ئاسۆ ساڵح
له سه‌رده‌می ئه‌مڕۆدا، ئه‌و حیزب و ڕێكخراوه سیاسییانه كه ته‌نیا هه‌وڵ بۆ یه‌ک پرس یان چاره‌سه‌ركردنی یه‌ک كێشه له ناو كۆمه‌ڵگەدا ده‌ده‌ن، زۆر ده‌بیندرێن، بۆ وێنه حیزبی ڕاستی توندڕه‌و كه پرسی ڕاوه‌ستاندنی په‌نابه‌ر پرسی سه‌ره‌كییانه، حیزبه ژینگهپارێزهكان كه پرسی ژینگه پرسی سه‌ره‌كییانه، حیزبه چه‌په توندڕه‌وه‌كان و هتد. ئێمه وه‌كوو حیزبی دێمۆكرات، حیزبێكی تاک ڕه‌هه‌ندی نین كه ته‌نیا یه‌ک پرسی سه‌ره‌كیمان هه‌بێت و بۆی هه‌وڵ بده‌ین.
سیاسه‌تی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران له سه‌ر بنه‌مایه‌ک دارێژڕاوه كه “كه‌رامه‌تی مرۆڤ” به گرینگ‌ترین به‌های ژیان ده‌زانێ. له ڕوانگه‌ی ئێمه‌وه كه‌رامه‌ت دوو سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كیی هه‌یه: له‌لایه‌كه‌وه “دابینكردنی پێداویستیی ماددیی مرۆڤ” و له‌لایه‌كی دیكه‌وه “پێكهێنانی فه‌زایه‌تی سیاسیی ئازاد” بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر تاكێک بتوانێ خاوه‌نی كه‌سایه‌تی و ناسنامه‌ی ئیتنیكی، ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی خۆی بێت و هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی سته‌می جینسی كۆتایی پێ بێت. له‌م چوارچێوەدا له به‌شی “بنه‌ما فیكری و سیاسییه‌كانی حیزب” له به‌رنامه و په‌یڕه‌ودا جه‌خت له سه‌ر “سته‌می به كۆمه‌ڵ و له‌مێژینه” له هه‌مبه‌ر ژن‌دا كراوه.
به‌ڵام لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه كه له پراكتیک و گۆڕه‌پانی خه‌باتدا، ئایا ڕوانینمان به پرسی ژن وه‌كوو یەکێک له پرسه سهرهكیهكانمانه؟! بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامێک بۆ ئه‌م پرسیاره بدۆزینه‌وه، باشتره كه ئاوڕێک له ڕه‌وشی خه‌باتی ژنان له كوردستان بده‌ینه‌وه.
هه‌ڵسووكه‌وتی سێكسیستی هێشتاش له ناو كۆمه‌ڵگه و له ناو پێوه‌ندییه كۆمهڵیاتییهكان بوونیان هه‌یه. هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه كه ئه‌م شێوه هه‌ڵسووكه‌وتانه هێشتاش وه‌كوو ئه‌سته‌می نهێنی كۆمه‌ڵایه‌تی دژ به ژنان ناناسرێن، واته بوونیان هه‌یه و بێ ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن تاكی كۆمه‌ڵگەوه ببیندرێن. ئه‌گه‌ر له‌م هۆكاره‌ش هه‌ندێكی دیكه ورد ببینه‌وه، ده‌بینین كه كێشه‌ی سه‌ره‌كی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه مه‌فهوومه سهرهکییهكان له چوارچێوه‌ی پێشێلكردنی مافی ژن له كۆمه‌ڵگەیه‌كی ڕۆژئاوایی ته‌عریف كراون، ئه‌مانه‌ش له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگە ئێمه نامۆن و هێشتا نه‌مانتوانیوه كه ئه‌م مه‌فهوومانه له ناو كۆمه‌ڵگەی خۆماندا به‌كار ببێنین و به كرده‌وه‌ییان بكه‌ینه‌وه.
به‌داخه‌وه ئه‌م كهمو کۆڕیهش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه هێشتا له كوردستان بزووتنه‌وه‌یه‌كی ژنان كه بێ لایه‌ن و ئه‌كتیڤ بێت، بوونی نییه، بزووتنه‌وه‌یه‌ک كه هه‌م بتوانێ له بواری “كێشه‌ی ژنی كورد”، گوتاری تایبه‌ت به خۆی هه‌بێت و هه‌م له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا بتوانێت هێزه‌كانی كۆمه‌ڵگە بۆ له‌ناوبردنی ئه‌م كێشانه، كۆ بكاته‌وه.
ئه‌وه‌ی له كوردستان ده‌بیندرێت، كه‌سه‌كان یان ئهكتیڤیستهكانن كه له دوو به‌شی سه‌ره‌كی دابه‌ش ده‌كرێن: گرووپی یه‌كه‌م: ئه‌وانه كه له چوارچێوه‌ی گوتاری “بزووتنه‌وه‌ی ژنانی ئێران” كێشه‌كانی ژنی كورد ته‌عریف ده‌كه‌ن و هێزه‌كانیان له چوارچێوه‌ی له‌ناوبردنی كێشه‌ی ژنی “فارس”ـی “شیعه”ی “ئێران”ی كۆ ده‌كه‌نه‌وه! ئه‌م گرووپه توانایی ئه‌وه‌یان نییه كه له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگەی خۆیان پێوه‌ندی بگرن و توانایی ناسینه‌وه و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی “ژنی كورد”یان نییه. گرینگ‌ترین خاڵی هاوبه‌شی ئه‌كتیڤیسته‌كانی گرووپی یه‌كه‌م له به‌رچاونه‌گرتنی شۆناسی نه‌ته‌وایه‌تی ژنی كورد و هه‌روه‌ها له‌بیركردنی ئه‌و ئه‌سته‌مه‌یه كه به ژنی كورد و له به‌ر كوردبوونی ڕۆژانه به‌رانبه‌ر به ژنی كورد به‌ڕێوه ده‌برێت. ئه‌مه له‌ژێر كاریگه‌ریی ناسیۆناڵیزمی ئێرانییه كه به سه‌ر چالاكیه‌كانی ژنانی ئێران زاڵه. ئه‌م جۆره ڕوانینه، ژن ته‌نیا ژنی فارس ده‌بینێ، شیعه بێت و له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات (ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیی ) كێشه‌یه‌كی نه‌بێت.
گرووپی دووهه‌م ئه‌و چالاكه ژنانه كه له ناو حیزبه‌كان خه‌ریكی خه‌بات و چالاكین. ئه‌گه‌رچی حیزبه‌كانی كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات له ساڵانی ڕابردوو، بۆ به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی زانیاری و گۆڕینی شێوه ڕوانین به‌رانبه‌ر به ژنان زۆر یارمه‌تیده‌ر بوون، به‌ڵام ئه‌م حیزبانه پرسی ژنان وه‌كوو یەکێک له پرسه سه‌ره‌كییه‌كانی خۆیان مه‌تره‌ح ناكه‌ن. بۆیه ئه‌و چالاكانه‌ش كه له گرووپی دووهه‌م جێیان ده‌بێته‌وه، ئه‌گه‌رچی فاكته‌ری شۆناس له‌به‌رچاو ده‌گرن و ئه‌سته‌مه‌كانی ژنی كورد باشتر ده‌رک ده‌كه‌ن، به‌ڵام توانایی ئه‌وه‌یان نه‌بووه كه گوتاری تایبه‌تی به خۆیان بخوڵقێنن. چالاكییه‌كانی ئه‌م به‌شه زۆرتر له ئاستی به‌ڕێوه‌بردنی ماڵپه‌ڕێک یان په‌یجێكی فه‌یسبووكی، یان ئه‌گه‌ر زۆر هه‌وڵ بده‌ن له چوارچێوه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی سێمینارهكی هاوبه‌ش، ده‌بێت.
به له بهرچارگرتنی ئه‌م ڕاستیانه، پێویسته كه ئێمه وه‌كوو حیزبێكی به‌رپرس به‌رانبه‌ر به ئه‌مڕۆ و داهاتووی كۆمه‌ڵگەی كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات، هه‌ر چۆن به باشی له به‌رنامه و پێڕه‌وی حیزب ئاماژه‌ی پێكراوه، پرسی ژن وه‌كوو یەکێک له پرسه سه‌ره‌كییه‌كانمان ببینین و هه‌وڵی بۆ بده‌ین. پرسیار ئه‌وه‌یه كه چۆن ده‌توانین ئه‌م كاره له گۆڕه‌پانی كرده‌وه‌دا به كرده‌وه‌یی بكه‌ین؟ پێویسته له سه‌ر ئه‌م پرسیاره زۆرتر ڕاوه‌سته بكه‌ین و وه‌ڵاممان بۆی هه‌بێت.
تێبینی: ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕ لێی بەرپرسیار نییە.