شەوی سێشەممە، رێکەوتی (٢٢ی پووشپەڕی ١٣٤٠ی هەتاوی، (١٣/٧/٢٠٢١ی زایینی)، لە لایەن هەرێمی رێکخستنی سکاندیناڤی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، وێبنارێکی تایبەت بە ٣٢هەمین ساڵیادی تێرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، بە بەشداریی بەڕێزان تەیموور مستەفایی، ئەندامی ناوەندی سیاسیی حیزبو کەماڵ مەجیدپوور، کەسایەتیو چالاکی سیاسی، بەڕێوە چوو.
وێبنارەکە بە سروودی نەتەوەیی “ئەی رەقیب”و چەن ساتێک بێدەنگی، بە مەبەستی رێزگرتن لە خەباتو گیانفیدایی شەهیدانی کوردو کوردستان دەستی پێ کرد.
پاشان بەڕێز کاکەبرا ئەلیاسی، جێگری بەرپرسی هەرێمی رێکخستنی ئیسکاندیناڤی، وتەیەکی پێشکەش کرد. بەڕێزیان وێڕای ئاماژەکردن بە شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، وتی: “کۆماری ئیسلامی لەو باوەڕەدا بوو کە بە شەهیدکردنی دوکتور قاسملوو، حیزبی دێموکرات تووشی نسکۆ دەکاتو خەباتی کورد لە کوردستان تووشی ئاشبەتاڵ. بێخەبەر لەوەی کە دوکتور قاسملوو لە تەواوی رێبەری کردنی لە حیزبدا، لە پێگەیاندنو پەروەردەکردنی کادرەکانی رەهبەریی حیزب خافڵ نەبوو و سەدانو بگرە هەزاران رۆڵەی بەئەمەگی پێ گەیاندوون کە دەتوانن رێبەرایەتیی حیزب لە هەر حاڵەتێکدا وەئەستۆ بگرن.”
بەشێکی دیکەی وێبنارەکە تایبەت بوو بە وتەکانی بەڕێز تەیموور مستەفایی، ئەندامی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.
بەڕێز مستەفایی، سەرەتای وتەکانی بە ئاوڕدانەوە لە کەسایەتیی دوکتور قاسملوو دەست پێ کردو وتی: “قسەکردن لەسەر دوکتور قاسملوو هەم ئاسانەو هەم سەختە. ئاسانە بۆ ئەوەی دەزانین دوکتور قاسملوو خاوەنی هەنبانەیەک لە بیروباوەڕی چەسپاوو دێموکراتیکو پێشکەوتووانەو نەتەوەیی کە لە هەر گۆشەیەکەوە لێی بڕوانی، دەتوانی بە سەعاتان قسەی لەسەر بکەی. سەختە لەبەر ئەوەی کە ئەگەر هەر جۆر قسەی لەسەر بکەی، لەوانەیە نەتوانی بەو جۆرەی کە لازمە، حەقی خۆی پێ بدەیو دەتوانم بڵێم دوکتور قاسملوو لە سەرەوەی ئەوەیە.”
لە درێژەدا کاک تەیموور، باسی لە قوناخە جیاجیاکانی ژیانو خەباتی دوکتور قاسملوو کردو ئاماژەی بە دەورو کاریگەریی دوکتور قاسملوو لە حیزبی دێموکراتو لەسەر خەباتی رزگاریخوانەی نەتەوەکەمان کرد. هەروەها ئاماژەی بە هەوڵەکانی دوکتور قاسملوو بۆ جیاکردنەوەی تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات لە حیزبی توودە کرد کە ئاکامێکی دڵخوازی لێ کەوتەوەو بوو بە هۆی سەربەخۆیی سیاسیو تەشکیلاتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان.
مستەفایی، بە ئاوڕدانەوە لە خەباتی بزووتنەوەی کورد لە کوردستانو سەپاندنی شەڕ لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە بەسەر نەتەوەی کورددا، روونی کردەوە کە حیزبی دێموکرات بە هەڵبژاردنی بژاردەی “بەرگری کردن”، بڕیاری دا کە تەسیلمی زوڵمو زۆری حکوومەتی تاران نەبێ. پاش ئەوە بوو کە کۆماری ئیسلامی شەڕێکی نەخوازراوی بەسەر کورددا سەپاند کە بە “شەڕی سێ مانگە” بەناوبانگە. لەو شەڕە سەختو دژوارەدا، کوردو حیزبی دێموکرات توانییان شکست بە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بێنن، تا ئەوەی کە تاران ناچار بوو داوای وتووێژ بکا. بۆ ئەو مەبەستە هەیئەتیان نارد بۆ کوردستان. ئەگەرچی بۆ حیزبی دێموکرات و بۆ دوکتور قاسملووش روون بوو کە ئامانجی هەیئەتەکە فریودانە نەک ئەوەی کە بیانەوێ مەسەلەی کورد چارەسەر بکەن.
بەڕێز مستەفایی، هەروەها تەئکیدی لەسەر ئەوە کردەوە کە خەباتی دوکتور قاسملوو لە کوردستاندا کاریگەریی خۆی هەبووەو خوێندکارانو لاوانی کورد، دوکتور قاسملوو بە سونبولی خۆیان دەزانن، ساڵانە یادی دەکەنەوەو لە شەقامەکاندا درووشمی “قاسملوو قاسملوو رێگات درێژەی هەیە” دەڵێنەوە. لەم بارەوە باسی لەوە کرد کە ئێمە پێویستە بە جێگای ناساندنی کەسایەتییەکانی دیکە وەک سونبول، رێبەرانی نەتەوەکەمانو یەک لەوان دوکتور قاسملوو بکەین بە نموونەو سونبول بۆ خەڵکەکەمانو لەم بارەوە پێویستە هەوڵی زیاتریش بدەین.
لە کۆتایی وتەکانیدا، بەڕێز مستەفایی، بە تەئکیدکردنەوە لەسەر ئەرکی تاکەکانی کورد، وتی: “ئەرکی ئێمە شکاندنی دوژمنە. بۆیە داواتان لێ دەکەم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا قسەی بچووک، گەورە مەکەنەوە. دەبێ یەکگرتوویی بۆ ئێمە گرنگترین مەسەلە بێت. تا ئێستا خاڵی لاوازی ئێمە نایەکگرتووییو دووبەرەکایەتی بووەو دوژمن هەمیشە لەمە ئیستفادەی کردووە. دەبێ ئێمە ئەمە کۆتایی پێ بێنین.” ناوبراو درێژەی بە وتەکانی داو وتی: “من ناڵێم بیروباوەڕی جیاواز نەبێ، لەوانەیە من لەگەڵ رەفیقەکەی خۆشما کە لە تەنیشتمە، لە بڕێ شتا وەکوو یەک نەبین. وەکوو یەک بیرکردنەوە نیشانەی دیکتاتۆریە. بەڵام دەتوانین وەکوو یەکیش بیر نەکەینەوەو لەگەڵ یەکتر قسە بکەینو یەکتر بە قەناعەت بگەیەنین.”
لە بەشێکی دیکەی وێبنارەکەدا، بەڕێز کەماڵ مەجیدپوور وتەکانی خۆی پێشکەش کرد.
بەڕێزیان وتەکانی بە باسکردن لەسەر کەسایەتیی “دوکتور قاسملوو وەک بیرمەندێک” کە بەرهەمهێنەرو داهێنەری فکر بوو، دەست پێ کردو وتی: “هەر بەو پێیەش سەرچاوەی ئیلهام بوو بۆ ئێمەو بۆ لاوانی سنە، بۆکان، مەهاباد، ورمێ، کرماشان کە بیر بکەنەوە، کێن؟ لە کوێڕا هاتوونو دەبێ بەرەو کوێ بچن؟”
بەڕێز مەجیدپوور لە درێژەدا باسی لە تایبەتمەندییەکانی بیرمەندو ئەندیشمەندێک کردو بەرهەمهێنانی “فکر”ی وەک گرنگترین تایبەتمەندیی هەر بیرمەندێک لە قەڵەم دا. بەو واتایە کە کەسێکی بیرمەندو زانا، لاساکەرەوە نیە، بەڵکوو “نەزەرو بۆچوونی خۆی هەیە لەسەر کۆمەڵگایەکی ئینسانی.” لەو بارەوە وتی: “ئەندیشمەندێک، رەخنەگرە. فکری، چەقیو و بەستراو نیە، بە بەردەوامی لە هەوڵی فێربوونو فێرکردن دایە. کەسێک کە ئەندیشمەندە، فکرو بەرنامەکانیشی دەبنە ئیلهامو رێگایەکو چرایەک بۆ بەرەپێشبردنی ئامانجێک لە کۆمەڵگایەکدا.”و باسی لەوە کرد کە ئەم تایبەتمەندییانە لە کەسایەتیی دوکتور قاسملوودا بە روونی دیارن.
مەجیدپوور لە درێژەی باسەکەیدا، بیروباوەڕە مرۆییانەکانی دوکتور قاسملووی وەبیر هێنانەوەو باسی لە گرنگیی هەوڵدانی بەکردەوەی دوکتور قاسملوو کرد لەو پێناوەدا. ناوبراو ئاماژەی بە بیروباوەڕەکانی شەهید دوکتور قاسملوو کرد کە چەندە گرنگیی بە ئازادی، دێموکراسیو پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی دادپەروەر دەدا.
بەڕێز کەماڵ مەجیدپوور لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا وتی: “دوکتور قاسملوو تەنیا رێبەرێکی کوردە کە دەستی دابووە کارێکی سیاسی کە هەر لە منداڵییەوە خەریکی بوو. بەڵام ئەو پێش ئەوەی کە بێ ببێ بە رێبەری سیاسیی جامعەکەی لە [کتێبی] “کوردستانو کورد”دا بۆ ماوەی چوار ساڵ بە دیققەت، خەریکی کێشەی کورد بوو. لەسەر مەسەلەی کورد خەریکی لێکۆڵینەوە بوو کە ئاکامەکەی بوو بە “کوردستانو کورد”. کاتێکیش کە کوردستانو کورد بۆ ئەو لە فکردا، لە ئەندێشەدا بە باشی روون بۆوە، ئەو کاتە [بە کردەوە] دەستی دایە خەباتێکی هەدەفمەندانەو ئاگاهانە.”
هەر لە سەر تایبەتمەندییەکانی دوکتور قاسملوو، بەڕێز مەجیدپوور باسی لەوە کرد کە حیزبی دێموکراتو دوکتور قاسملوو هەرگیز لە ئامرازگەلی نابەجێ بۆ سەرکوتی بۆچوونە جیاوازەکان کەڵکیان وەرنەگرتووە. بە پێچەوانەوە دوکتور قاسملوو پێی وابوو دەبێ تەنانەت لە جیاوازییەکان کەڵکی باش وەربگیردرێو وتی: “بۆیە لە هیچ جێیەکی کوردستان نەماندیتووە کە ئینسانێکی حیزبی دەست بۆ چەک بەرێ بۆ ئەوەی مزگەوتێک خراب بکا، بۆ ئەوەی کە ماڵی موسڵمانێک تێک بدا یا بۆ ئەوەی کە ئەهلی حەقێکی زیندانی بکا. چوونکە ئەوە لە فەرهەنگی مۆدێڕندا تێلۆرانسی تێدا نیە، ئەوە سەرکوتەو حیزبی دێموکراتو دوکتور قاسملوو باوەڕیان بەوە نەبووە کە دەبێ ئینسانەکانو ئیدەکان سەرکوت بکرێن.”
کەماڵ مەجیدپوور لە درێژەی وتەکانیدا، ئاماژەی بە چەندین تایبەتمەندیی دیکەی رێبەری نەمرمان، دوکتور قاسملوو کرد، لەوانە خۆ بە بەرپرس زانین، وەڵامدەر بوون لە بەرانبەر کۆمەڵگا، ئەندامانی حیزبو هێزە سیاسییەکانی دیکەدا. هەروەها ئاماژەی بە لێهاتووییو شارەزایی دوکتور قاسملوو لە پێوەندیگرتن لەگەڵ کەسایەتییە جیهانییەکان کردو باسی لە هەوڵی چالاکانەی ئەو رێبەرە کرد لە ناساندنی مەسەلەی کورد لە ئاستی جیهانیدا.
پاش وتەکانی بەڕێزان تەیموور مستەفاییو کەماڵ مەجیدپوور، بەشداران پرسیارەکانی خۆیان هێنایە گۆڕێو کۆڕگێڕەکان، بە وردی وەڵامی پرسیاری بەشدارانیان دایەوە.