بەڕێوەچوونی سێمیناریک لە سەر شۆڕشی ژینا لە فینلاند

ڕۆژی پێنج‌شەممە ۲۴/۱۱/۲۰۲۲ی زایینی، سێمینارێک لە ژێر ناوی “راپەڕینی ئێران بە چ هۆیەک” لە لایەن سۆسیال دێموکراتەکانی شاری تورکوو له فینلاند بەڕێوە چوو.

سێمینارەکە بە بەشداریی ژمارەیەک لە فینلاندیان و کوردانی دانیشتووی تورکوو بەڕێوە چوو و له لایه‌ن میکا ماسکۆلا (Mikka Maaskola) سەرۆکی سۆسیال دێموکراتەکانی هەرێمی تورکوو کرایەوە.

ناوبراو بەم بۆنەوە په‌یامێکی کورتی پێشکەش کردو لەسەر کوشتنی “#ژینا_ئەمینی لە لایەن دەوڵەتی ئێرانەوە قسەی کردو لە سەر ڕاپەڕینی نەتەوەکانی ئێران بۆ بەشداران دوا.

پاشان جەلال فاتمی، جێگری پێوەندییە ناونەتەوەییەکانی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە فینلاند، وتارێکی پێشکەش کرد. فاتمی، وێڕای ئاماژە بە شۆڕشی #ژینا، کورتەباسێکی لە سەر ویست و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان و خەباتی نەتەوەیی کورد لە پێناو دێموکراسی و دیاریکردنی مافی دیاریکردنی چارەنووس لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێموکرات و فیدڕاڵدا پێشکەش کرد.

لە بەشێکی دیکەی سمینارەکەدا وتارێکی زانستی لە مەڕ “هۆیەکانی سەرھەڵدانی شۆڕشی ژینا” کە لە لایەن دکتۆر مەجید حەقی‌یەوە پێشکەش کرا. ناوبراو سەرەتا ڕۆژمێری سەرەتاکانی سەرهەڵدانی ژینای هێنایە بەرباس و دوایە لە سەر ئاپارتایدی ڕێژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دژی نەتەوەکانی ئێران و ژنانی هێنایە بەرباس و بە روونکردنەوەی ماددەکانی یاسای بنەڕەتیی ئێران و فەتواکانی خومەینی و خامنەیی، هۆکارە مێژوویی، سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و ناونەتەوەییەکانی شۆڕشی #ژنژیانئازادی شی کردەوە.

ناوبراو ھەروەھا باسی لەوە کرد کە، “ڕووخانی کۆماری ئیسلامی دەبێتە هۆی گەڕاندنەوەی ئاشتی و سەقامگیری لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەبێتە کۆتایی تیرۆریزم و ئیسلامی سیاسی لە چەشنی ڕژێمی ئێران.” وتی: “شۆرشی ژن ژیان ئازادی، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕست و لەوانەیە لە جیهانیشدا یەکەم شۆڕشی فێمینیستی و ژنانەیە کە ئامانجەکەی وەدیهێنانی یەکسانی، ژیانێکی شکۆمەندانەو ئازادی و رێزگرتن لە شکۆی مرۆڤەو کۆماری ئیسلامی نە تەنیا مەترسییە لە سەر ئاسایش و ژیانی نەتەوەکانی ئێران، بەڵکوو بە هۆی پشتیوانیی چالاکانەی ئەو ڕێژێمە لە شەڕی ڕووسیا دژی ئوکراین و فرۆشتنی درۆنە بێ فڕۆکەوانەکان هەڕەشەیەکی جیددییە دژی یەکیەتی ئورووپاش”.

لە بەشی کۆتاییدا، بەشداران، بە پرسیارو پێشنیارەکانیان، سێمینارەکەیان دەوڵەمەندتر کرد.

شێری بکە:

Pdkimedia Komitekan

بابەتی دواتر

ئێرانییەکان پیویستیان بە پشتگیری هەیە بۆ: "ژن، ژیان، ئازادی"

2 شه‌م 12 5 , 2022
هەڵوێستی نوێنەرانی سۆسیال دێموکراتەکانی فینلاند – بازنەی تورکوو ئێرانییەکان پیویستیان بە پشتگیری هەیە بۆ: “ژن، ژیان، ئازادی” لە ئێران دەوڵەتی دەسەڵاتدار بە شێوەیەکی سیستماتیک مافی مرۆڤ پێشێل دەکا. کوژرانی ستەمکارانەی ژینا ئەمینی کچە 22 ساڵەی ئێرانی بوو بە هۆی دەسپێکی ڕاپەرینێک کە دروشمێکی سەرنج ڕاکێشی بەرز کردۆتەوە: ژن، ژیان، ئازادی. […]

نوێترینەکان