی شاری خۆی، تەنیا خەڵک بە یارمەتیی خەڵكی بومەلەرزەلێدراوەوە چووە.

هاووڵاتییان باس لەوە دەکەن کە ڕێژیم تەنیا خێوەتێکی پێداون و باقیی پێداویستییەکان لەلایەن خەڵکەوە بۆیان دابین کراوە.

هاووڵاتییان باسیان لەوەش کردووە کە لەلایەن ڕێژیمەوە هیچ یارمەتییەکیان پێ نەگەیشتووە و لە دەرەوە و لەبەر سەرمادا دەخەون.

سەرچاوە: کوردستان مێدیا

شێری بکە:

Pdkimedia Komitekan

بابەتی دواتر

بەشداری کۆمیتەی نۆروێژ لە ساڵیادی دامەزرانی دوو حیزبدا

هه‌ینی 2 28 , 2020
ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٢ی فێورییەی٢٠٢٠ی زایینی، هەیئەتێکی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی نۆروێژ پێکهاتوو لە بەڕێزان: ئیسماعیل عەلیپور” بەرپرسی پێوەندیە کوردستانیەکان”،  قادر ڕەسوڵی ” ئەندامی کومیسیۆنی تەشکیلاتی گشتی” ، سۆران رەسوڵی و هیوا رەزایی بەشدارییان لە جێژنی دامەزرانی (كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران)دا کرد و پەیامی پیرۆزباییان […]

نوێترینەکان