بنەماڵەیەکی کورد مەترسی دیپۆرتکرانەوە بۆ ئێرانیان لەسەرە
دارا ئەسکەندەری، ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە و ماوەی ٥ ساڵە بە ناچاری ئێرانی بەجێهێشتووە و داوای مافی پەنابەری لە وڵاتی سوئێد کردووە کەچی بەدوور لە مافەکانی پەنابەران و ڕێوشوێنەنێونەتەوەییەکانی پێوەندیدار بە پەنابەرانەوە، وڵاتی سوئێد بڕیاری ڕادەستکردنەوەی دارا وبنەماڵەکەی بە وڵاتی ئێران دەرکردووە. دارا ئەسکەندەری لەناوخۆی وڵات ئەندامی نهێنی حیزبی دێموکڕات بووە و لەئەگەری بەزۆر ڕادەستکردنەوەی بۆ ئێران ڕووبەڕووی مەترسی جیددی دەبێتەوە لەسەر ژیانی خۆی و بنەماڵەکەی.
لەوبارەوە ناوبراو ڕوو لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی داکۆکیکاری مافی پەنابەران، داواکارینامەیەکی بڵاوکردۆتەوە و خوازیارە کە گوشار بخرێتە سەر دەوڵەتی سوئێد تا لەو بڕیارەی پاشگەز بێتەوە و مافی پەنابەری سیاسی بەو بنەماڵەیە بدەن.
ئەوەش دەقی داواکارینامەکەیەتی:
لە رێگای ئەم نامەیەوە، خوازیاری پشتیوانیی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤو رێکخراوە مەدەنیو سیاسییەکانی کورد، سوئیدیو جیهانییەکانین تا پێش بە دیپۆرتکردنەوەمان لە لایەن دەوڵەتی سوئێدەوە بۆ ئێران بگرن.
ئەمن دارا ئەسکەندەری، لەدایکبووی ساڵی ١٣٤٨ی هەتاوی، ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردسانی ئێرانو خەڵکی سەرپێلی زەهاو، سەر بە پارێزگای کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستانم.
ماوەی پێنج ساڵە لە وڵاتی سوئێد لەگەڵ بنەماڵەکەم (خێزانم حەیاتو ئارمینی کوڕمان) داوای پەنابەریمان کردووە، بەڵام بە داخەوە تا ئێستاشی لەگەڵ بێ نەک هەر مافی پەنابەریمان وەرنەگرتووە، بەڵکوو بە پێچەوانەی رێوشوێنە نێونەتەوەییەکانی پێوەندیدار بە پەنابەران، لە لایەن دەوڵەتی سوئێدەوە بڕیاری دیپۆرتکردنەوەمان بۆ ئێران دراوە.
ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئێمە چالاکی سیاسیو ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووینو دیپۆرتکردنەوەمان بۆ ئێران مەترسیدارەو ئەگەری بەرەوڕووبوونمان لەگەڵ زیندانی درێژماوە، ئازارو ئەشکەنجەو سزای قورسی دیکە لە ئارادایە. چوونکە لە سیستمی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا، مرۆڤەکان لە سەرەتاییترین مافەکانیان بێبەشنو بەرامبەر هەر چالاکییەکی سیاسیو مەدەنی، بەرەوڕووی قورسترین سزا دەبنەوە.
بەتایبەت نەتەوەی کوردو تاکەکانی، بە هەموو شێوەیەک لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە زوڵمیان لێ دەکرێو دەچەوسێننەوە، تەنیا لەبەر ئەوەی کە کوردینو داوای مافی ئینسانیو مافی سیاسیو کۆمەڵایەتیو کولتووریی خۆمان دەکەین.
بۆیە داواکارین لە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤو رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ کە پێش بە ناردنەوەمان بۆ ئێران بگرن. تکایە بە گوشار خستنە سەر دەوڵەتی سوئێد، پێش بە ناردنەوەمان بۆ ئێران بگرن
لەگەڵ رێز
دارا ئەسکەندەری