رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢ ی مارسی ٢٠٢٠ی زایینی، شاندێکی کۆمیتەی حیزب لە شاری ئاڵبۆرگی دانمارک سەردانی زاهیر بەدری، فەرماندە قارەمان و ناسراو و خۆشناوەكەی (هێزی ئارارات)ی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانیان کرد.
لەو دیدارەدا شاندی کۆمیتەی حیزب پێكهاتوو لە هاوڕێیان سلێمان كەڵەشی (بەرپرسی ڕێكخستنی هەرێمی سكاندیناڤی) و سەلام سەدیقی، سەبارەت بە بوومەلەرزەكەی شاری خۆی گفتووگۆیان كرد و هاوخەمی و هاوسۆزی خۆیان گەیاندە تێكۆشەری دێرین كاک زاهیر بەدری و نیگەرانی خۆیان لەسەر رەوشی گوندەكانی ناوچەی کۆتۆل سەر بە شاری خۆی کە بە هۆی بۆمەلەرزە خەڵكانی ئەو ناوچەیە زیانیان بەركەوتووە و بێ جێ و پەنا ماونەوتەوە، دەربڕی.
هاوكات لەو دیدارەدا ڕۆڵی خەڵكی ئەو ناوچەیەیان لە سەردەمی خەباتی بەرگری چەكدارانەی حیزبی دێموكراتدا بەرز نرخاند و پشتیوانی و هاوكاری گوندەكانی سەر بە شاری (خۆی)یان لە حیزبی دێموكرات و هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەبایەخەوە باس لێكرد.
لەبەرامبەردا زاهیر بەدری ناسراو بە “بەبری کوردستان” وێڕای سپاس و پێزانین بۆ حیزبی دێموكرات كە بەپێی پێویست بەهانای خەڵكی ئەو ناوچەیەوە ڕۆیشتووە و داوای هاوكاری لە هاونیشتمانیان كردووە كە یارمەتی بگەیەننە خەڵكی بوومەلەرزەلێدراو، ئاواتەخواز بوو كە ڕاسانی حیزبی دێموكرات بتوانێ بگاتەوە ئەو كاتانەی كە لەو ناوچانەدا هێزی پێشمەرگەی كوردستان هێز و كاریگەرییەكی بەرچاوی هەبوو و خۆشەویستی هەموو لایەک بوو، ناوبراو ئامادەیی خۆشی نیشاندا بۆ هەر ئەرک و كارێک لەوبارەوە.
جێی باسە کە فەرماندە زاهیر بەدری لە قۆناخی خەباتی بەرگری چەکدارانە و شەڕی داسەپاو بەسەر کوردستاندا لە ناوچەکانی خۆی و سەڵماس و ورمێ بەشداری و فەرماندەیی دەیان شەڕی کردووە و قارەمانەتی و ئازایەتییەکانی لەهێزی ئاراراتی ئەوکاتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێراندا ئێستاش لەیاد و بیری خەڵکی نیشتمان پەروەری ئەو ناوچانەدا بە زیندوویی ماوەتەوە.