پێشمەرگەی دێرین جه‌میل عوزێیری ماڵئاوایی لێكردین

زۆر بەداخەوە پاش نێوه‌ڕۆی هەینی ڕێکەوتی 2021/02/12 کاک جەمیل عوزێێری پێشمەرگەی دێرین و ئەندامی چالاکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری فاڵۆنی وڵاتی سوئێد بە هۆی نەخۆشیی شێرپەنجە دوای ماوەیەکی دوور و درێژ کۆچی دوایی کرد و كۆمیته‌ى سوئێدی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران له‌وباره‌یه‌وه‌ راگه‌یه‌نراوێكى بڵاو كرده‌وه‌.

خوالێخۆشبوو کاک جەمیل ساڵی ١٣٧٣ـی هه‌تاوى هاتە نێو ریزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوەندی ١ و چەکی پێشمەرگایەتی لەشان کرد. کاک جەمیل پێشمەرگەیەکی بە نەزم دسپلین بوو و هه‌رده‌م ئاماده‌ى وه‌رگرتنى سه‌رجه‌م ئه‌رك و راسپارده‌ىكانى حیزب بوو و بەوپەڕی دڵپاکی کارەکانی بە ئەنجام دەگەیاند.

بەداخەوە ساڵی ١٣٧٥ واتە کاتێک کۆمیتەی شارستانی سنە ئاشپەز و کۆمەک ئاشپەزی بۆ چێشتخانه‌ى مقەڕ دیاری کرد، کۆمیتە داوای لە بەشی نیزامی کرد کە کۆمەک ئاشپەزێک بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ دابین بكه‌ن كه‌ له‌ ئه‌نجامدا کەسێکیان بەناوی “یه‌دوڵا به‌رازندە” خەڵکی سنە بۆ ئه‌و كاره‌ دەستنیشان کرد. لە مانگی ڕەشه‌مەی ھەمان ساڵ دایکی ناوبراو بۆ بینین و دیدارى ھاته‌ ناو باره‌گاكانی حیزب و یه‌دوڵا داوای کرد لەگەڵ دایکی سەردانی شارى سلێمانی بکەن و کۆمیتەش وه‌ك پرسێكی ئینسانی و ئه‌خلاقى رێگه‌یان پێدا.

پاش یەک ڕۆژ لە چوونی یه‌دوڵا و دایکی، نیشانەکانی مردن و مرداربوونى ژماره‌یه‌ك باڵنده‌ و گیانلەبەرى وەک چۆلەکە و پشیلە به‌هۆی زبڵ و پاشماوەی خواردنی مقەڕ دەرکەوتن، بەڵام زۆر گرینگیمان پێ نەدا تا دوو ڕۆژ دواتر لە ٢٧ی ڕەشەممەی ١٣٧٥ پێشمەرگەکانی کۆمیتەی سنە بە تایبەتی ئەوانەی سه‌ڵت و زگورتی بوون سكاڵایان كرد له‌ ھەڵوەرینی مووى سەر و نه‌مانی حه‌زی خواردن و ته‌نانه‌ت ئاماژه‌ به‌ ئێش و ئازار و … هتد.

رۆژێك دواتر، واته‌ ٢٨ـی ره‌شه‌ممه‌، ھاوڕێیه‌ك بەناوی محەممەد ساعیدپه‌نا کتوپڕ گیانی لەدەستدا و ئەو کاتە بوو نەگەڕانه‌وەی یه‌دوڵا و ده‌ركه‌وتنی ئه‌و نیشانانه‌ له‌ پێشمه‌رگه‌كان گومانێكی به‌هێزی درووست كرد.

دیارە هه‌مان ڕۆژی ٢٧ی ڕەشەممە كه ئاماژه‌مان پێكرد، شاندێكی کۆمیسێونی ئاموزش بۆ سەردان و ھەماھەنگی کاری ئاموزشی ھاتبوون بۆ ناوچه‌ى باینجان كه له‌ رێگه‌ى ئه‌وانه‌وه‌ تەرمی شەھید محەممەدمان بۆ پشكنین ره‌وانه‌ى نەخۆشخانەی سلێمانی كرد و لە نەخۆشخانەوە پێیان ڕاگەیاندین کە جۆره‌ دەرمانێک لە گه‌ده‌ (معدە) و گورچیلەکانیدا ھەیە، “بەڵام نازانین چییه”.

ئەوە بوو نیشانەکانی نەخۆشکەوتنی پێشمەرگە تا دەھات زیادی دەکرد و لەو ماوەیەدا حیزبمان لەو حاڵەتە ئاگادار کردەوە. بۆ ڕۆژی نەورۆز پێشمەرگەکان ئامادەکاریان بۆ چوونە دەرەوە دەکرد كه بەیانی ڕۆژی یەکەمی نەورۆز زۆربەی ھاوڕێیان بەھوی نەخۆشییه‌وه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ باری ته‌ندرووستیان تێکچوو. حیزب بڕیاریدا چەند پارچە لە معدە و گورچیلەکانی شەھید محەممەد ساعیدپه‌نا بۆ تاقیكارى زیاتر ڕەوانەی نەخۆشخانەی بەغدا بکرێ.

دوو ڕۆژ دواتر وه‌ڵام هاته‌وه‌ ئەو کەسە واته شەھید محەممەد ساعیدپه‌نا بەھۆی ده‌رمانی (سالیوم) ژەھرخوار کراوە و گیانی لە دەستداوە و ئەم ژەھرە درووستکراوی وڵاتی ئاڵمانە.
بۆیە پێش سێزدەبەدەر زیاتر لە ١١٠ کەس لە ھاوڕێیانی کۆمیتەی سنە و چەند کەسێک لە ھاوڕێیانی ئۆرگانەکانی دیکەی حیزب کە لەگەڵ ھاوڕێیانی کۆمیتەی سنە نانیان خواردبوو ڕەوانەی شاری بەغدا کران و ده‌ركه‌وت هه‌ركه‌س به‌پێی بڕی خواردنه‌كه‌ ژه‌هراوی بووه‌.

بۆمان ده‌ركه‌وت دایکی یه‌دوڵا به‌رازه‌ندە کاتێک ویستبووی بێت بۆ لای کوڕه‌كه‌ی، وه‌زاره‌تی ئیتلاعاتی ڕێژیم پێیده‌ڵێ بەو مەرجە لە کوڕەکەی خۆش دەبێ کە ئەم دەرمانە بکاتە ناو ئاوی تانکه‌ری چێشتخانه‌ی کۆمیتەى سنە و ئەویش قەبووڵی کردبوو. بەم شێوەیە یه‌دوڵا و دایکی جينایەتیکی سامناکیان ئەنجام دا کە کاک جەمیل عوزێیری یەکێک لەو پێشمەرگانە بوو دەرمانەکەی بەرکەوت و بوو به‌ قوربانی ئه‌م جینایه‌ته‌ تیرۆریستییه‌.
دوای دانیشتنی لە پێشمەرگایەتی، کاک جەمیل لە ڕێگه‌ی تورکیاوه‌ لە لایەن به‌شی په‌نابه‌رانی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان (UN) وەک پەنابەر هاوینی ساڵی ٢٠٠٣ هاتە وڵاتی سوئێد و لە شاری “بۆرلیینگە” نیشتەجێ بوو و به‌رده‌وام بوو له‌گه‌ڵ حیزبی دێموکرات لەرێگه‌ی کۆمێتەی شاری “فالۆن و بۆرلیینگە “.

کاک جەمیل کەسێکی چالاک و ڕوح سووک بوو، هەمیشە لە کار و چالاکیی کۆمیتەی فالۆن بەشداری چالاکانەی هه‌بوو جگه‌ له‌ سه‌رجه‌م كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌كانی حیزبی له‌ وڵاتی سوئێد و ته‌نانه‌ت وڵاتانی دیكه‌ى ئوروپا.
هەر بە هۆی دڵسۆزی و پاکی کاک جەمیل لە ساڵی ٢٠١٦ بۆ دەسته‌ی بەڕێوەبەری ڕێکخراوی “یەکێتیی کوردان” دیاری کرا و تا نه‌خۆشییه‌كه‌ مۆڵه‌تی پێدا واته ساڵی ٢٠٢٠ كه باری ته‌ندرووستی تێكچوو لەسەر ئەرکی خۆی بەردەوام بوو. بەداخەوە نێزیک بە ساڵێک دەبێ بە هۆی نەخۆشی لە نەخۆشخانە بوو کە دواجار بووه‌ قوربانی ئه‌و جینایه‌ته‌ى دوژمن و دوور له خاكى كوردستان کۆچی دوایی کرد.

كۆمیته‌ى سوئێدی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای سه‌ره‌خۆشی و ده‌ربڕینی خه‌م و په‌ژاره‌ى خۆی و سه‌رجه‌م هاوڕێیانى كاك جه‌میل، خۆی به‌ خاوه‌نی ئه‌م خه‌مه‌ گه‌وره‌ ده‌زانێ و هیوای سه‌بووری بۆ خزم و كه‌سوكاری ده‌خوازێ.
رۆحی شاده‌ و سه‌ری به‌رزه‌!
2021-02-12

شێری بکە:

Pdkimedia Komitekan

بابەتی دواتر

یۆنس فەتاحی، پێشمەرگەی دێرینی حیزب، لە وڵاتی فینلاند کۆچی دوایی کرد

2 شه‌م 2 15 , 2021
یۆنس فەتاحی، پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە تەمەنی حەفتا ساڵیدا، بەهۆی نەخۆشی کۆچی دوایی کرد. یۆنس فەتاحی ناسراو بە دروێش یۆنس، ساڵی ١٩٥١ لە گوندە شۆشمێ سەر بە ناوچەی هەورامان لە کوردستانی رۆژهەڵات لە دایک بووە. یۆنس فەتاحی، پاش شۆرشی گەلانی ئێران بووە پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات‌و دژی زوڵم‌و […]

نوێترینەکان