سیمینارێک بۆ ساڵیادی شەهیدانی ٢٢ی پووشپەڕ لە وڵاتی “نۆروێژ” بەڕێوە چوو

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٨ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، لە شاری “سترۆممێن” سیمینارێک بۆ ڕێزگرتن لە یادی شەهیدی ڕێبەر دوکتور “عەبدولڕەحمان قاسملوو” و شەهید “عەبدوڵڵا قادری ئازەر” لەلایەن کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی “نۆروێژ” بەڕێوە چوو.

ئەو سیمینارە بە کۆڕگێڕیی هەر یەک لە “تەیموور مستەفایی” ئەندامی ناوەندی سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و “هیوا ئەحمەدی” ئەندامی حیزب و چالاکی سیاسی   بە بەشداری ئەندامان و لاینگرانی حیزبی دێموکرات بەڕێوە چوو.

سەرەتای بەرنامە بە سروودی نەتەوایەتیی “ئەی ڕەقیب” و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوررد و کوردستان دەستی پێ کرد.

دواتر بەڕێوەبەری بەرنامە “گەلاوێژ مێهفەر ” وێڕای پێشکەشکردنی پارچە شێعرێک بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد.

پاشان لەلایەن “ئیسماعیل عەلیپوور” بەرپرسی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە “نۆروێژ” چەند وتەیەک پێشکەش کرا.

لە بەشێکی دیکەی سیمینارەکەدا لەلایەن “هێدی قادری” سروودی “تۆ نامری” پێشکەش کرا.

دواتر “تەیموور مستەفایی”،لە ڕێگای سکایپەوە باسێکی لەسەر سەربەخۆیی سیاسی و کەسایەتی دوکتور “قاسملوو” پێشکەش بە بەشدارانی سیمینارەکە کرد.

“مستەفایی” لە باسەکەیدا ئاماژەی بە کاریگەری و ڕۆڵی دوکتور “قاسملوو” لەسەر حیزبی دێموکرات و جوڵانەوەی گەلی کورد بە گشتی کرد.

ناوبراو لە درێژەی وتەکانیدا باسی ئەوەشی کرد کە دوکتور “قاسملوو” سەربەخۆیی بۆ حیزب گەڕاندەوە.

هەروەها لەسەر “پێوەندییەکانی دوکتور “قاسملوو” دوا و تێیدا وێڕای ئاماژەدان بە گرینگیی پرسی پێوەندیگرتن لەگەڵ لایەنە جۆراوجۆرەکان ئاوڕی لە بایەخداربوونی ئەم بەشە لەلایەن دوکتور “قاسملوو” دایەوە و وتی: “دوکتور قاسملوو بۆ گەیشتن بە ئامانجە بەرزەکانی، تێگەیشتنی تەواوی سەبارەت بە ئەم خاڵە گرینگەوە هەبوو، بۆیە لەسەر چەند بنەما هەوڵی بۆ پێوەندیگرتنی قووڵ لەگەڵ لایەنەکان و خەڵک و دەسەڵاتەکان دەدا کە بریتین لە: “ستراتێژی، سیاسەت، ئوسوول و پڕەنسیپ، دابەشکردنی ئەرک و هەروەها هەوڵدان بۆ یارگیری”.

ناوبراو لە بەشێک لە قسەکانیدا لەسەر بنەمای “ستراتێژی” ئاماژەی بە کتێبی “کوردستان و کورد”ی دوکتور “قاسملوو” کرد و وتی: “کاک دوکتور لەم کتێبەدا باس لە نەتەوەبوونی کورد و جوغڕافیایەک دەکات کە لەسەری دەژی”.

هەروەها باس لە ئابووریی و مافەکانی ئەم نەتەوە دەکات و لە ئاکامگیری کتێبەکەشدا ئەو ستراتێژییە کە دوکتور “قاسملوو” دایڕشتووە بۆ خەبات دەکەوێتە بەرچاو کە لە ڕاستیدا ستراتێژییەکی نەتەوەییە؛ واتە هەوڵدانی کاک دوکتور لەپێناوی نەتەوەدایە.

“تەیموور مستەفایی” لە کۆتایی بابەتەکەیدا باسی لە دۆستەکانی دوکتور “قاسملوو” کرد کە کاریگەرییان هەبووە لەسەر دۆخی گشتی کورد و بەتایبەتی کورد لە کوردستانی باشوور کە ئەمەش ئاکامی پێوەندییە دروست و بنەمادارەکانی دوکتور “قاسملوو” بوو.

 دوابەدوای ئەوە، پەخشانێک لەلایەن “دەریا بابیل” خوێندرایەوه و سرودێکیش لەژێر ناوی “شەهید” لەلایەن “هێدی قادری” پێشکەش کرا .

دواتر هۆنراوەیەک کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە نێڕدرابوو کە لەلایەن بەڕێوەبەری بەرنامەکە “گەلاوێژ مێهفەر” خوێندرایەوە .

هەروەها مەقامێک لەلایەن “قادر ئەلیاسی” پێشکەش کرا .

لە بڕگەیەکی دیکەدا، نوسەرو چالاکی سیاسی و ئەندامی حیزب “هیوا ئەحمەدی” لە وڵاتی “نۆروێژ” باسێکی لەسەر کەسایەتیی شەهیدی ڕێبەر دوکتور “عەبدولڕەحمان قاسملوو” پێشکەش کرد و لە درێژەی باسەکەیدا، لە شرۆڤەی  تێز و تێئۆرییەکانی دوکتور “قاسملوو” لەسەر بنەمای فەلسەفەی “دیالکتیک، پراگماتیزم و ڕێئالیزم” دوا.

هەروەها سەبارەت بە پێناسەی ڕێبەری کاریزماتیک بەپێی بۆچوونەکانی “ماکس وێبێر” کە داهێنەری ئەو چەمکە بووە زۆر بە جوانی باسی لەسەر کرد.

“هیوا ئەحمەدی” بۆ شیکردنەوە و ڕەتکردنەوەی سیستمی هەڵبژاردن وەک تاکە چەمکی دێمۆکراسی، بەڵام فۆرمالیته لە نیزامی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا کە هەڵبژاردن خۆی دێموکراسییە، ناوبراو وتی: “بەڵام لەنێو ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هەڵبژاردن تەنیا بۆ مەرامی ئەو ڕێژیمە و دەست و پێوەندی و بەرپرسەکانی مەسۆگەر دەبێت و سندووقی دەنگدانی خەڵک تەنیا بۆ کەسانێک یەکلایی دەکرێتەوە کە شورای نیگابان و ڕێبەری داسەپاوی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران گڵۆپی سەوزیان بۆ داگیرساندبن و بە تەواوەتی ملکەچی ویست و داخوازییەکانی بەرپرسانی بن.

تەنیا ئەو کەسانە دەتوانن لە مەجلیسی شورای ئیسلامی و ئۆرگانەکانی تر کار بکەن کە لە هێڵ و ڕێرەوەی ڕێبەری ئەو ڕێژیمە لا نەدەن .

“ئەحمەدی” سەبارەت بەوەیکه بۆ ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، وڵاتی “ئوتریشـ”ـی بۆ جینایەتی ٢٢ی پووشپەڕی هەڵبژارد، تیشکی خستە سەر ئەوەیکە ئەو ڕێژیمی باش لەسەر بارودۆخی ئابوریی داتەپیو و خاوی سیستمی دادی وڵاتی “ئۆتریش” و هەروەها بەڵگەی چەکفرۆشتنی ئەو وڵاتە بە ئێران و عێراق لە سەردەمی شەڕی نێوانیان  ئاگادار بوو.

هەروەها سەردانی بەرپرسانی وڵاتی “ئۆتریش” بەتایبەت سەرکۆماری ئەو وڵاتە بۆ “تاران” و بەڵێنیی بوژاندنەوەی ئابووریی و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوانیان، هەمووی ئەوانە فاکتەرێک بوون کە لەو وڵاتە جینایەتی ٢٢ی پووشپەڕ لەلایەن ڕێژیمەوە ئەنجام بدرێت و دوای تێرۆرکردنی ڕێبەری مەزن دوکتور “قاسملوو” و شەهید “عەبدوڵڵا قادری ئازەر”، تێرۆریستان بە ئیسکۆرتەوە لەلایەن وڵاتی “ئۆتریش” بەڕێکرانەوە بۆ “ئێران” و سیستمی داد و حکوومەتی “ئۆتریش” چاوپۆشیان لەو جینایەتە کرد تا بەرژەوندییەکانی خۆیایان پارێزراو بن.

شێری بکە:

بابەتی دواتر

خۆپیشاندانێک بەبۆنەی ساڵوەگەڕی شەهیدانی "ڤییەن" لە بریتانیا بەڕێوە چوو

5 شه‌م 7 14 , 2022
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی پووشپەڕ ٣٣هەمین ساڵوەگەڕی شەهیدانی تیرۆری “ڤییەن”، لە وڵاتی “بریتانیا” خۆپیشاندانێک بۆ ڕێزگرتن لە یادی ئەو شەهیدانە لەبەر دەرگای باڵوێزخانەکانی ڕژیم ئیسلامیی ئیران و ئۆتریش بەڕێوە چوو. سەرەتای خۆپێشاندانەکە بە سروودی نەتەوەیی “ئەی ڕەقیب” و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد. پاشان پەیامی […]

نوێترینەکان