ڕۆژی شەممە ۲٥ـی سێپتامبر فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانیەکان، ناوەندی ڕەوەندی کورد و کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییە کوردستانیەکان وێکڕا لە سوئێد بە مەبەستی پشتیوانی و پیرۆزبایی چوارەمین ساڵوەگەڕی ریفراندۆمی باشووری کوردستان ڕێورەسمێکیان لە بنکەی فدراسیۆن پێک هێنا.
لەو ڕێورەسمەدا کە حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران و چەندین لایەنی کوردستانی و سوئێدی بانگهێشت کرابوون، چیا عەلیار بە نوێنەرایەتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران بەشدار بوو.
نوێنەری حیزب وێڕای پیرۆزبایی و پشتیوانی ئەو ڕۆژە مەزنە وێڕای چەند وتەیەک بۆ کاناڵەكانى راگەیەندن، هاوکات لەسەر دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بۆ میوانانی سوئێدی و نوێنەری لایەنە سوئێدیەکان دوا.
عەلیار لە قسەکانی بۆ سوئێدیەکان، وێڕای ئاماژە بە گیرانی سیخوڕێکی ئێرانی بە نێوی پەیمان کیا لە دەزگای ئەمنیەتی سوئێد و هەروەها دەستگیر و دادگایی کردنی جينایەتکاری رەژیم حەمید نوری، ڕایگەیاند کە فەرماندە و بەرپرسە هەرە بەرزەکانی ئێران هەڕەشەی کوشتن و لە نێو بردنی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکڕات دەکەن و بە سەدان تیروریان لێکردوین تا ئێستاش.
هاوکات ناوبراو ئەو هەوڵەی دەوڵەت و دەزگای ئەمنیەتی سوئێدی بە ئەرێنی وەسف کرد کە پێشی جاسوسی و تیرؤرەکانی کۆماری ئیسلامی دەگرن لە سوئێد و لەو بارەوە سوپاسی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێرانی پێ ڕاگەیاندن.