پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی دێموکڕات کۆچی دوایی کرد

سەرلەبەیانی رۆژی دوو شەممە ١٩ی ڕەشەمە، حەسەن عەزیزی پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکڕات دوای چل ساڵ پێشمەرگایەتی، بە هۆی نەخۆشی شێرپەنجە لە شاری مالمۆی وڵاتی سوئێد کۆچی دوایی کرد و بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە بنەماڵە و هاورێ و هاوسەنگەرانی کرد.

حەسەن عەزیزی کوڕی عەزیز، لە ساڵی ١٩٦٠ی زایینی (١٣٣٩ی هەتاوی) لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر لە گوندی گێسیانی ناوچەی مەرگەوەڕی ئورمیە لە دایک بووە. بەداخەوە حەسەن لەتەمەنێکی کەمدایە کە باوکی کۆچی دوایی دەکا و سەرپەرەشتی حەسەن و خوشک و براکانی دەکەوێتە سەر شانی دایکی و برا گەورەکەی.

سالی ١٣٥٧ی هەتاوی کاتێک کە شۆڕشی گەلانی ئێران لە دژی دیکتاتۆری ڕێژیمی پەهلەوی و سیستمی پاشایەتی دەست پێدەکا، کاک حەسەنیش وەک لاوێکی تازە پێگەیشتوو پەیوەست بەم ڕاپەڕینە دەبێ و بە سەرکەوتنی شۆڕش و ئاشکرابوونی خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە بەهاری سالی ١٣٥٨ی هەتاوی تێکەڵ بە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەبێ و دەبێ بە پێشمەرگە و چەکی پاراستنی شەڕەف و کەرامەتی گەلی کورد لە شان دەکا. کاک حەسەن لە دەورانی پێشمەرگایەتی‌دا لە زۆر ناوچەی کوردستان‌دا کار و چالاکی هەبووە. بۆ نموونە: لە ناوچەکانی مەرگەوەڕ، تەرگەوەڕ، گەلی بەردەڕەش، گەلی بەراندۆز چای، گەلی قاسملوو، ناوچەی دەشتەبێل، پیرانشار، لاجان و سەردەشت. ماوەیەک وەک پێشمەرگە لە ئۆرگانی بەندیخانەی حیزب لە دۆڵی کونەمێش ئەرکی پێسپێردراوی خۆی بەرێوە دەبات. بەهۆی دڵسوزی و دیسپلین و متمانەپێکراوی‌یەوە ، زۆر ئەرک و بەرپرسیارێتی لە بەشەکانی تەداروکات و گومرکدا پێ دەسپێردرا و کە بەوپەڕی سەرکەوتنەوە بە ئەنجامی دەگەیاند.

کاک حەسەن لە ناو کوردەکانی باشووریشدا کەسایەتییەکی خۆشناو و جێگای ڕیز بوو کە تەنانەت سەرنجی ئەوانیشی بەلای حیزبەکەیدا ڕاکێشابوو.

بە داخەوە کاک حەسەن بەهۆی تێکچوونی باری تەندرووستی‌یەوە دووچاری هێندێک نەخۆشی هاتبوو کە وایکرد بەناچاری لە سالی ١٣٦٨ی هەتاوی بەو لاوەوە بە بێ ویستی خۆی لە بنکە جێگیرەکانی حیزبدا بمێنێتەوە. دواجار لەسەر بڕیاری حیزب و لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٣٧٧ی هەتاوی وەک پێشمەرگەی کەمەندام بەڕێکرا بۆ وڵاتی سوئێد. کاک حەسەن لەو ماوەیە کە لە وڵاتی سوئێد ژیا هەردەم وەک پێشمەرگەیەکی وەفادار لە خزمەتی حیزب و گەلەکەی‌دا بووە و زۆر لێبڕاوانە بەشداری چالاکییە حیزبی و نەتەوەیەکانی کردووە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی کۆچی دوایی کاک حەسەن پرسە و هاوخەمی خۆی بە منداڵەکانی، بنەماڵە و هاوسەنگەرانی لە حیزبی دێموکرات دەگەیەنێ.

رۆحی پاکی کاک حەسەن شاد و رێگای خەباتی پڕ رێبوار بێ.

شێری بکە:

بابەتی دواتر

ژنێکی نیشتیمان‌پەروەر لە شاری شنۆ کۆچی دوایی کرد

3 شه‌م 3 10 , 2020
ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی ڕەشەمە، دایە خاتوون عەزیزی هاوسەری کۆچکردوو حوسێن عەبدیلزادە و دایکی هاوڕێی تێکۆشەر مەولوود عەبدیلزادە، خەڵگی گوندی (نەناس)ی ناوچەی دۆڵ سەر بە شاری شنۆ، لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. دایە خاتوون بێجگە لەوەی بۆخۆی کچی بنەماڵەیەکی نیشتیمان‌پەروەر بوو هاوکات هاوسەر و کوڕەکەشی لەڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکڕاتی […]

نوێترینەکان