كۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران له سوئێد بەبۆنەی 16ـی سەرماوەز، رۆژی كەمئەندامانی حیزب، پەیامێكی بڵاو كردەوە كە ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی:
وێڕای سڵاوێكی شۆڕشگێڕانە!
شۆڕشی كورد لە هەر پارچەیەكی كوردستان سەدان جۆری لە فیداكاری و قارەمانيی رەنگین تۆمار كردووە كە یەكێك لەوانە بەخشینی بەشێكه لە جەستە بە نیشتمان.
ئەوانەی لە پێناو ئازادی و رزگاریی وڵاتدا كەمئەندام دەبن، مانای راستەقینەی شەهیدن، شەهیدانێكی زیندوو كە بەرەنگاری تیری دوژمنی داگیركار بوونەوە و هەر زيندوون و خۆڕاگرتر له هەمیشەن.
لەم رۆژەدا كە یادی ئێوەی خەباتكار و مەزنه، دڵنیاتان دەكەینەوە ئێوە و جەستەی ماندووتان، هێز و گڕی خەباتی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانن.
ئێوەن بەیداخی شۆڕشی بەردەوامى رزگاریخوازی كورد لە رۆژهەڵات و حیزبی خۆشەویستمان! سڵاوێكی پاكی وەك كانیاوی قەندیل، روو سوور وەك شەهیدانی سەنگەرتان و سەربەرز وەك خۆتان ئاراستە دەكەین.
ئێوەن سەرمایەی شۆڕش، ئێوەن نموونەی خۆڕاگری و هەر ئێوەن بەڵگەی شۆڕش، كه ئێمە نامرین و سەردەكەوین.
پیرۆز بێ رۆژتان / سەرتان بەرز وەك چیاكانی كوردستان
كۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران – سوئێد 07-12-2021