کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی دانمارک بە مەبەستی پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان وێبینارێکی تایبەتی بە بەشداریی بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی حیزبی دێموکرات بەڕێوە برد.
کاتژمێر ٨ی ئێوارەی ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، وێبینارێکی تایبەت بە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، بە بەشداریی ”سەلیم زەنجیری” بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی دانمارک بەڕێوە چوو.
وێبینارکە بە سروودی نیشتمانیی “ئەی ڕەقیب” و ڕاگەیاندنی خوڵەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی پێشەوای نەمر و هاوڕێیان و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان لەلایەن ”سەربەست ئورمیە” دەستی پێکرد.
دواتر لەلایەن ”جەمشید خوسرەوی” بەرپرسی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی دانمارک بە خێرهاتنی ”سەلیم زەنجیری” و بەشداربووانی وێبینار کرا.
لە درێژەی کاری وێبیناردا ”سەلیم زەنجیری” بە وردی باسی کەسایەتیی پێشەوای مەزنی کورد کرد کە لە ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٢٦ی هەتاویدا، لەلایەن ڕێژیمی داگیرکەری پەهلەوییەوە لە سێدارە درا.
زەنجیری، بە ئاوڕدانەوە بە فاکتەرگەلێکی بەهێز لە ژیان و خەباتی پێشەوا قازی محەممەد، ڕۆڵی پێشەوای کورد وەکوو کەسایەتییەکی کاریزما لە هەوڵدان بۆ پێشوەچوونی کۆمەڵگای کوردستان بەرز نرخاند و هێنایە بەر باس کە هەر ئەم فاکتەرە بەهێزانە لە کەسایەتیی پێشەوادا بوون کە بوونە هۆکار کە ڕۆژی لە سێدارەدانی، وەکوو ڕۆژی شەهیدانی کوردستان بناسرێت بۆ ڕێزگرتن لە خەبات و تێکۆشانی هەموو شەهیدان.
لە درێژەی باسەکەی دا، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی حیزبی دێموکرات ئاماژەی بە ڕۆڵی ڕێبەریی لە یەکخستن، سەرکەوتن، خەبات و خۆڕاگریی کومەڵگا لە هەمبەر داگیرکەراندا دا و پێشەوا قازی محەممەدی وەکوو ئاوێنەی باڵانوێنی ڕێبەرایەتی نرخاند کە بە زانیاری و ناسینێکی هەمەلایەنە و دەروونناسانەی کۆمەڵگای ئەوکاتی کوردستان، دەستی کرد بە خەبات و تێکۆشان و بە ڕێکخستنی هێزی توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و هێنانیان بۆ مەیدانی خەبات وەکوو هێزی داینامووی پێشوەچوون، هەوڵیدا کە کۆماری کوردستان بگەیەنێتە ئاستی کۆمارێکی سەردەمیانە و پێشکەوتوو.
لەنێو ئاخنی وێبینارەکەدا چەند پارچە شێعر لەلایەن بەڕێوەبەری وێبینارەوە و سروودی “ئەی شەهیدان” بە دەنگی هونەرمەندی ناوداری کورد ”ناسر ڕەزازی” پێشکەش بە بەشداربووان کرا.
وێبینارکە دوای سەرنج و تێبینیی بەشداربووان بە پەیمان نوێکردنەوە و بەڵێنیدان بە بەردەوامبوون لە ڕێبازی شەهیدان کوتایی پێهات.