بەهۆی بارودۆخی ناهەمواری کوردستان کە ستەم و زۆرداری ڕێژیمی ئێران هۆکاری سەرکییەتی، ساڵانە ڕێژەیەکی بەرچاو لە چالاکانی سیاسی، مەدەنی و کولتووری سەر بە نەتەوەی کورد بە ناچاری زێدی داگیرکراویان بەجێدێڵن و ڕوو لە هەندەران دەکەن. زۆرینەی ئەو خەڵکانە داوای پەنابەری لە وڵاتانی ئورووپایی دەکەن و بە شێوەیەکی بەربڵاو بەو وڵاتانەدا بڵاو دەبنەوە. سەرباری خراپی دۆخی ئابووری و دەروونییان ماوەی ٢ تا ٣ ساڵ دەبێ چاوەڕێ بن تا وەڵامێک لە دەزگای پەنابەرانی وڵاتەکەی خۆیان لێ ناساندوە وەربگرنەوە. بەداخەوە ژمارەیەکی زۆر وەڵامی داوای پەنابەرییەکەیان بە نەخێر دەدرێتەوە و دوای سکاڵا و پێداچوونەوەی دادگا بە دۆسیەکانیان کە ئەویش زیاتر لە دوو ساڵ دەخایەنێت، بەشێکیان جارێکی دیکەش وەڵامی نەخێریان پێدەدرێت و لەوەش ناخۆشتر دوای چاوەڕوانییەکی زۆر، بڕیاری ناردنەوە و دیپۆرتکردنەوەیان بۆ ئەو وڵاتەی لێوەی هاتوون، دەدرێ.
هەرچەندە ئامارێکی ورد لەبەر دەستدا نییە بەڵام تا ئێستا زیاتر لە چەندین کەسی خاوەن “دۆسیەی پەنابەری سیاسی” هەوڵی جێبەجێکردنی دیپۆرتکردنەوەکانیان دراوە کە بەهۆی گوشاری چالاکانی سیاسی و مەدەنی ئەو وڵاتانەوە پێشی پێگیراوە و ڕاوەستێندراوە.
هەر ئێستا لە وڵاتی ئاڵمان شەش کەس بە ناوەکانی ( نادر ئەڵایاری، داود حەیدەری، هێرش ئەمجەدی، ئیدریس ڕەحمانی، ئاکۆ لایەق و شەهریار شاتری) مەترسی دیپۆرتکردنەوەیان لەسەرە و لە وڵاتی سویسیش بنەماڵەی (عەلی ڕۆستەمی) لەژێر مەترسی دیپۆرتکردنەوە بۆ ئێراندان.
شایەنی باسە کە زۆربەی ئەو پەناخوازانە لە ڕابردوودا چالاکیی سیاسی و ڕێکخستنییان هەبووە و لەئەگەری ناردنەوەیان بۆ ئێران ڕووبەڕووی دادگا ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران دەکرێنەوە و مەترسی لەسەر ژیانیان تا ئاستی زیندانی درێژخایەن و تەنانەت لەسێدارەدان دروست دەبێ.
هەر بۆیە کوردانی نیشتەجێی وڵاتانی ئورووپایی لەڕێگای کۆکردنەوەی واژۆ و وەڕێخستنی خۆپێشاندان، پشتیوانی و پشتگیری خۆیان لەو پەناخوازانە دەربڕیوە و تا ئەو جێیەی بۆیان کراوە هەوڵیان داوە دژ بە دیپۆرتکردنەوەیان بوەستنەوە و داوایان لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە دۆسیەی تازەیان بۆ بکرێتەوە.